ژانی لە دایکبوونى دەوڵەت؟!

ژانی لە دایکبوونى دەوڵەت؟!

نوسينى : هه ژار ناميق
25ى ئەیلول ئەوانەى گرەویان لە سەرئەنجام نەدانى پڕۆسەى ڕیفراندۆم دەکرد دۆڕاندیان ، بەهەر حاڵ کوردستان دەنگى خۆیدا و بڕیارى لە سەرچارەنوسیى خۆیدا ، وڵاتانى دراوسێ لە ئێران و تورکیا و عێرایقی دراوسێ داهاتوومان تەواوى هەوڵى خۆیان خستە گەڕ تاوەکو سەرکردایەتى سیاسى کورد پەشیمان بکەنەوە بە هەڕەشە و چاوسورکردنەوە ، داخستنى سنورەکان ..هتد بەڵام ئیتر ئەبێت لەوڕاستیە تێبگەن دەوڵەتى کوردستان و نەتەوەی کورد ئەمرێکى واقیعەو دەبێت قبوڵى بکەن چیتر ناتوانن و ناکرێت پارچە پارچەمان بکەن و بماندەن بە شەڕ لەگەڵ یەکدا ، بینیمان لە کاتى پێویستى کوردانى ڕۆژئاوا چۆن پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان بەڕێکەوتن بۆ هاوکاریى کردنیان و بەهەمان شێوەش لە کاتی مەترسی لە سەر هەرێمى کوردستان چۆن شێرەکوڕانى ڕۆژئاوا بەهانى ئێمەوە هاتن ، بۆیە جارێکى تر کورد بە دەستى کورد ناکوژرێتەوە ، جارێکى تر بە بەڵێن و درۆ دەلەسەکان و پەیمان نامەکان هەڵناخەڵەتێنرێن …
سایکس بیکۆ لە 25ی ئەیلول کۆتایی هات ، ئازیزان ئێمە دەزانین هەموو شتێکى نوێ ترس و دڵەڕاوکێ دەخاتە نێو دڵی ئەو کەسانەى کە نزیکن لەو شتە یاخود ئەو شتە ئەمە سروشتى مرۆڤە ، جا ئەو شتە بەنرخ بێت یاخود بێنرخ بێت ؟ هەموو لە دایک بوونێک ئازاری خۆی هەیە ، ئازارێک ئەبێت هەمووان بەرگەى بگرین لەبەر ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ڕۆڵەیەکى جوان و مەردمان ببێت لە داهاتوو لەبەرى بحەسێنەوە و نەوەبە دواى نەوە لەبەرى ئەو لە دایک بوونە بخۆینەوە ، ئازارێک لە پێناو نیشتمان و نەتەوەوخاک و دەوڵەت بێت ئەبێت بەرگەى ئازارەکەى بگرین .
ئایا دەوڵەتى کوردستان مەترسی بۆ سەر ناوچەکەو دراوسێ دروستدەکات ؟ ئایا دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ بەرژەوندى وڵاتانى زلهێزی جیهان و ڕۆژئاوا ؟ کوردستان و هاوڵاتیانى کوردستان بە درێژایى مێژوو سەلماندویانە کە هەمیشە ئاشتى خواز بوون ، هەرگیز دەستپێشخەر نەبوون بۆ شەڕ ئەگەر شەڕمان تێنەپێچرابێت ، ئێمە لە ماوەی ڕابردوو بە وڵاتانى زلهێزی جیهانمان سەلماندووە کە بەڵێ کوردستان جەنگى دژ بە تیرۆر دەکات بە چەکێک کە هیچ هێزێکى جیهانى ناتوانێت بەو چەکە بجەنگێت ، ئێمە بە کردەوە سەلماندمان هەرێمى کوردستانى ئەوکات و دەوڵەتى کوردستانی ئێستا ناوچەیەکى ئارامە بۆ وەبەرهێنان و کاروچالاکیەکان و بە سەدان کۆمپانیاى زەبەلاحى جیهانى لەهەرێم کاردەکەن و ئەمنیەت و ئارامیشیان پارێزراوە ، ئێمە سەلماندمان کە هەمیشە سفرەکانمان بۆ میوانەکانمان ئاوەڵایە ، ئێمە لە ڕابردوو سەلماندمان ئەگەر چی ئەوانەى تا دوێنێ مافی ژیانیان بە کورد نەدەدا بە سوننە و شیعە ، ئەوانەى 182 هەزاریان لێ ئەنفال کردین ، ئەوانەى 8هەزار بارزیانیان ئەنفال کرد ئەوانەى 5000 پەپولەى بێتاوانیان بە پیسترین چەکى کۆکوژ شەهید کرد ئەوانەى 4000 گوندیان خاپورکردین ئەوانەى تەحەدا و تەعەدای کوردیان ئەکرد لە کاتى لێقەومانیان دەرگای خەڵکى کوردستان لە سەر پشت بوو لەکاتێک خۆمان بە قەیرانێکى قورسی ئابورى تێدەپەڕین ؟! ئێمە بەم شێوەیەین ئێتر بۆ ئێمەش وەک تورک و عەرەب و فارس و عەجەم نەبینە خاوەنى دەوڵەتى خۆمان ئێمەش خاکى خۆمان نەبێت لە کاتێک لە ماوەی سەد ساڵى ڕابردوو تەعریب و تەرحیل کراوین ، لە کاتێک لە ڕابردوو بچوکترین مافى سەرەتایان پێمان ڕەوانەبینیوە ، پێم وابێت دەوڵەتى کوردستان لە دایک بووە و کەم کەم ژانی ئەو لە دایک بوونە کاڵ دەبێتەوە و هیوادارم ڕۆڵەیەکى باش پەروەردە بکەین ، هیوادارم هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دان بە خۆیاندا بگرن و بەقسەوهاشو هوشەى کەناڵێک و چەند کەسێکى بەرژەوندى خواز و هەلپەرەست لۆمەی خۆیان نەکەن…
بژی کورد ، بژى کوردستان ، بژى دەوڵەتى کوردستان ، شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزى کوردستان .
ئیتر بۆ پێشەوە .

پـــەیـــوەنــدیــدار