بـــەپــەلــە
بۆ كۆچی دوایی مامی هەموو كوردان..

بۆ كۆچی دوایی مامی هەموو كوردان..

=============================

نەوزادی موهەندیس
ئەمڕۆ 3 شەممە ڕێكەوتی 3/10/2017 و كاتژمێری 4ی دوانیوەڕۆ .. هەموان ناخۆشترین و بەسوێترین هەواڵمان پێگەیشت،كە ئەویش كۆچی دوایی یەكێك لە مەزنترین ڕابەر و كاریزما و سەركردە و سەرۆكی هەڵكەوتوو و بێوێنەی نەتەوەی كورد ((مام جەلال)) بوو..
مام جەلال تەنها باوكی بافێڵ و قوباد نەبوو ، بەڵكو باوكی تەواوی هەژاران و شەهیدان و خەمخۆرانی نەتەوەی كورد بوو.
مام جەلال تەنها مامی شێخ عەلی و ئاراس و لاهور و پۆلاد و ئاسۆ و ئەوانی تر نەبوو، بەڵكو مامی تەواوی نەتەوەی كورد بوو، نەك مامی كوردان مامی عەرەب و توركومان و مەسیحی و ئەوانی تریش بوو.
مام جەلال بەتەنها هەربۆخۆی بەهێندەی شاخە سەركەشەكانی كوردستان ئازا و بوێر و سەربەرز و بێ‌ هاوتا و خۆڕاگر بوو. مام جەلال بەهێندەی سەفین بەهێز و ڕەگداكوتراو و لەبن نەهاتوو بوو.
مام جەلال، لەیەك كاتدا پێشمەرگە و خەباتگێڕ و ڕۆژنامەنوس وپارێزەر و ئەندازیار و دەستپێشخەر و داهێنەر و دامەزرێنەر و سەركردە و ڕابەر و دیپلۆماتكار وسەرۆك و كاریزمایەكی هەڵكەوتوو بوو.ئەو لەتەمەنی 15 ساڵیەوە تائێستا بەردەوامە لەخەبات و كوردایەتی و نزیكەی 70 ساڵی ڕێكە لەكاروانی خەباتی كوردایەتیدا پێشمەرگە و سەركردە و دامەزرێنەر و ڕابەر و سكرتێر و سەرۆك بوە.
مام جەلال سەركردەیەكی عصامی و هەڵكەوتووی قۆناغێكی سەختی خەباتی كوردایەتی بوە و توانیویەتی بە چالاكی و بوێری و چاونەترسی و زیرەكی و ژیری خۆی بێ پشتیوانی خزم و عەشرەت و خێڵ و بنەماڵە خۆی پێبگەیەنێت و بگاتە ئاستی سكرتێری گشتی گەورەترین حیزبی سیاسی وڕابەری كورد و سەرۆك كۆماری دەوڵەتێكی عەرەبی لە عێراقدا و جێگری یەكێك لەگەورەترین ڕێكخراوی سیاسی هەموو دونیا ((ئەنتەر ناسیوناڵی جیهانی)).
مام جەلال ڕابەرێكی چەپ و دیموكراتخواز و سۆسیالیستی و هەڵگری دروشمەكانی دیموكراسی و پێشكەوتوخوازی و ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و پێكەوەكاركردن و تەوافوقی سیاسی و خاوەنی ڕەوت و ڕچە و ڕێباز و سیاسەتێكی نەرم و حەكمیانە بوو.
مام جەلال پشوودرێژوو بە ئارام و ورە پۆڵاین و چاونەترس و خۆڕاگر بوە،لەهەموو كاتە هەستیار و مەترسیدار و نسكۆو ڕووخاندنەكاندا،ئەو هەمیشە ورە پۆڵاین و خۆڕاگر و شاخێك بوە لە ورە و گەشبینی و بڕوابوون بەسەركەوتنەكان و هەمیشەش ڕاوبۆچون و تێگەیشتنەكانی ئەو ئامانجەكانیان پێكاوە.
بەلەدەستدانی مام جەلال خەباتی كوردایەتی قۆناغێك و لاپەڕەیەك و پەردەیەكی هەستیاری لەسەر شانۆ و گۆڕەپانی سیاسی خۆی دادایەوە و زۆر زەحمەتە كە چیتر كوردایەتی ڕابەرێكی مەزن و كاریزمایەكی بێ‌ وێنەی وەكو مام جەلال بەخۆوە ببینێتەوە.
مام جەلال تەنها سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نەبوە ،تەنها سەرۆكی وڵاتێكی وەك عێراق نەبوە، تەنها سەركردەیەكی كوردانی باشوور نەبوە، ئەو لەیەك كاتدا بەگەورەیی و ڕاستگۆیی و سەرسەختی خۆی سەركردە و ڕابەر و سەرۆكی كورد و عێراق و ناوچەكە و دونیاش بوە.
فكر و بۆچون و ڕچە و ڕێبازی مام جەلال پرشنگی داوەتەوە بەسەر هەرچوار پارچەكەی كوردستاندا و تەواوی سەركردە و شۆڕش و خەباتگێڕاندا، هەموانیش بە سەركردە و ڕابەر و مامی خۆیانیان دەزانی، دوژمنان و ناحەزان پێش دۆستەكان گەواهی ئەوە دەدەن كە مام جەلال چەندە ڕۆڵی گەورە و كاریگەری لە عێراق و ناوچەكەشدا بینیوە.و هەمیشەش وەك (( صمام الامان)) تێیانڕوانیوە.چونكە لەسایەی حوكمڕانی ئەودا عێراق و كوردستانیش ئارام و ئاسایش و دوور لە جەنگی ناڕەوای تایەفی و ئاینی و نەتەوەیی بوو.
لەكۆتایدا تەنها ئەوەندە دەڵێم كە كورد و كوردایەتی چرایەكی گەش و ڕێبەرێكی مەزن و سەرۆكێكی بەوەفاو پێشەمەرگەیەكی قارەمان و كاریزمایەكی هەڵكەوتووی لەدەستدا. خوازیارم كە سەرجەم سەركردە و پارتە سیاسیەكانی كوردستانی گەورە ئەم بۆنەیە بكەنە خاڵی لێكنزیكبونەوە و یەك و یەكگرتویی ڕیزەكانی گەلەكەمان لە پێناو هەنگاونان بەرەو پێكەوەنانی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ و دووربكەونەوە لە دژایەتی و ناتەبایی بۆ بەرپەرچدانەوەی گەلەكۆمەكی دوژمنانی ناوخۆ و ناوچەكە.
باشترین ئەمەك و وەفاش بۆ گیانی پاك و ڕێبازی درەوشاوە و فكری مام جەلال، پاراستنی یەك و یەكگرتوویی ڕٍیزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و تەواوی گەل و نەتەوەی كوردە و درێژەدانە بە خەباتی دیموكراسی و ئاشتی و پێكەوەژیان و هەوڵدانە بۆ وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنوسین و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و دووركەوتنەوەیە لە ناكۆكی و ململانێ‌ و خۆخۆری و تەكەتولاتی ناڕەواو شەڕی ناوخۆی كوردان.
یادت بەخێر وماڵئاوا مامی گەورە و مامی هەموو كوردان
ماڵئاوا سوڵتانی كوردایەتی
ماڵئاوا ڕابەری بێ‌ هاوتا و بێ‌ وێنە و كاریزمای هەڵكەوتوی نەتەوەی كورد
كورد و كوردستان سەربەرز و سەرفراز بن
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی كوردستان و خۆڕاگری بۆ هێزی پێشمەرگەی قارەمان

پـــەیـــوەنــدیــدار