کەنەدا ، کوردێك بەهۆی لیستی ڕەشی حزبەکان مافی پەنابەرێتی پێنادرێت 

کەنەدا ، کوردێك بەهۆی لیستی ڕەشی حزبەکان مافی پەنابەرێتی پێنادرێت 

عوسمان عەلی ، تورونتۆ

ماوەی ٢٠ ساڵ زیاتر داوای مافی پەنابەرێتی لە حکومەتی کەنەدا دەکات بەڵام بەهۆی ئەوەی لایەنگری حزبێکی کوردییە لە لیستی ڕەشدا ئەو مافە بەم هاوڵاتییە نادرێت .

عەبدوڵا دەلۆیی خەلکی دەوروبەری ناوچەی گەرمییان لە چاوپێکەوتنێكدا بۆ ( پی یوکەی میدیا ) ڕایگەیاند ئەو لە ساڵی ١٩٩٥ هاتۆتە وڵاتی کەنەدا ، پاشان بە پێی بەڵگە و دوکیۆمێنت وەکو هەر پەنابەرێك داوای مافی پەناهەندەیی لەم وڵاتە کردووە ، لە میانەی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دادگای وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی کەنەدا عەبدوڵا خۆی بە لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستان ناساندووە ، لە وەڵامدا دادگا پێیان ڕاگەیاندووە ئەو بەهۆی ئەوەی لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقە و ئەو حزبەش لەم وڵاتە ناوی لە لیستی ڕەشدایە  بۆیە بە پێی یاسا مافی پەنابەرێتی پێ نادرێت بەڵکو وەکو هاوڵاتییەك مافی ژیانی هەیە . دەلۆیی لە درێژەی باسەکەیدا وتیشی دوای ماوەیەك لەڕێگەی پارێزەرەوە دووبارە داواکەم پێشکەشکرد ، بەڵام دوای چەند جارێك لە دانیشتنی دادگا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە هەمان بڕیاری پێشوو داواکەمی ڕەتکردەوە ، دەلۆیی ئاشکراشیکرد بەردەوام لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا لە ڕێگەی پارێزەرەوە زیاتر لە دە جار داوای مافی پەنابەرێتیم کردووە و زیاتر لە پەنجا هەزار دۆلاریشم بۆ ئەرکی پارێزەر خەرج کردووە  بەڵام بەهۆی بوونی پارتی لە لیستی ڕەشدا هەموو هەوڵەکانم بێ سوود بووە . لە کۆتاییدا ئەم هاوڵاتییە بە هەناسەیەکی ساردەوە بێ ئۆمیدی خۆی ئاشکراکرد و وتی ساڵی ڕابردوو لە دوای هێرش و پەلاماری چەکدارانی داعش  بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان هیوایەکم لا دروست بوو کاتێك بینیم وڵاتانی هاوپەیمانان بۆ سەقامگیری ئاسایشی جیهان لە شەڕی تیرۆرستانی داعش پشتگیری میللەتی کورد دەکەن ، جارێکی دیکە داوایەکم بۆ پیاچوونەوە بە کەیسەکەم لە ڕێی پارێزەرەکەمەوە پێشکەش دادگا کرد لە ١٩  / ٨ / ٢٠١٥ و ٢٧ / ٨/٢٠١٥ ئامادەی دانیشتنی دادگا بووم ، ئەم جارەیان بە یاوەری پسپۆڕێکی یاسایی ئەمریکی کە بۆ یەك دانیشتنی دادگا ٣ هەزار دۆلاری لێ وەرگرتم بۆ ماوەیەکی زۆر دانیشتنەکە بەڕێوە چوو ، لە میانەی لێکۆڵینەوەدا بە بەڵگەوە بۆ دادگا سەڵماندم کە من هیچ پەیوەندییەکم بەو حزبەوە نییە کە ئێوە لە لێستی ڕەش داتان ناوە ، هەروەها ئاماژەم بەوەشدا ئەمڕۆ خەلکی کوردستان بە حزبەکانیشەوە بە بەرچاوی هەموو جیهان شەڕی دژە تیرۆر دەکەن ، ئەوەتا سەرۆك وەزیرانی کەنەدا سەردانی کوردستان دەکات و دەست خۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و میللەتی کورد دەکات کە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نێونەتەوەیی  شەڕی تیرۆر دەکەن و قوربانی دەدەن ، بەڵام دادوەر بە وتەکانی من و پارێزەرەکەم قایل نەبوو لە وەڵامدا وتی پەیوەندی سیاسی حکومەتی کەنەدا و هەرێمی کوردستان ئەوە بابەتێکی جیاوازە پەیوەندی بەم کەیسەوە نییە ، تۆ لە کاتی خۆیدا  لە دادگا ڕاتگەیاندووە  سەر بە حزبێکی سیاسی کوردی ئەو حزبەش لە یاسای کەنەدا ناوی لە لیستی ڕەشدایە ، ئەوەش لە ڕووی یاساییەوە جیاوازە لەوەی تۆ باسی دەکەیت ، بۆیە بە هیچ شێوەیەك مافی پەناهەندە بەکەسێك نادرێت کە لایەنگری پارتێك بێت ناوی لە لیستی ڕەشدا بێت ، ئەمە قسەی دادوەر بوو .

لە کۆتاییدا دەلۆیی وتشی ‘ ئیتر ئەم بڕیارەی دادگا بە یەکجاری بێ ئومێدی کردم کە دوای زیاتر لە بیست ساڵ لەم وڵاتە ژیان بەسەر دەبەم و مافی پەنابەرێتیم پێنادرێ بێ ئەوەی هیچ تاوانێشکم هەبێت .

سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی لەم وڵاتە عەبدوڵا دەلۆیی ڕایگەیاند خێزاندارە و کچێکشی هەیە ، ئەوان ڕەگەزنامەی کەنەدییان پێدراوە و هیچ کێشەکیان نییە ، تەنها من کە پاسەپۆرتێکم نییە بتوانم سەردانی کوردستان بکەم یا گەشتی وڵاتێكی دیکە بکەم .  رۆژانە پانزە سەعاتیش کار دەکەم  چونکە بڕیاری دادگا لە زۆر لاوە تەنگی پێ هەڵچنیوم . دوا ئاواتێشم لە داهاتوودا سەرکەوتنی گەلی کورد و وەرگرتنی ڕەگەزنامەی کەنەدی یە . هیوادارین ئاوڕێك لە کەیسی ئەم هاوڵاتییە بدرێت و بە ئاواتی خۆی شاد بێتەوە.

 

 

 

 

پـــەیـــوەنــدیــدار

1 Comment

  1. بەستی

    منیش هەمان کیشەم هەیە بەلام ئەوەی من یەکێتیە نەک پارتی
    هەر بۆ زیاتر زانیارییت هەموو حیزبە کوردیەکان ناویان لە لیستی رەش دا هەیە کە مادەی ٣٤aa، ٣٥b
    کەنەدا والەتەکە زۆر دژی کوردە لە رووی یاساوە، بەجگە لەوەی سەربازی لا سایپرس هەیە لە سالی ١٩٦٠ەوە بۆ سەلامەتی ولاتی تورکیا دژی یۆنان و کورد هەمییشە یارمەتی ئەم ولاتەی داوە

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە