د.یوسف گۆران:  دەبێ لە داڕشتنەوەى پڕۆگرامەکانى کشتوکاڵ بایەخى زیاتر بەلایەنى پراکتیکى و ڕاهێنان بدرێ

د.یوسف گۆران:  دەبێ لە داڕشتنەوەى پڕۆگرامەکانى کشتوکاڵ بایەخى زیاتر بەلایەنى پراکتیکى و ڕاهێنان بدرێ

 

بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

 

کوردستان کۆنترین ناوچەى کشتوکاڵیە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کوردستان لە ڕوى مێژویى و کەش و هەواو خاک و ئاو ناوچەیەکى دەوڵەمەندە بۆ کشتوکاڵکردن و بەهێزکردنى ئابورى کوردستان، بۆیە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەمو هەوڵێکى خۆى دەددات بۆ پێشخستنى بوارى کشتوکاڵ لە کوردستان.

وۆرکشۆپى پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ دەستپێکرد

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١٣/٩/٢٠١٧) لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکى لە وۆرکشۆپى پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانى بەشە زانستییەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هات.

لەو وۆرکشۆپەدا، کە بە چاودێرى و ئامادەبونى (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ڕاوێژکارانى وەزارەت و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و، نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو و، ڕاگرى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ و، سەرۆک بەشەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵى زانکۆکانى کوردستان و، مامۆستایانى بە ئەزمونى بەشە زانستیەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ ئامادەیبون بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان چەند وتارێک پێشکەشکرا.

پێداچونەوە بەپرۆگرامەکانى خوێندن بەشێکە لە ستراتیژى وەزارەت

لەو چوارچێوەیەدا و، لە وتارێکیدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەپلان و ستراتیژى وەزارەت کرد و لەو بارەیەوە وتى: خۆشحاڵم ئەمرۆ قسە لەسەر بابەتێکى گرنگ دەکەین، کە ئەوەش بوژانەوەى کشتوکاڵە لە کوردستان، وتیشى پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانى بەشەکانى کشتوکاڵ لە چوارچێوەى ئەو پلانە ستراتیژیەدا دێ، کە لەماوەى دەستبەکاربونماندا دەستمان پێکردوە، تا ئێستاش پرۆگرام و سیستمى خوێندن لە کۆلێژەکانى یاسا و خوێندنى ئیسلامى بەتەواوەتى گۆڕاوە، لەهەمان کاتدا کارەکانى گۆڕین و هەموارکردنى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى (زانستە سیاسیەکان، پزیشکى، ئەندازیارى) هەنگاوى باشیان بڕیوە، ئەوەتا ئەمڕۆش قسە لەسەر پڕۆگرامەکانى کشتوکاڵ دەکەین.

کشتوکاڵکردن پیشەى باوباپیرانمانە

لە بەشیکى دیکەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئێمە تێگەیشتنێکى گشتگیرمان هەیە و دەمانەوی بەشە زانستیەکان لەگەڵ پێداوستیەکانى سەردەم و ستانداردە جیهانیەکاندا بڕوات، بۆیە لە ئەمڕۆدا قسەکردن لەسەر کشتوکاڵ گرنگى تایبەتى هەیە، چونکە کوردستان لانەکەى شارستانى کشتوکاڵ بوە و، کۆنترین شوێنى کشتوکاڵى لە جیهاندا لە کوردستان بوە، وتیشى ئەمرۆ باس لە پیشەیەک دەکەین کە پیشەیى باوباپیرانمان بوە، بۆیە کشتوکاڵ لە ڕوى میژوییەوە بۆ کورد و کوردستان گرنگە.

بەپیلانێکى ڕێکخراو کشتوکاڵى کوردستان لەباربراوە

د.یوسف گۆران هەر لە وتارەکەیدا باسى لەلایەنە جیا و گرنگەکانى کشتوکاڵ کردو وتى: ئەمرۆ کە باس لە کشتوکاڵ دەکەین باس لە ئابورى وڵاتەکەمان دەکەین، چونکە کاتێک شۆرشەکانى گەلەکەمان دەستیانپێکرد، ئابورى کوردستان داتەپیىبوو، چونکە سیاسیەتى ڕژێمەکان بەرامبەر بەکورد لاوازکردنى ئابورى کوردستان بوە، ئەوشیان بەپیلانێکى ڕێکخراو بەرامبەر بەگەلەکەمان جێبەجێ دەکرد بۆ ئەوەى نەتوانین سەربەخۆ بین و پشت بەخۆمان ببەستین، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: بایەخدان کشتوکاڵ جگە لە ئەرکێکى زانستى ئەرکیکى نەتەوەیى و ئابوریشە، بۆیە دەبینین لەسەر ئاستى دنیا زۆربەى وڵاتان هەوڵ دەدەن لە ڕوى ئابورییەوە پیشت بەخۆیان ببەستن و کشتوکاڵیان دەبوژێننەوە، بۆیە ئەگەر ئێمەش توانیمان پشت بەخۆمان ببەستن و بگەینە قۆناخى خودبژێوى و ئاسایشى خۆراکمان دابین کرد، ئەوکات باشتر هەنگاوى زیاتر بۆ پێشکەوتن بنێین و و پشت بەخۆمان ببەستین.

نابێت تەنها پشت بەیەک سەرچاوەى داهات ببەسترێت

هەر لە وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەو کارە دەکەین کە ئابوبى کوردستان دوچارى قەیرانێک بوە، چونکە ئێمەش لە ماوەى حکومڕانیماندا وەک رژێمەکانى پیشتر پشتمان بەتەنها یەک سەرچاوەى داهات بەستبو، کە ئەوەش وزەیە، بۆیە نابێ تەنها پشت بە یەک سەرچاوەى داهات ببەستین، بەتایبەت بۆ ئێمەى خەڵکى کوردستان، کە وڵاتەکەمان بیابان و بێ ئاو نیە، کە نەتوانین پشت بەکشتوکاڵ ببەستین، بۆیە سەربارى لایەنە بەهێزەکان لە کۆمەڵگەو مێژوى ئابورى کوردستان کە پشتمان بەکشتوکاڵ بەستوە، لەهەمان کاتدا بوژانەوەى کەرتى کشتوکاڵ دەبێتە هۆکارى ئەوەى کە هەلى کارى زیاتر بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان بڕخسێنین و، کیشەى ئابورى کوردستان چارەسەر بکەین و، بتوانین ببینە کۆمەلگەیەکى وەبەرهێنى بەهێز.

دەبێ بایەخى زۆر بەلایەنى پراکتیکى ڕاهێنان بدرێ

هەر لە وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران دواى بەرزنرخاندنى کۆمیتەى پێداچونەوە بە بەش و پڕۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى کشتوکاڵ، لەهەمان کاتدا چەند ڕاسپاردە و پیشنیازێکى ئاراستەى ئەندامانى وۆرکشۆەکە کرد و ڕایگەیاند: دەبێ هەوڵ بدەن لە پێداچونەوەکانتاندا هەندێ لایەن لە کۆلێژەکانى کشتوکاڵ بەهێز بکەین، تایبەت بەهیزکردنى لایەنى پراکتیکى لە خوێندنى کشتوکاڵ، وتیشى ڕاستە بەهێزکردنى لایەنى تیوەریش گرنگە، بەڵام باشترە لە دارشتنەوەى پڕۆگرامەکان هەوڵبدەن خوێندکاران زیاتر لەسەر لایەنى پراکتیکى ڕابهێنن، بۆ ئەوەى دواى دەرچون بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و کۆمەڵگەى کوردى بتوانێ سودیان لێ وەربگرێ، وتیشى دەبێ بایەخ بەو لایەن و بەرهەمە کشتوکاڵیانە بدەن کە لە کوردستان هەیە و شێوەى دروستکردن و ئاودێریکردنیان بەهێز و شیاوە، بۆ ئەوەى بتوانین زیاتر ئەو بەروبومانەى کە لە کوردستان هەیە بەرهەمەکانیان زیاتر بکەین، ڕاشیگەیاند: یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانى کشتوکاڵ بریتیە لە وانەى پیشەسازى خۆراکە، چونکە لە کوردستان بەبەردەوامى جوتیارانمان ڕوبەروى ئەو کێشە دەبینەوە کە زۆرجار ناتوانن بەرهەمەکانمان ساخ بکەنەوە، رەنگە ئەوەش پەیوەندى بەسیاسەتى وڵاتانى هەرێم و ناوچەکەوە هەبێ کە نایانەوێ ئابورى کوردستان بەهیز بێ، بۆیە بۆ ساخکردنەوەى ئەو بەرهەمانە دەبێ بایەخ بەخوێندنى پیشەسازى خۆراک بدرێ، تا زیاتر بتوانین بەرهەمەکان ساخ بکەینەوە، لە هەمان کاتدا بتوانین بەرهەمەکانمان هەناردەى دەرەوە بکەین و، لە کۆتایدا بتوانین ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە ڕوبەڕوى جوتیارانمان دەبێتەوە، چونکە پێمان وایە کوردستان بەهۆى کەش و هەواو خاکەکەیەوە دەتوانین بەرهەمى جۆراو جۆر بەرهەم بێنین، ئەوەش نەک تەنها قازانجى بۆ کوردستان دەبێ، بەڵکو بۆ دەرەوەش سودى دەبێ.

وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشنیازەکان دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە

لە کۆتایى وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پشتگیرى و پاڵپشتى تایبەتى ئەو بەشانە دەکەین، بۆیە هەر پێشنیاز و ڕاسپاردەیەک کە ئێوە بیکەن بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتەکانى دیکە و بەتایبەت وەزارەتى کشتوکاڵ و تەنانەت حکومەتیش هەوڵى تەواو دەدەین جێبەجێیان بکەین.

لایەنەکانى دیکەى وۆرکشۆپەکە چى لەخۆگرتوە

لە بەشێکى دیکەى کردنەوەى وۆرکشۆپەکەدا، چەند وتارێک پێشکەشکران، لەوانە وتارى بەخێرهاتن لەلایەن سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەددین و، وتارى د.کەریم ساڵح عەبدول سەرۆکى کۆمیتەى باڵاى پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانى بەشە زانستییەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

وۆرکشۆپەکە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ

دواى کردنەوەى وۆرکشۆپەکە، کارنامەى وۆرکشۆپ دەستیپێکرد،واش بڕیارە لەماوەى دو رۆژى وۆرکشۆپەکەدا، کە لە سێنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەدەچێ، گفتوگۆ لەبارەى کارەکانى کۆمیتەى پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانى بەشە زانستییەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، لە کۆتایشدا چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە گەڵاڵە بکرێ بۆ پێشخستنى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى کشتوکاڵ و، دواى پەسندکردنى لەلایەن ئەنجومەنى وەزارەت سەرجەمیان بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە

پـــەیـــوەنــدیــدار