کەنەدا ، کۆڕێکی ماتەمینی بۆ بەرز راگرتنی گیانی شەڕڤانی کەنەدی جۆن گالگەر بەڕێوە دەچێت

کەنەدا ، کۆڕێکی ماتەمینی بۆ بەرز راگرتنی گیانی شەڕڤانی کەنەدی جۆن گالگەر بەڕێوە دەچێت

عوسمان عەلی ، تورونتۆ

بەمەبەستی رێزگرتن لە گیانی شەڕڤانی کەنەدی جۆن رۆبەرت گاڵگەر ، ئێوارەی رۆژی ٢٤/١١/ ٢٠١٥
بە ئامادەبوونی خانەوادەی شەڕڤانی شەهید و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی کورد و بیانی و کۆمەڵەی جەنگاوەرانی دێرین و جێم کرجیانیس پەرلەمانتاری پێشووی فیدراڵی کەنەدا و نوێنەری رێکخراوە جەماوەرییەکان و وەفدی کۆمیتەی رێکخستنی کەنەدای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، کۆڕێکی ماتەمینی بەسەرپەرشتی کوردیش کۆمینێتی سەنتەر لە شاری تورونتۆ بەرێوەچوو .
سەرەتا بە مارشی نەتەوەیی ئۆ کەنەدا و سروودی ئەی رەقیب و خولەکێك وەستان بۆ رێزگرتن لە شەهیدی گیانفیدای ئازادی خوازان جۆن گالگەر دەستی پێکرد . پاشان شەفەق ئیحسان بەخێر هاتنی میوانانی کردو تەوەر و مەبەستی کۆڕەکەی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە .
پروفیسۆر جیری ڤان سمیس وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا رۆڵی ئازایەتی و هەڵوێستی شەڕڤانی کەنەدی جۆن گالگەری بەرز نرخاند ، پروفیسۆر سمیس ڕاشیگەیاند جۆن زۆر سەرسام بووە بە ئازایەتی و خۆڕاگری کچ و کوڕانی خەلکی کوبانی ، بۆیە زۆر بەپەرۆشەوە خۆی گەیاندە ناو شەڕڤانانی یەپەگە لە سوریا و گیانی خۆیشی بۆ پاراستنی کوردانی رۆژئاوا لە شەڕی تیرۆرستانی داعش بەختکرد .
هەڤال دۆغان بەرپرسی سەنتەری کۆمیتەی کوردی پەیامی هێزی شەڕڤانانی یەپەگە- ی خوێندەوە ، وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەیان بۆ لە دەستدانی شەڕڤانی کەنەدی جۆن گاڵگەر ، سەرەخۆشی هێزەکانی یەپەگەی ئاراستەی کەسوکار و هاوڕێیانی شەهید جۆن کرد ، هەروەها رۆڵی خۆڕاگری شەهید جۆن لە پشتگیریکردنی خەلکی کوردستان بەرنرخاند ، لەبەشێکی پەیامەکەی یەپەگەدا هاتووە شەهید جۆن لەو ماوەیەدا لە ناو هاوڕێکانی بە شەرڤانێکی ئازاو شارەزا لە بواری سەربازی ناسرابوو ، بۆیە ناوی جۆن هەمیشە لەناو شەڕڤانان و گەلی کورد بە زیندوویی دەمێنێت .
ڤالیری گالگەر دایکی شەڕڤانی شەهید لە وتەیەکدا ژیاننامەی جۆنی بۆ ئامادەبووان باسکرد و وتی جۆن بۆ ئازادی گەلی کورد گیانی خۆی بەختکرد ، خاتو ڤالیری لە بەشێکی وتەکەیدا رایگەیاند ئازایەتی کوڕ و کچانی کوردانی رۆژئاوا زۆر کاریگەر بوو کە جۆن بچێت بۆ سوریا لەوێ لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەرگری لە کوردانی رۆژئاوا بکات ، لە کۆتاییدا دایکی شەهید وتی هیوادارم میللەتی کورد ئەم هەڵوێستەی جۆن بەرز رابگرن و ناوی لە یاد نەکەن .
رۆبەرت گاڵگەر باوکی شەهید جۆن لە بەشێکی وتارەکەیدا وتی لەدەستدانی جۆن هەرچەندە خەمێکی گەورەیە بۆ ئێمە ، بەڵام خۆشحاڵین بە رێزگرتن و بەڕێکردنی کەژاوەی شەهید جۆن لەلایەن هێزەکانی شەڕڤانان و خەلکی کوردستان ، لە کۆتایی باوکی شەهید بەناوی بنەماڵەکەیانەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو خەلکی رۆژئاوا و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی کوردیش کۆمینێتی و هەموو ئەوانەی هاوکاربوون لە هێنانەوەی تەرمی شەهید و ئامادەبووانی کۆڕەکە کرد .
پاشان بە فۆتوشۆپ فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەسەر ژیاننامە و رۆڵی قارەمانەی شەڕڤان جۆن گاڵگەر لە بەرەکانی شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان بۆ ئامادەبووان نمایشکرا .
دواتر ژمارەیەك وتاری رێکخراوەکان و مامۆستای زانکۆ و هاوڕێکانی پێشکەشکران ، بەگشتی وتارەکان خەم و پەژارەی خۆیان بۆ بنەماڵە و هێزەکانی شەڕڤانان دەربڕی ، راشیانگەیاند ناوی جۆن گاڵگەر وەکو سونبوولیکی ئازادی خواز لە مێژووی پشتیوانیکردنی گەلی کورد بە بەرزی ڕادەگیرێت .

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە