حەشدی شەعبی: ئێمە ئاڵای کوردستانمان دانەگرتوە

حەشدی شەعبی: ئێمە ئاڵای کوردستانمان دانەگرتوە

سەركردەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناحیەی مەندەلی، ڕونكردنەوە لەسەر ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی ناحیەی مەندەلی دەدات و داگرتنی ئاڵای كوردستانیش دەخاتە ئەستۆی چەند هاوڵاتییەك.

ئەمڕۆ 10ی ئەیلولی 2017، ژمارەیەك كەس لە ناحیەی مەندەلی، كە بەوتەی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 8ی خانەقین، بە نزیكەی 200 كەس مەزەندە گدەكران، لەدژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شارۆچكەكەیان، بەخۆپیشاندان چوونەسەر بەڕێوەبەرایەتی ناحیەو ئەنجومەنی شارەوانی و ئاڵای كوردستانیشیان لەو ناحیەیە داگرت.

سەید مەجید مەندەلاوی، فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناحیەی مەندەلی، لەلێدوانێكدا بۆ SNN، رەتیكردۆتەوە  ئەوان لەپشت داگرتنی ئاڵای كوردستانەوە بووبن و ڕاگەیاند:” ئێمە لەگەڵ ئەوەین خەڵك خۆی بڕیار بدات كە بەشداری ڕیفراندۆم دەكەن یان نا، هەربۆیە ئێمە بەهەمو شێوەیەك ڕەتی دەكەینەوە كە ئەو خەڵكەی ئەمڕۆ خۆپیشاندانیان كرد، ئەندامی حەشدی شەعبی بن.

وتیشی: بەپێچەوانەوە هێزەكانمان ڕۆڵی ناوبژیوان و ئەركی پاراستنی بارەگا حكومی و حزبیەكانیان گرتەئەستۆو لەئێستاشدا لەگەڵ هۆزەكانی ناحیەكە لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی بارودۆخەكە هێوربكرێتەوە.

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی ئاماژەشی بەوەدا,ئەوانەی خۆپیشاندانیان كردبو كە پێكهاتون لەژمارەیەك هۆزی عەرەبی ناحیەكە، دەڵێن كورد لەپشتەوە چەقۆیان لێداوین و بێ پرسی ئێمە دەیانەوێ‌ ڕیفراندۆم لەناحیەی مەندەلی بكرێت.

 

پـــەیـــوەنــدیــدار