بـــەپــەلــە
ریفراندۆم‌و كاردانەوەی دژە دیموكراسی!

ریفراندۆم‌و كاردانەوەی دژە دیموكراسی!

مەلا بەختیار

ریفراندۆم ئەنجامدراو ئەنجامەكەشی زانرا. پاشەكشە لەریفراندۆم نەكراو كاردانەوەكان رویاندا. ئێستا، ئیتر ریفراندۆم ‌و حكومەت‌و بەشێكی پەرلەمانتارانی شیعەگەرای عیراق‌و حزبە سیاسییەكان، لەناو عیراقی عەرەبیدا، ئاشكرا، سیاسەتی خۆیان دەربارەی ریفراندۆم راگەیاند. دەوڵەتانی ئیقلیمیش لەروانگەی خۆیانەوە، هەوڵێكی زۆریاندا، دانوستاندن بكرێ‌، نەك ریفراندۆم. كە كرا، دژایەتی ریفراندۆمیان نەشاردەوە. گەورە دەوڵەتانی جیهان، گەرچی سەرەتا ئامۆژگاریان كردین كە ریفراندۆمەكە ئەنجام نەدرێ‌، بەڵام كاردانەوەكەیان نەك توند نەبوو، بەڵكو سەنگین بوو؛ لەهەمووی گرنگتر، زلهێزەكان، بڕیارەكانیان دابڕاونەبوو لەهاوكێشەكان‌و بەرژەوەندییەكان‌و ئەگەرەكان!
سێ‌ وڵاتی ئەنجومەنی ئاسایش: ئەمریكا و روسیا‌و بەریتانیا، دووربین بون‌و لەئاستی رووداوەكان هەڵوێستی سەرەتاییان وەرگرت.
-ئەمریكا؛ هەوڵێكی زۆریدا، لەڕێی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و عیراقەوە، نیمچە پرۆژەیەك بۆ دانوستان قبوڵ بكرێ‌، بەڵام لێكترازانی بەغدادو هەولێر، بەو پرۆژەیە رێك نەدەخرایەوە. عیراقیش ئامادەنەبوو، دەستەبەری كۆنكرێتی باشتر بدات! دوای راگەیاندنی ریفراندۆمەكەش، ئەمریكا رایگەیاند: پەیوەندی لەگەڵ گەلی كوردستان دەپارێزرێ‌‌و هەوڵی چارەسەریش دەدات.
-روسیا؛ هەر زوو ئاماژەیدا، كە چاوەڕوانی ئەنجامی ریفراندۆمەكەیە، كە ئەنجامەكەش راگەیەندرا، روسیا، مافی چارەنوسی سەلماند‌و جەختیكردەوە لەدانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عیراق. لەوەش گرنگتر، رایگەیاند كە پابەندی گرێبەستی نەوت‌و گازە لەگەڵ هەرێم. تایبەت پرۆژەكانی روسنەفت‌و گاز پرۆم.
-بەریتانیا؛ دوای ریفراندۆم، بەرپرسیارانە بڕیاریدا كە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، تێكنادات‌و هەولێ‌ دانوستاندن دەدات.
كۆماری چینی میللی، وەكو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی جیهانی، هەروەكو نەریتی دیپلۆماسی چین، نەرمتر بڕیاریاندا كە: بە دانوستان نێوان بەغداد‌و هەرێم چارەسەر كرێ‌. واتا: بێلایەنە!
فەرەنساش؛ پێش ریفراندۆم، لەسەر زاری سەرۆك كۆمار (ماكرۆن) فەرموی: چاوەڕێی ئەنجامی ریفراندۆم دەكەین. داوەتی دەوڵەتمەداری عیراق (بەڕێز عەبادی) كردووە، سەردانی پاریس بكات. دیارە، بۆ چارەسەرە.
ئەوانە، جگە لەوەی كەنەدا، سوید، پشتیوانن‌و دەیان پەرلەمانتاری رۆژئاوا، هاوكات بەڕێز (جاك شومەر) سەرۆكی فراكسیۆنی دیموكراتەكانی سەناتی ئەمریكا، بەڕاشكاوی پشتیوانی لەسەربەخۆیی كوردستانی كرد.
هەتا ئێستا هەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبی كەنداو، هەڵوێستیان نەرمە. باقی دەوڵەتانی عەرەب، جارێ‌ هیچیان دژی ریفراندۆم نەفەرمووە. كۆمكاری عەرەبیش لەهەوڵی دانوستانی نێوان هەرێم‌و بەغدادن.
ئەوە كورتەیەكی سیاسەت‌و كاردانەوە نێودەوڵەتی‌و ئیقلیمییەكان بوون. دێینە سەر، كاردانەوەی ناو عیراق.
لەعیراقدا، حكومەتی عەبادی‌و پەرلەمانتارانی شیعە، كاردانەوەكەیان، رەنگدانەوەی چەند راستییەكی گرنگی نەخوازراوی مێژوویی بوو. ئەویش ئەمەی خوارەوەیە:
سەرەتا حكومەتی عەبادی، گەمارۆی سیاسی‌و ئابوریی‌و هەڵمەتێكی راگەیاندنی دژی هەرێم‌و ریفراندۆم دەستپێكرد. فڕینیان لەفڕۆكەخانەكانەوە بۆ دەرەوە راوەستان. ئینجا بانكی ناوەندی عیراقیان راسپارد سەودا لەگەڵ بانكەكانی كوردستان نەكات. تەنانەت هەر كارمەندێكی مەدەنی‌و عەسكەری لەناوچە كێشە لەسەرەكاندا، دەنگی (بەڵێ‌)ی دابێ‌، سزای دەدەن. ئینجا بنكەكگانی پشكنینیان توند كردووەو (حەشدەكان) بەكاروانەكانی بار هەڵگر دەڵێن: نابێ‌ هیچ بۆ دەوڵەتی بەكرێگیراوی كوردستان ببەن! جگە لەبڕیارگەلی دیكە سەبارەت بەناوچەكانی مادەی (140)ی جێبەجێ نەكراو!
لەپەرلەمانیشدا، لەدانیشتنی دوێنێدا، شانۆگەرییەكی سەیر ئەنجامدرا، لەماوەی كەمتر لەنیو سەعات، بەئامادەبونی دەوڵەتمەدار (14) سزانامەیان خستە دەنگدانەوە، بەبێ‌ هیچ جۆرە مشتوماڵێك، بەئامادەبوونی (166) پەرلەمانتار، تێیان پەڕاند. سیناریۆی وا، باوەڕ ناكەین لە هیچ پەرلەمانێكی جیهاندا، لەنیو سەعاتدا، تەنانەت لەگەرمەی جەنگە جیهانییەكانیشدا، سەپێنرابێ‌!!
بەشبەحاڵی خۆم، ئەم جۆرە سزانامەیە، ئەو باوەڕەم زۆرتر لا دەچەسپێنێ‌، كەوا:
هەتا، پرۆسەی دیموكراسی لەوڵاتانی نادیموكراتدا، نەبێتە بەشێكی وشیاری كۆمەڵایەتی و رای گشتی ئازاد دروست نەبێ‌، بەدڵنیاییەوە، بەڕواڵەت هەڵبژاردنی پەرلەمان، لەسەر بنەمای لیستی تایفەگەری، یان ناسیونالیستی، یاخود پۆپۆلیستی‌و ئەنارشستی، ئەنجامی ئەم جۆرە پرۆسە سیاسی- هەڵبژاردنە، مەترسی گەورەن لەسەر ستراتیژی دیموكراسی راستەقینە!
بەندە، سزانامە سەپێنراوەكەی پەرلەمانتارانی شیعە، بەگوناحی زۆربەی پەرلەمانتارانیان نازانم، بەڵكو ئۆباڵەكەی لەئەستۆی ئەو كەلتورە سیاسییەیە كە لەناو حزبەكانی عیراق‌و لەناو كاربەدەستە باڵاكاندا، پەیڕەو دەكرێ‌.
(14) ساڵە سەدام‌و بەعس روخاوە، لایەنیكەمی ئەو كەلتورە، پێش نەگۆڕاوە، بێگومان لەناو پەرلەماندا، ئەم چەشنە بڕیارە سەیرو سەمەرانە، هەرچەندە بەپاساوی سیاسی بپێچرێتەوە، دڵنیاین لەدوا ئەنجامدا بەزیانی عیراق، پێش كوردستان، دەشكێتەوە. هەر ئێستا، دەیان پرسیار‌و گومان، لەسەر چۆنیەتی داڕشتنی سزانامەكە لەناو بنمیچی باڵاترین دەزگای تەشریعیدا، سەریهەڵداوە.
لەكۆتایشدا دەڵێین: چەند گەورەیی دەبوو بۆ بەڕێز عەبادی، ئەگەر دوێنێ‌ لەناو پەرلەماندا، وەكو گەورەی وڵات هەڵوێستێكی مێژوویی هەبوایەو بیوتایە، كە:
مادام گەلی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجامدا، حكومەتی عیراق تەنها رێگەی یاسایی بۆ بەربەرچدانەوەی ریفراندۆم دەگرینەبەر.
با.. هانای بۆ دادگای فیدراڵی ببردبا. با پەلەی لە بڕیارەكانی حكومەت نەكردبا‌و رێگەشی لەبڕیارەكانی ناو پەرلەمان گرتبا.. ئێمە دڵنیاین، ئەگەر بەڕێز عەبادی رێگای یاسایی‌و بڕیاری رێسایی بدایە، رێگای چارەسەركردنی كێشەكانی، كورتتر دەكردو بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە نەخوازراوەشی، هەڵ نەدەگرت! رەنگبوو لۆمەی جۆراوجۆریشی بخستایەتە سەر سەركردایەتی سیاسی كوردستان.
هەتا، رووداوی خراپیش روی نەداوە، هەرچی زووە، مێزی دانوستان بڕازێنینەوە باشترە، ئەگینا دوای هەر رووداوێكیش دڵنیاین سەرەنجام، دەبێ‌ هەر بگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستاندن.
تازە گەلی كوردستان، سەرەڕای جیاوازی هەڵوێستەكان، ریفراندۆمی ئەنجامدا. زۆرینەی گەلەكەشمان، بەدەنگدانی (بەڵێ‌) شەرعییەتیان دایە پرۆسەكە. كێشەكانیش تێكڕا، پەیوەندیان بەدۆخی ناو عیراقەوە هەیە. بەداخەوە، حكومەت‌و پەرلەمانی عیراق، دەیانەوێ‌ یەكێتیی عیراق، هەروەكو جاران بە كاردانەوەو سزادانەوەو سەركوتكردنەوە، بپارێزن.
ئەم رەوشانە رێگەی هەڵدێرو هەڵاوێردنن. سەد ساڵیشە حكومەتەكانی پێشووی عیراق، تاقیان كردونەتەوەو شكستیان خواردووە. ئێستا مادام، عیراق، بەناوی پەرلەمانەوە، لەم هەلومەرجەدا، دەرگای چارەسەری داخست، وەكو كورد، هەقی خۆمانە، هانا بۆ مەرجەعیەتی باڵای شیعەو سەماحەتی ئایەتواللە سیستانی ببەین‌و داوای لێ‌ بكەین، بەڕێزیشی، هەروەكو خوا لێخۆشبوو، سەید محسین حەكیم، فەتوایەكی مێژوویی دەربكات‌و رێگە نەدات، بەناوی پاراستنی یەكێتیی عیراق‌و سەركەوتنی شیعەوە، سزای ئابوریی‌و نان بڕین بسەپێنرێتە سەر گەلێك، كە لەزەمانی شێخ مەحمودی نەمرو شۆڕشی بیستەوە، كورد، بچوكترین خراپەی بەرامبەر شیعە نەبووەو نابێ‌. كاتێك كە شیعەكانیش لەتەسفیری كوردە فەیلییەكان‌و پەلاماری حزبی دەعوەو تاوانەكانی تر بەرامبەریان دەكرا، شۆڕشی كوردستان‌و هێزە سیاسییەكانی، هەمیشە پەناگایان بون. ئێمە چاوەڕوانین مەرجەعییەتی باڵای شیعەو سەماحەتی سیستانی، هەڵوێستیان هەبێ‌‌و نەهێڵن، شیعەو كورد، حەشدی شەعبی‌و پێشمەرگە، سوپای عیراق‌و گەلی كوردستان، حكومەتی بەغدادو هەرێم، دڵۆپێك خوێن لەنێوانیان بڕژێ‌. كێشەكانیش زوو چارەسەر بكرێن. بۆ دونیاو دەوڵەتانی ئیقلیمی‌و هێزە عیراقییەكانیش دەردەكەوێ‌ كە ریفراندۆم، بچوكترین زیان لەهیچ لایەك نادات. بەڵكو ئەركی گەلەكەمان بەرامبەریان قورستر دەكات.
مەعلومی سەماحەتی سیستانی‌و مەرجەعیەتیشە، گەلی كوردستان، لەنیشتمانی خۆمان كە كوردستانە، دانیشتوین، ئەگەر بڕیارە ناپەسەندەكان بسەپێنن‌و تەپڵی جەنگ دژمان لێبدرێ‌.. چارەنوسی گەلەكەمان هەمیشە بەرگری پیرۆز بووە.. چارمان نەمێنێ‌، بێگومان ئێستاش بەرگری دەكەین.
28/9/2017

 

پـــەیـــوەنــدیــدار