گەشتێك بەرەو گۆڕانكاری سیاسی؛ نوێترین كتێبی سیاسەتمەدارو رۆشنگەر مەلا بەختیار

گەشتێك بەرەو گۆڕانكاری سیاسی؛ نوێترین كتێبی سیاسەتمەدارو رۆشنگەر مەلا بەختیار

 

گەشتێك بەرەو گۆڕانكاری سیاسی، نوێترین كتێبی سیاسەتمەدارو رۆشنگەر (مەلا بەختیار)ە، كە لەدوو توێی (393) لاپەڕەدا، دەقی (10) كۆڕو كۆی ئەو پرسیارو مشتومڕانەی لەخۆ گرتووە، كە لەسەرەنجامی گفتوگۆكانەوە هاتونەتە ئاراو وەڵامیش دراونەتەوە..
مەلا بەختیار، لەم كۆڕانەدا، بەخوێندنەوەی هەلومەرجی بابەتی‌و لەگەڵیشیدا، تێگەیشتن لەسیستەمی نوێی جیهان، بۆ دەسەڵاتدارێتی، هێڵ بەژێر “هەڵەكانی حكومەت”دا دەهێنێت‌و دەیانخوێنێتەوە…
بۆ وەرگۆڕانیش لەژیانی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی‌و دیموكراسی، كە بەگەوهەری تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی دەزانێت، لەرابردووەوە بۆ ئێستا، وردی “كەموكوڕییەكانی یەكێتیی” دەبێ‌‌و بەڕوونیش رایدەگەیەنێت: یەكێتیی پێداچوونەوەی قوڵمان دەوێت..!
مەلا بەختیار، وەك سیاسییەكی بەئاگا و دووربین، وەك رۆشنگەرێكی رەخنەگری خاوەن پرسیار.. سیاسییەكی بەئاگا لەكەین‌و بەینەكانی سیاسەت‌و چاودێر لەوەی لەپشت پەردە چی دەگوزەرێ‌، “رەخنە لەخۆگرتن”، بەبنەمایەكەی نەگۆڕی خەباتی سیاسی‌و دیموكراسی دەزانێت‌و دەیسەلمێنێ‌، ئێستا لەهەمووكات زیاتر، هەم لەكێڵگەی سیاسی‌و هەم لەكێڵگەی رووناكبیریدا، پێویستمان بە بەڕێوەبردنی عەقڵانییانەی ڕەخنە هەیە!
بە تێڕامان لەمێژووی دورو نزیكی شۆڕش‌و راپەڕین‌و كۆی خەباتی نەتەوەیی گەلەكەمان، “ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی”، كە بەشێكی تری، كتێبی گەشتە سیاسییەكەی رۆشنگەرو سیاسەتمەدار مەلا بەختیارە، كە لەنێو هاوكێشە ئاڵۆزەكان، لە ئەگەری گۆڕانكارییە نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتییەكان، بەمافی دیموكراسی و درێژەی خەباتی نەتەوەیی دەزانێت، لەپێناو گەیشتن، بەدوا چارەنوسی نەتەوەكەمان..
مەلا بەختیار، دوا بەدوای كتێبەكانی “كوردستان، بەرەو سازان یان ترازان” و (یەكەمین كۆڕو یەكەمین مونازەرە”، هاوزا لەگەشتی سیاسیی ئەمجارەیدا، بەقوڵی دیدگاكانی دەخاتەڕوو، لەدوا ئیمزایدا، پێماندەڵێ‌: ئەگەر ئەو رقە سیاسییەی سەرتاپای ژیانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و دەسەڵاتدارێتی باشوری كوردستانی داگیر كردووە، وەرنەچەرخێنین، بۆ لێكتێگەیشتن‌و رەخنەی بونیاتنەرانە، ئەوا مەحاڵە دەربازی قۆناغی داهاتوو ببین، بەڵكو دوریش نییە، دووچاری مەترسی چاوەڕواننەكراوی ناوخۆی ئاژاوەگێڕیش ببین..!

پـــەیـــوەنــدیــدار