بـــەپــەلــە
دوای ڕیفراندۆم چی ؟

دوای ڕیفراندۆم چی ؟

 

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com

ماوەی 3 مانگ زیاترە هەموانمان سەرقاڵی باسوخواسی ڕیفراندۆم بووین بۆ سەربەخۆی كوردستان و هەموانمان لە ترس و دڵڕاوكێدا دەژیاین، پێكەوەش لە كەشوهەوایەكی گەرمی بەرەی بەڵێ‌ و نەخێردا تۆمەت و ناوزڕاندن و هەندێكجاریش تۆوی دووبەرەكی و..هتدمان. بە ئگادایی یان بێئاگایی دەچاند. و لەناوخۆدا ئەوەی كە پێویست بوو بكرێت لە پێكەوەنانی بەرەیەكی ناوخۆیی یەكگرتوو و پتەو لە یەك دەنگی و كۆدەنگیدا نەتوانرا چێ‌ بكرێت، لە دەرەوەی هەرێمیش لەناوچەكە و دونیاشدا بەرەیەكی دژی ڕیفراندۆم و خواستەكانی كورد ئامادەگی گەرموگوڕ و جدیان هەبوو بەوەی كە دوابخرێت یان نەكرێت و تەنانەت لەلایەن وڵاتانی دراوسێی و داگیركەرانی كورستانیشەوە جۆرەها هەڕەشە و گوڕەشەی سیاسی و ئابوری و سەربازیان لێدەكردین بۆ پەشیمانبونەوە لە چێكردنی ڕیفراندۆم.
بۆیە بەڕاستی كەشوهەوای سیاسی و دەروونی ئەم 3 مانگەی ڕابووردوو زۆر مەترسیدار و نائارام و ترسێنەر بوو.بەڵام كورد چی كرد؟
بۆ یەكەم جارە سەركردایەتی سیاسی كورد بەو پەرشوبڵاوی و ڕاڕایی و جیاوازی بۆچوون و ڕێكنەخستنی نێوماڵی خۆیدا، كە هیچ مژدەبەخش نەبوو بۆ سەرگرتن و سەرخستنی پڕۆسەیەكی وا گرنگ و چارەنوسساز ،بەڵام توانی بەسەر هەموو جیاوازیەكاندا بازبدات و بتوانێت بڕیارێكی نەگۆڕو كۆنكرێتی بدات بە بەرژەوەندی چێكردنی ڕیفراندۆم و سەرخستنیشی،سەرەڕای بەڵێن و پێشكەشكردنی هەندێ‌ جێگرەوەی زارەكی لەلایەن گەورەترین وڵاتانی دونیا و نەتەوە یەكگرتوەكانیشەوە. بۆیە ئەم بڕیارە و سەرخستنی پڕۆسەكە بەخاڵێكی زۆر ئەرێنی حساب دەكرێت بۆ ئەو سەركردە و حیزبە سیاسیانەی كە ڕابەرایەتی و پشتیوانی و بەگەرمی هەڵسوڕاو بوون بۆ سەرخستنی ئەم ڕیفراندۆمە و بەلاپەڕەیەكی ڕۆشنیش بۆیان حساب دەكرێت، بەپێچەوانەشەوە هەموو ئەو حیزب و سەركردە و لایەن و گروپانەشی كە دژی ڕیفراندۆم بوون ئەوا بەدڵنیایی دەچنە بەرەی دژ بە بەرژەوەندیە ستراتیژیەكانی گەل و نیشتیمان و نەتەوەوە و لەمێژووشیاندا بە لاپەڕەیەكی ڕەش تۆمار دەكرێت.
لەئێستادا و دوای سەركەوتنی پڕۆسەكە و بەدەستهێنانی ڕێژەیەكی بەرزی دەنگی ((بەڵێ‌)) بۆ ڕیفراندۆمەكە، ئەركی كورد چیە؟ و دەبێت هەنگاوەكانی ئایندەی چی بێت؟ و چۆن ئەم دەنگی بەڵێ‌ یە وەبەربهێنێت بۆ بەرژەوەندیەكانی كورد و كوردستان ؟ و سەربەخۆیی كوردستان چۆن هەنگاوی بۆ بنرێت؟
كورد و سەركردایەتی سیاسی و حیزبە باڵادەستەكانی هەرێم چەند ئەركێكی گرنگیان دەكەوێتە ئەستۆ، كە ئەركی سەخت و دژوارن لەبەرامبەر قۆناغی پێش ڕیفراندۆمدا و پێویست بە پشوودرێژی و نەرمی نواندن و گوێگرتن بۆ هەموان و وازهێنان و دووركەوتنەوە لە عینادی سیاسی و ڕقوكینەی كۆن و پاراستنی بەرژەوەندی تەسكی حیزبی و كەسی خۆیان و لەسەروو هەمووشیانەوە دووركەوتنەوەیە لە غرورو سەرمەستی بەهۆی سەركەوتنی پڕۆسەكەوە.
ئەركی سەركردایەتی كورد لەناوخۆدا بریتیە لە:
هەوڵدان بۆ سەرخستنی پڕۆسەیەكی ئاشتەوایی نیشتیمانی سەرتاسەری لەگەڵ هەموو سەركردە و پارتە سیاسیەكاندا.
گڕوتینی جەماوەر خاو وسارد نەكاتەوە و ئەو متمانەیەی كە تاڕادەیەك دروستبۆتەوە لە نێوان جەماوەری میلەتەكەمان و سەركردایەتیدا بەگەرموگوڕی بهێڵریتەوە و متمانەیان لەق نەكات و توشی بێئومێدی و دڵڕەنجاویەكی تریان نەكاتەوە.
هەوڵ و كاری جدی بكات بۆ بەدامەزراوەیكردنی سەرجەم ئۆرگانەكانی حوكمڕانی لەهەرێمداو هەوڵی دووبارەكردنەوەی هەڵەكانی ڕابووردوو نەدات دژی دامەزراوە شەرعیەكانی حوكمڕانی لە كوردستاندا. بەمەبەستی توندوتۆڵكردنی ژێرخانی حوكمڕانی دەوڵەتە سەربەخۆكەی ئایندەمان.
تابتوانێت دەستبگرێت بەبنەماكانی دیموكراسی و ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و دادپەروەری و یەكسانی و پێكەوەكاركردن و ڕێزگرتن لەمافی كەمینەكانی ناو هەرێمی كوردستان.
هەوڵی جدی بدات بۆ دامەزراندن و پێكەوەنانی حكومەتێكی ڕەشید كە بتوانێت داهات و سەروەت و سامانی وڵات بخاتە خزمەتكردنی جەماوەر و دووربكەوێتەوە لە گەندەڵی و ناشەفافیەت و هەوڵی خۆشگوزرانی و خزمەتكردنی هاونیشتیمانیان بدات.
هەوڵی نوسینەوەی دەستورێكی مۆدێرنانە بدات بۆ هەرێمی كوردستان بەهێمنی و لەسەرخۆ و دوور لە دروستكردنی بارگرژی و هەستیاری لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە ،بەپێچەوانەی ئەوەی كەلە ڕیفراندۆمدا كردمان.
ئەركی سەركردایەتی كورد لە گەڵ بەغداد بریتیە لە:
دەستكردن بە گفتوگۆیەكی هێمنانە و لێپرسراوانە و جدی لەسەر ئەنجامی ڕیفراندۆم و چۆنێتی دانانی پلانێكی هێمنانەی دوور لە گرژی و ئاڵۆزی نانەوە بۆ خۆ ئامادەكردنی هەردوولا بۆ ئایندەیەكی نوێ‌ و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و جیابونەوە، و دەكرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تازە سەربەخۆ یان هەلومەرجی جیابونەوە و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیەكان بدرێت لەدونیادا.
پێویستە گفتوگۆیەكی بوێرانە و ڕوون و ئاشكرا بێت لەسەر هەموو مەسەلەكانی (( سنور و نەوت و پێشمەرگە و داهات و ئاو و ئاسمان و ..هتد.) كە هەموو ئەمانە پایەی گرنگن بۆ بەردەوامی دەوڵەتە سەربەخۆكەی ئایندەمان. كە هەموو ئەم ئەركانە زۆر سەخت و دژوارن و پێویست دەكات تاتبتوانرێت دوور لە جەنگ و پێكدادان بكرێت.و لە ژێر سایە و چاودێری زلهێزەكان و نەتەوە یەكگرتوەكانیشدا ئەنجام بدرێت،چونكە عێراق و دەسەڵاتدارانی عەرەبی بە سانایی دەستهەڵناگرن لەم هەرێمی كوردستانە.
ئەركی كوردە كە لە دەسەڵاتدارانی بەغداد بگەیەنێت كە كورد و دەوڵەتەكەی ئایندەی دەبێتە دراوسێیەكی باش، نەك بەم شێوەیەی ئێستا نەشەریك و نە بەشدار و نە خاوەن ماڵ و نە دراوسێیەكی باشە بەڵكو هەردوولا لە جەنگ و ململانێیەكی نەبڕاوەدا دەبن كە بە زیانی گەورە بۆ هەردوولا دەشكێتەوە.
ئەركی سەركردایەتی كورد لەبەرامبەر وڵاتانی داگیركاری كوردستان لەناوچەكە و ئەوانی تریشدا بریتیە لە:
دەبێت هەموان تێبگەیەنرێت كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە ئایندەدا بریتیە لە دراوسێیەكی باش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەسەروەری هەردوولا و پەیوەندی باشی دراوسێیانە و ئەم دەوڵەتە نابێتە مایەی هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی ئەوان ، بەڵكو دەبێتە هاوكار و پشتیوانی هەموان لەگەشە و پێشكەوتنی ناوچەكە و دابینكردنی ئەمن و ئاسایش بۆ وڵات و گەلانی ناوچەكە .و هەموانیش لەناوچەكەدا هەمان چارەنوس و مەترسی و ئاڵنگاری بەرەو ڕوویان دەبێتەوە و پێویستیشە هەموان پێكەوە كاربكەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان. هەموو ئەم كارانەش دوور لە زمانی هەڕەشە و بەكارهێنانی چەك و جەنگ و گەمارۆو گەلەكۆمەكی دوژمنكارانە دەبێت .
ئەركی سەركردایەتی كورد لەبەرامبەر وڵاتانی زلهێز و نەتەوە یەكگرتوەكانیشدا بریتیە لە:
دەبێت كورد بەڵێن و پابەندبوونی خۆی دووپاتبكاتەوە بەوەی كە بەردەوام دەبێت لەبەرەی دژ بە تیرۆریستان و لە جاران زیاتر گەروموگوڕ تر و مكوڕتر دەبێت لە دژی داعش و هاوشێوەكانی.
هیچ كات دژ بە پلانی ئەوان و بەرژەوەندیەكانیان ناوەستێتەوە .
وەك دەوڵەتێكی یاسایی و ئەندامێكی كارا و ئاكتیڤی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی مامەڵە دەكات و خۆ دەپارێزێت لە توندوتیژی و زمانی زبر و هەڕەشە.
كاریش دەكات بۆ پاراستنی ژیان و مافی كەمە نەتەوە و ئاینی و مەزهەبیەكان لەكوردستاندا .
دەشبێتە ئەندامێكی چالاكی نەتەوە یەكگرتوەكان و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەكاندا هەڵسوكەوت دەكات.
بەم شێوەیە كورد لەئایندەدا دەبێت لەجاران زیاتر ڕووی پرشنگدار و دیموكراسیەت و ئازادیەكان و شارستانێتی خۆی پیشان هەموان بدات و وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و سیادە و چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەكان خۆی نمایش بكات نەك وەك وڵاتێكی دەرچوو لەیاسا و هەڵگەڕاوە لە خواست و یستە نێونەتەوەیی و ناوچەییەكان، پێویستە زیاتر پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانی خۆی گەشەپێبدات لەگەڵ هەمواندا.
بۆیە كور د و سەركردایەتیەكەی لە دوای سەركەوتنی ڕێفراندرمەوە ئەركەكانی ئێجگار سەخت و دژوارتر دەبێت،چونكە گەر نەتوانرێت ئەم ئەنجامە دڵخۆشكەرەیەی ڕیفراندۆم وەك كارتێكی بەهێز وەبەربهێنرێت بۆ بەرژەوەندیەكانی ئایندە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی ،ئەوا تەنها وەك مەرەكەبی سەركاغەز دەمێنێتەوە و بوون و نەبوونی وەك یەك وادەبێت.
بۆیە گرنگترین هۆكار بۆ بەردەوامبوون لەسەرخستن و هەنگاونانی زیاتر بۆ پێشەوە بریتیە لە یەكڕیزی نیشتیمانی و نەتەوەیی و كۆدەنگی و پێكەوەكاركردن و ئاشتەوایی نێوخۆیی و لەدەستنەدانی متمانەی زیاتری جەماوەری گەلەكەمان و ئامادەسازیش بكرێت بۆ هەموو ئەگەرە چاوەڕوان نەكراوەكان كەلەلایەن وڵاتانی دەرودراوسێوە دژمان ئەنجام بدرێت،كە خۆشبەختانە ئەم سەردەمەی جیهان و بەرژەوەندیە ئابوریەكان هێندە تێكچڕژاون كە ئاسان نیە وڵاتانێك پەلاماری سەربازی گەل و نیشتیمانێكی تر بدەن بە بەرچاوی زلهێزەكانەوە جەنگ و شەڕێكی نەخوازراو هەڵبسێنن و بەتایبەتیش لە ئێستادا كە زلهێزەكان لەئەمریكا و ڕوسیا و ئەوروپیەكان هێزی زۆر و زەوەند و ئامادەیان هەیە لەناوچەكەدا.
بۆیە هەموو ئەم ئەركانە كاری جدی و لەخۆبووردن و پێكەوەكاركردنی زیاتری دەوێت دوور لە عینادی سیاسی و حساب بۆ نەكردنی یەكتری .دەبێت هەموان ئەو ڕاستیەش لە بیر نەكەن كە ئەم سەركەوتنەش بۆ هەموانە و تایبەت بە كەس و حیزب و لایەنێكی دیاریكراو نیە،خۆئەگەر كۆدەنگیەكی باشتر و ئامادەسازیەكی لەبارتربكرایە ئەوا دەكرا ڕێژەی دەنگی(( بەڵێ‌ ))كان بەرزتر و بەهێزتر بوایە.

پـــەیـــوەنــدیــدار