كورد لە نێوان ململانێ مەزهەبیەكانی سعودیە و ئێراندا…

كورد لە نێوان ململانێ مەزهەبیەكانی سعودیە و ئێراندا…

=======================

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• ئاشكرایە ململانێكانی نێوان شانشینی سعودیە و كۆماری ئیسلامی ئێران هێندەی ململانێیەكی مەزهەبیە نیوهێندە ململانێیەكی سیاسی و ئابوری و سەربازی نیە، بەڵام دووریش نیە لەهەموو ئەو ململانێیانەی تر و هەریەكەیان گەرەكێتی كە هەژموون و دەسەڵات و نفوزی خۆی لەناوچەكەدا فراوان بكات و بسەپێنێت.
ئاشكرایە ئەم ململانێ مەزهەبیە ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژووی دێرینی هەیە و بۆ زیاتر لە 1000 ساڵ دەگەڕێتەوە ، لە زۆرێك لە قۆناغەكاندا توندوتیژی و خوێناوی بوە و لە ئێستاشدا پەردەیەكی ئەو شانۆگەریە خوێناویە دووبارە دەبێتەوە،ئەوەتا ئێران پشتیوانی لە شیعەی دەسەڵاتداری عێراق و دەسەڵاتی عەلەوی ئەسەد لە سوریا و حیزبوڵای لوبنان و حوسیەكانی یەمەن و كەمینە شیعەكانی بەحرەین و كوێت و داگیركردنی 3 دورگەی ئیمارات لە ساڵی 1971وەو …هتد دەكات.سعودیەش ئەم كار و هەنگاوانەی ئێران بە گەمارۆی بۆ سەر خۆی دادەنێت و لەبەرامبەریشدا سعودیە هەڵپەی پێكەوەنانی هاوپەیمانیە لەگەڵ زۆرترین وڵاتە ئیسلامیەكان و بەتایبەتیش توركیاو وڵاتانی كەنداو و …هتد. و گەرەكیشێتی كوردیش بەناوی سونە مەزهەبەوە تێكەڵ بەم گەمە قێزەونە بكات وسعودیەش بە لە سێدارەدانی 47 كەسی شیعە و لەناویشیاندا ئایەتوڵا (( نەمر باقر ئەلنەمر)) هێندەی تر ململانێكانی گەیاندە ئاستی تەقینەوە و پچڕاندنی پەیوەندیە دیپلۆماسیەكان و سووتاندنی بارەگای سەفارەت و ناڕەزایی دەربڕین لەلایەن ئێران و شیعەكانەوە و بەمەش دەسەڵاتدارانی هەردوولا ناوچەكەیان ڕووبەڕووی ململانێیەكی خوێناوی و توندتیژتر كردەوە.
سعودیە و ئێران لە ئێستادا هەریەكەیان بەو پێیەی كە لە ڕووی پانتایی زەوی و زۆری ژمارەی دانیشتوان و دەوڵەمەندیان بەهەردوو سەرچاوەی وزە لە نەوت و غازی سروشتی كە مایەی سەرجەم ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانن و بونەتە هۆی چاوتێبڕینی زلهێزەكان بۆ ئەم ناوچەیە و هەریەكەشیان خۆیان بە دەم ڕاست و ڕابەری مەزهەبی سون و شیعە دەزانن لە دونیای ئیسلامدا،هەریەكەشیان سەر بە بلۆكێكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتن و گەرەكیانە بە زەبری هێز و توانای سەربازی ململانێكەیان یەكلا بكەنەوە.
• سعودیە كە بەدرێژایی مێژوو وەك سەرچاوەی ئیسلام سەیركراوە بەهۆی سەرهەڵدانی ئیسلام تیایدا و بونی جێگە پیرۆزەكان لەناویدا و دواتریش بەهۆی سەپاندنی ڕێبازی وەهابیەتی سەلەفی لەو وڵاتەدا لەلایەن بنەماڵەی ئال سعودەوە، سعودیە بۆتە پاڵپشت و هاوكاری سەرجەم بزوتنەوە توندڕەوە ئیسلامیە سەلەفیەكان لە دونیادا و هەر لەسەر دەستی سعودیەدا ڕێكخراوی موجاهیدە ئەفغانیەكان و قاعیدەی ئوسامە بن لادن و جوندلئیسلام و ئەنسارولئیسلام و تازەترینیشان داعش لەسەردەستی سعودیە و قەتەر و ئیمارات و توركیای سونە مەزهەبدا دروستكراون. و كوردیش یەكێكە لەو گەلانەی كە بەبەڵای ئەم توندەڕەوە سونە مەزهەبانەوە سووتاوە و خاك و گەلەكەی زیانی گەورەیان پێگەیشتوە هەرچەندە كە خۆشی سونە مەزهەبە.
• هەرچی ئێرانی شیعە مەزهەبیشە ، بەهەمان شێوە لەسەرەتای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەساڵی 1979وە سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕشی پیادە كردوە بۆ دەرەوەی ئێران و لەماوەی 25 ساڵی ڕابووردوودا توانیویەتی تاڕادەیەكی باش نفوزو هەژمونی خۆی بسەپێنێتە سەر گەلێك لە وڵاتان و دەسەڵاتدارانی عەرەبی لە عێراق و سوریا و لوبنان و سەڵتەنەتی عومان و یەمەن و …. هتد. كە سعودیە ئەم هەوڵانەی ئێران ڕاستەوخۆ بەهەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی خۆی دادەنێت و كەوتۆتە بەرگریكاری و هێرش و پەلاماردانی ئێران و هاوپەیمانەكانی.و هەر ئەم ململانێ‌ مەزهەبیە بۆتە هۆی ئەوەی كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ببێتە چەقی ململانێكان و گۆڕەپانی سەرەكی جەنگەكان و هاتنە ناوەوەی زلهێزەكان و تێكدانی ئاسایش و ئارامی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی ناوچەكە و ئەم ناوچەیە هەمیشە بۆتە كوانوی ململانێكان و گەشانەوەی پشكۆی ململانێ‌ مەزهەبی و ئاینیەكانو كۆمەڵگا و خاكی وڵاتەكانیش بونەتە سووتەمەنیەكەی.
• لێرەدا پرسیار ئەوەیە ، كە كورد چ ڕۆڵ و كاریگەری و پێگەیەكی هەیە لە نێوەندی ئەو ململانێیانەدا؟ ئایا كورد دەتوانێت بێلایەن و گۆشەگیری هەڵبژێرێت؟ ئایا كورد چی دەستدەكەوێت لەلایەنگیری لایەكدا و كامیشیان هەڵببژێرێت ؟ ئایا كورد چ هەڵبژاردەیەكی بە قازانجی خۆی لەبەردەمدایە؟
كوردی باشوور((هەرێم)) لەبەرئەوەی تا ئێستا خاوەنی دەوڵەت و سەروەری و سنوری نێودەوڵەتی خۆی نیە، و دانپیادانراو نیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا و هێشتاكە هەرێمێكە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا، هیچ كات پێگە و قورساییەكی ئەوتۆی نیە لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەو ململانێیانەدا ،چونكە لەڕووی پانتایی جوگرافی و ژمارەی دانیشتوانەوە هێزێكی سەربازی بچوك و لاوازە و تەنها لەڕووی ئابوریەوە گرنگیەكی گەر هەبێت دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت ، بەڵام بەداخەوە تائێستاش ئەو سوودەی وەرنەگرتوە لەبەر سیاسەتی هەڵە و ناشەفافیەت لەكەرتی نەوت و غازی سروشتیدا،بەداخەوە هێندەی كوردستان وەك هەرێم زیانی پێگەیشتوە لەم ململانێیەدا هیچ كام لە سعودیە و قەتەر و توركیا بەناو دۆست و هاوپەیمانی سونە مەزهەبیەوە پێیان نەگەیشتوە چونكە كوردستان بۆتە گۆڕەپانی سەرەكی ئەم جەنگە لە ڕۆژئاواو باشوور و شەڕی داعش تەنها بەكورد جێبەجێدەكەنو لەگەڵ ئەوەشدا سعودیە و توركیا و هاوپەیمانەكانی هێندەی دۆستی داعشن هیچ كات دۆستی كورد و مەسەلەكەی نەبوون نە لەڕابووردوو نەلە ئێستاشدا، بەدرێژایی دەسەڵاتی سعودیەكان و ئەتاتوركەكان هیچكات پشتگیری ئیسلامی و مرۆڤایەتی مەسەلەی كوردیان نەكردوە نەلەسەر ئاستی دەسەڵات و دەوڵەت و نەلەسەر ئاستی پیاوانی ئاینی ، ئەوەتا لەسەردەمی كیمیایباران وئەنفال و جینۆسایدی كورددا بچوكترین هەڵوێستیان نەبوە و تەنانەت لە تازەترین كارەساتدا كە بەسەر شەنگالیەكاندا هات پیاوانی ئاینی سعودیە فتوای حەڵاڵكردنی كڕین و فررشتن و بە سەبایاكردنی ژنانی ئێدزیان دەركرد و دەستخۆشی و پیرۆزباییان لە داعش دەكرد.
بەم شێوەیە پێگەی جێوسیاسی كوردستان واهەڵكەوتوە كە ناتوانێت بێلایەنی بپارێزێت و خۆی لە ئاگری ئەم ململانێ ناڕەوایانە بەدووربگرێت چونكە كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ نیە و لە ئەوروپاشدا هەڵنەكەوتوە كە بتوانێت وەك سویسرا بێلایەنی هەڵببژێرێت و دەرودراوسێكانیشی ڕێز لەو بێلایەنیەی بگرن، دوژمنان و داگیركارانی كوردستان لە توركیا و ئێران و هاوپەیمانە سونە و شیعە مەزهەبەكانیشیان هیچ كات نیەتێكی ڕاستگۆیانەیان نەبوە و نیشە بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی كورد و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، بەڵكو تەنها كورد و مەسەلەكەیان وەك كارتی فشار و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و كات كوشتن بەكارهێناوە و بەداخیشەوە كورد و سەركردەكانیشی بە بەڵێنە شیرین و هەنگوینیەكانی ئەوان هەڵخەڵەتاونو قۆناغ و هەڵكەوتە سیاسیەكانیان لەدەستداوە.
هەربۆیە كورد ناتوانێت بێلایەن بێت و لایەنگیری تەواویش بێت، چونكە كورد و مەسەلەكەی دابەشبۆتە سەر 4 وڵاتی عەرەبی و ئێران و توركیا و بەوپێیەش دەبێت هەم پەیوەندی دۆستانە و هەمیش دژایەتی هەموانیان بكات، پێویستە كورد و سەركردایەتیەكەی بەدوای بەرژەوەندیەكانی نەتەوە و نیشتیمانی خۆیەوە بێت و بتوانێت توانا و نفوز و هێزی سیاسی و ئابوری خۆی وەك كارتێكی فشار و بەلێزانانە لەناو گەمە سیاسی و ئابوریە ئاڵۆزەكانی ناوچەكەدا بەكاربهێنێتو بەهیچ شێوەیەكیش خۆی ساغ نەكاتەوە لەسەر هیچ لایەكیان، چونكە هەردوولایان بۆ كورد وەكو یەك وان، بەڵام نابێت هەندێ‌ چاكە و ڕاستی مێژوویمان لە بیر بچێت لەهەندێ‌ قۆناغی خەباتی كوردایەتیدا كە ئێران هەرچەندە وڵاتێكی داگیركاری بەشێكی كوردستانە(( ڕۆژهەڵات)) بەڵام بەدرێژایی شۆڕشەكانی كورد لە ئەیلول و شۆڕشی نوێ‌ و بە ئێستاشەوە هەمیشە هاوهەڵوێست و پشتیوانی مادی و مەعنەوی كورد بوە و لەكارەسات و ناوخۆشیەكاندا هاوكارمان بوە بە پێچەوانەی تورك و عەرەبی سونە مەزهەبەكانەوە.
بۆیە كورد لەم سەردەمی جەنگی جیهانی چوارهەمەدا(( جەنگ دژی تیرۆر)) دەبێت هەمیشە لە بەرەی دژە تیرۆردا بێت و بەرگری لە بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتیەكان بكاتەوە و هەربەمەش دەتوانێت پشتیوانیەكی نێودەوڵەتی فراوانتر بۆ كورد و مەسەلەكەی بەدەستبهێنێت، نەك خۆی بكاتە هاوپەیمانی لایەنێك دژی لایەنێكی تری ناوچەكە كە بەداخەوە هەموانیان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ شەریكە كاری تیرۆر و تیرۆریستانن بە ئاشكرا و بەنهێنی، بۆیە لایەنگیری كورد بۆ هەرلایەكیان وەكو ئەوە وایە لایەنگری تیرۆر وتیرۆریستان بێت كە لە ئێستادا ڕای گشتی شەقامی ناوچەكە و دونیاش و لەسەر ئاستی ڕەسمی دەسەڵات و حكومەتەكانیش بەپێچەوانەی تیرۆر وتیرۆیستانەوەیە ،هەربۆیە كورد ئەوەندەی قازانجیكردوە لەجەنگی دژ بە تیرۆریستاندا هیچ كات هێندەی ئەم قۆناغە دەسكەوت و قازانجی وەرنەگرتوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.و هیچ كاتیش بەهێندەی ئێستا قازانجی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی وڵاتان و دەسەڵاتدارانی ناوچەكە بە سونە و شیعەیانەوە نەكردوە.

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە