بـــەپــەلــە
ناوی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان- عیراق گۆڕا

ناوی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان- عیراق گۆڕا

كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان-عیراق له‌ پیرمام، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر كۆتاییھات و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ناوی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ گۆڕا بۆ ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی كوردستان، هه‌روه‌ها  سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر گه‌لی كوردستان به‌ نایاسایی و نابه‌رپرسیارانه‌ و به‌ گرژتركردنی بارودۆخی سیاسی له‌ قه‌ڵه‌م درا.

هه‌روه‌ك به‌پێی راگه‌یه‌نراوی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌یی ده‌ربڕی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگێكی كراوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ بێ پێشمه‌رج و به‌ بێ سزادان و ئابڵۆقه‌ و هه‌روه‌ها ره‌خساندنی كاتی پێویست بۆ سه‌رخستنی.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌…
رۆژی چوارشه‌ممه‌ 11ـی 10ـی 2017 له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ سه‌رپه‌رشتیی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسیی كوردستان كۆبووه‌وه‌.
له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌بووان بۆ رێزگرتن له‌ گیانی سه‌رۆك مام جه‌لال و گیانی شه‌هیدانی رێگه‌ی ئازادی خوله‌كێك وه‌ستان و له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش هاوڕا بوون كه‌ باشترین وه‌فا بۆ رۆحی سه‌رۆك مام جه‌لال و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان یه‌كڕیزی و برایه‌تی و یه‌كهه‌ڵوێستیی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌.

پاشان ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوایین گۆڕانكارییه‌ سیاسی و كاردانه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی و عێراقییه‌كانیان له‌به‌رانبه‌ر گشتپرسی تاوتوێ كرد و به‌و ئه‌نجامانه‌ی خواره‌وه‌ گه‌ییشتن:

یه‌كه‌م: كۆبوونه‌وه‌كه‌، پابه‌ندی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی به‌شداربوون و ده‌نگدان له‌ گشتپرسی 25ـی ئه‌یلوولی 2017 به‌ ئازادانه‌ ده‌ریبڕیوه‌. هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی ئه‌نجامه‌كانی گشتپرسی له‌ رووی زه‌مه‌نییه‌وه‌ به‌نده‌ به‌ دیالۆگێكی بنیاتنه‌ر و لێپرسراوانه‌. بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌، ئاماده‌یی ده‌ربڕی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگێكی كراوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ بێ پێشمه‌رج و به‌ بێ سزادان و ئابڵۆقه‌ و، هه‌روه‌ها ره‌خساندنی كاتی پێویست بۆ سه‌رخستنی.

دووه‌م: سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر گه‌لی كوردستان نایاسایی و نابه‌رپرسیارانه‌یه‌ و گرژتركردنی بارودۆخی سیاسی خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌ك ناكات.

سێیه‌م: كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ رای گشتیی جیهانی و هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی راده‌گه‌یێنێت كه‌ گه‌لی كوردستان رووبه‌ڕووی ئابڵۆقه‌ و سزادانی به‌ كۆمه‌ڵ و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز كراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خه‌ڵك و ئاواره‌كان له‌ عێراق و كوردستان ده‌باته‌ قۆناخێكی مه‌ترسیدار و داوا ده‌كات سنوورێك بۆ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و ئابڵۆقه‌ و سزادانی به‌كۆمه‌ڵه‌ دابندرێت.

چوراه‌م: ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڕیاریان دا كۆبوونه‌وه‌ی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ژێر ناوی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسیی كوردستان به‌رده‌وام بێت.

ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسیی كوردستان

s:pukmedia

پـــەیـــوەنــدیــدار