یاسای سه‌رۆكایه‌تیی بۆتە هۆی ڕێکنەکەوتنی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە خولی یەکەم

یاسای سه‌رۆكایه‌تیی بۆتە هۆی ڕێکنەکەوتنی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە خولی یەکەم

كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی و دووقۆڵیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم لێكنزیكبوونه‌وه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و حه‌وت خاڵه‌ی پێشتر ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی خستبوویه‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پرسی ڕیفراندۆم و تێیدا پارتی داوای كردووه‌ پرسی یاسایی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بدرێته‌ ده‌ست لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستوور.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 12-9-2017  كۆبوونه‌وه‌ی ماراسۆنی له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمدا له‌ هه‌ولێری پایته‌خت و له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی ئه‌نجام درا، كه‌ دیارترینیان كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵیی نێوان گۆڕان و یه‌كێتیی و كۆمه‌ڵ بوو.

كۆبوونه‌وه‌كان به‌ ئاڕاسته‌ی تاووتوێی ئه‌و حه‌وت خاڵه‌ بوو، كه‌ پێشتر ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی پێشنیاری كردبوو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كان، كه‌ دیارترین خاڵه‌كانی باشكردنی بژێویی خه‌ڵك و هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بوو.

گۆڕان و یه‌كێتیی و پارتی میكانیزمیان ماوه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵیی نێوان یه‌كێتیی و پارتی و گۆڕاندا، كه‌ چه‌ند سه‌عاتێكی خایاند، ته‌نیا له‌سه‌ر میكانیزمی جێبه‌جێكردنی ئه‌و حه‌وت خاڵه‌ ڕێك نه‌كه‌وتن كه‌ پێشتر یه‌كێتیی پێشنیاری كردبوو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كان.

هیمداد هیرانی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ نێوخۆییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت: هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و حه‌وت خاڵه‌ كۆك بووین كه‌ یه‌كێتیی پێشنیاری كرد بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كان و ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێت میكانیزمی جێبه‌جێكردنیه‌تی.

هیمداد هیرانی، كه‌ هاوكات ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم وتی: پارتی داوایان كرد لیژنه‌ی ده‌ستووریی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌كانیان ده‌ست پێ بكه‌ن، ئه‌و لیژنه‌یه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر یاساكه‌ بكات ‌و بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن‌ و بخرێته‌ ده‌ستووره‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بووین، وتمان ناكرێت یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم هه‌موار نه‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌رچیی یاسایه‌ك كه‌ ده‌رده‌چێت ده‌چێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم.

به‌ پێی ئه‌و زانیارییه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گۆڕان به‌شێوه‌ی مه‌بده‌ئی له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتییدا له‌سه‌ر سه‌رجه‌م خاڵه‌كان ڕێك كه‌وتوون و نوێنه‌رانی گۆڕان به‌ شاندی پارتی و یه‌كێتییان وتووه‌ ئێوه‌ تاكلایه‌نه‌ بڕیارتان داوه‌ 14ی ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌ و به‌و پێیه‌ش ئه‌و دوو لایه‌نه‌ كاتی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان دوا خستووه‌ بۆ 16ی مانگ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ 14ی مانگدا ته‌نیا كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ڕابگه‌یه‌نرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تر ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده‌ گۆڕان داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان كردووه‌ له‌ 25ی مانگه‌وه‌ بۆ كاتێكی تر، به‌ڵام یه‌كێتیی و پارتی ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه‌، دواتر گۆڕان ڕازی بووه‌ به‌ كاتی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمه‌كه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار دراوه‌ ئه‌و پرسه‌ بدرێته‌ ده‌ست په‌رله‌مان و له‌وێوه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك كه‌وتوون په‌رله‌مان له‌ كوێدا په‌كی كه‌وتووه‌ له‌وێوه‌ ده‌ست به‌ كاره‌كانی بكاته‌وه‌ و نوێنه‌رانی گۆڕان داوایان كرد له‌ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌ و براده‌رانی پارتی ده‌ڵێن با له‌ هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن.

عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی كه‌ هاوكات ئه‌ندامی وه‌فدی یه‌كێتیی بوو له‌و كۆبوونه‌وانه‌، ده‌ڵێت: هه‌ر پێنج لایه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر حه‌وت خاڵه‌كه‌ی یه‌كێتیی ڕێك كه‌وتوون، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ میكانیزمی جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵانه‌یه‌، ئومێدێكی زۆر هه‌یه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوودا بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر میكانیزمی جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كان.

كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پیۆیستی به‌ سه‌رۆكه‌كه‌یه‌تی

به‌ پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدانی هه‌ر دانیشتنێكی په‌رله‌مان پیۆیستی به‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌ 48 سه‌عات له‌ واده‌ی دانیشتنه‌كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاگاداری په‌رله‌مانتاران بكرێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ش پڕۆسه‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ ڕێگه‌ی كۆبوونه‌وه‌وه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشتر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ی.

داوای گۆڕینی سكرتێری په‌رله‌مان كراوه‌

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵیی یه‌كێتیی و پارتی و گۆڕاندا پرسی گۆڕینی سكرتێری په‌رله‌مان تاووتوێ كراوه‌ كه‌ ئێستا به‌ ده‌ست فه‌خره‌دین قادره‌وه‌یه‌ له‌ پشكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ڵام ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌.

مه‌ڕوان گه‌ڵاڵی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت:  یه‌كێتیی‌ و پارتی به‌ براده‌رانی گۆڕانیان وتووه‌ ده‌مانه‌وێت پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان له‌ كۆمه‌ڵ وه‌ربگرینه‌وه‌، گۆڕانیش ئه‌و داوایه‌یان ڕه‌فز كردووه‌، به‌وه‌ كه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان واتا ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی ئێستا وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، پاشان پارتی‌ و یه‌كێتیی وتوویانه‌ ڕازین به‌وه‌ی بمێنێته‌وه‌.

PUKmedia هه‌فته‌نامه‌ی ئاژانس

پـــەیـــوەنــدیــدار