وه‌فدی باڵای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌كات

وه‌فدی باڵای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌كات

ئه‌مڕۆ (12/10/2017، له‌مه‌كته‌بی سیاسی له‌سلێمانی، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراو و عومه‌ر فه‌تاح و حاكم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕیی و سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، پێشوازیان له‌ وه‌فدێكی باڵای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد، كه‌ به‌یاوه‌ری قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌مه‌به‌ستی هاوخه‌می و سه‌ره‌خۆشی، سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی-یان كرد.

دوا به‌دوای ساتێك وه‌ستان بۆ رۆحی هه‌میشه‌ زیندووی سه‌رۆك مام جه‌لال، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، سه‌ردانی وه‌زیرو كاربه‌ده‌ستانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆ مه‌زاری سه‌رۆك مام جه‌لال، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ناو كورددا وه‌فا بۆ سه‌رۆكه‌كانی  كورد، كه‌: مام، له‌ناو نه‌ته‌وه‌كه‌مان و له‌دنیاشدا، جێگه‌یه‌كی هه‌بوو، كه‌ ئێستا به‌چاو و ویژدانی خۆتان ده‌یبینن، هه‌موو دنیا چۆن پاداشتی ئه‌و پێگه‌ مه‌زن، پێگه‌ مێژوویی و هه‌ره‌ گرنگه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، كه‌ مام له‌ویژدانی وڵاتان، له‌ناوچه‌كه‌، له‌ناو جه‌ماوه‌ر و رای گشتی، له‌ناو حزبه‌كان، له‌ناو پێشمه‌رگه‌و كۆی خه‌ڵكی كوردستانیش، كه‌ جێگه‌و پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌و مێژویی هه‌یه‌ و رایگه‌یاند:
هاتنی ئێوه‌، وه‌كو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆ سه‌ر مه‌زاری سه‌رۆك مام جه‌لال، بێگومان جگه‌ له‌به‌ڵگه‌ی هاوخه‌می، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌شه‌ كه‌ حكومه‌تی كوردستان، حكومه‌تێكه‌ پابه‌نده‌ به‌هه‌موو ئه‌و په‌یامانه‌ی كه‌ له‌مێژوودا خه‌باتی بۆ كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه‌، حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌بێ، هه‌روه‌كو وه‌فایه‌كیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێمه‌، به‌شی ئه‌ركه‌ حكومییه‌كه‌ی خۆی، له‌سه‌ر مه‌زاری مام جه‌لال، په‌یمان نوێ بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باقی رێگاكه‌ی له‌ خزمه‌تگوزاری خه‌ڵك، له‌سه‌روه‌ری یاسا، له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ جه‌نابی مام جه‌لال هه‌میشه‌ له‌به‌رچاوی گرتووه‌، كه‌ هه‌م ئه‌م حكومه‌ته‌و په‌رله‌مانیش، له‌سه‌ر چ بیرۆكه‌و بنه‌مایه‌ك هه‌ڵبژێردراون و پێكهاتوون.
وتیشی: هاتنی ئێوه‌، درێژه‌دانی هه‌مان ئه‌و ئه‌ركانه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌حزبدا و ئێوه‌ مانانیش له‌حكومه‌تدا، هه‌ریه‌كه‌و رۆڵێك ده‌گێڕین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ مێژوییه‌ ته‌واو بكه‌ین، كه‌ جه‌نابی مام جه‌لال و هه‌موو سه‌ركرده‌ مێژوییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، كردوویانه‌ به‌ ئه‌ركی هه‌موومان و جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌:
كاروانه‌كه‌مان دوور و درێژه‌ و  هێشتا زۆری ماوه‌. كۆسپ، دژو دوژمنی له‌به‌رده‌ممدا ماوه‌ و میلله‌ته‌كه‌شمان چاوه‌ڕوانی زۆری هه‌یه‌ له‌حكومه‌ت، كه‌ ئه‌و به‌ڵێن و دروشمانه‌ی به‌رزی ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ره‌سمی ده‌یدات، جێبه‌جێیان بكات. هه‌روه‌ك پشتیوانی یه‌كێتیی بۆ حكومه‌ت و راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی دووپاتكرده‌وه‌و ئومێدی ده‌ربازبوونیشی له‌م قه‌یرانانه‌ بۆ خواستن و وتیشی: ئه‌و وه‌فایه‌ی حكومه‌ت بۆ مام جه‌لال، یه‌كێتیی به‌وه‌فاتر ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌حكومه‌تی هه‌رێم.
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی راشیگه‌یاند:ئه‌مجاره‌ كه‌ كه‌وتینه‌ ته‌نگانه‌ و رووبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یرانانه‌ بوینه‌وه‌، له‌ناویاندا قه‌یرانی دارایی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌سه‌رتانه‌ و هه‌ندێكی راسته‌، ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌رۆحی پێشمه‌رگانه‌ كۆڵنده‌ر بوو، ئه‌گه‌رنا ده‌بوو تووشی هه‌ڵدێرێكی گه‌وره‌ بوینایه‌! هه‌روه‌ك ئومێدیشخواست له‌م میحنه‌ته‌ی ئێستای میلله‌ته‌كه‌مانی تێدایه‌و رزگاری ببێت و ده‌وڵه‌تانیش لێكتێگه‌یشتنیان بۆ مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان هه‌بێت.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌، كه‌ ماڵئاوایی سه‌رۆك مام جه‌لال، لێپرسراوێتی سیاسی، حكومه‌تی و مۆراڵی یه‌كێتیی به‌رامبه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌كه‌مان قورستر ده‌كات. هه‌روه‌ك پابه‌ندبونمان به‌ به‌دیهێنانی ئامانجچه‌كان و راپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانمان قورستر ده‌كات و رایگه‌یاند: وه‌كو یه‌كێتی، یه‌كێتیی ناو یه‌كێتیی له‌لامان پیرۆز بووه‌و ئه‌ركی پاراستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌شی كه‌ مام جه‌لال ره‌نجی فه‌رهادی بۆ داوه‌، په‌یوه‌ندی یه‌كێتیی و پارتی، یه‌كێتیی و لایه‌نه‌كانی تریش، په‌یوه‌ندییه‌كی چاره‌نوسسازن، ده‌یپارێزین و په‌ره‌شی پێده‌ده‌ین و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌، په‌یامه‌كانی مام جه‌لالی وه‌بیرهێنایه‌وه‌و وه‌كو مه‌كته‌بی سیاسی ته‌ئكیدیی له‌پاراستن و جێبه‌جێكردنیان كرده‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌، عومه‌ر فه‌تاح، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی، به‌سوپاسه‌وه‌ له‌هاوخه‌می وه‌فده‌ باڵاكه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی رووانی و وتی: سوپاس كه‌ هاوخه‌م و به‌شداری ئه‌م ئازاره‌تان كردین، كه‌ یه‌كێتی، گه‌وره‌و رابه‌رو سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌زنی وڵاته‌كه‌مان له‌ده‌ستداوه‌. ئێوه‌ هاتونه‌ته‌ سه‌ردانی مه‌زاری رابه‌رێك كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌خشی و وتی: مام جه‌لال، كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی گرنگ و گه‌وره‌ی هه‌بوو، یه‌كێك له‌وانه‌ وره‌ به‌رزی بوو. بۆیه‌ هیچ كاتێك مام نه‌ده‌ڕوخا و كۆڵی نه‌ده‌دا و له‌ناخۆشترین رۆژگاره‌كاندا، زیاتر وره‌ی به‌رز بوو، بڕوای به‌سه‌ركه‌وتن بوو. بۆیه‌ داواكارم ئێوه‌ش له‌حكومه‌ت ده‌بێ وره‌تان به‌رز بێت و به‌وره‌ به‌رزییه‌وه‌، ئه‌ركه‌كانتان رابپه‌ڕێنن و ئامانجه‌كانتان بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌دیبهێنن. ئومێدی گه‌وره‌شمان پێتانه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ تێبپه‌ڕێنن و ئاسۆش رونه‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن.

هه‌روه‌ك حاكم قادر حه‌مه‌ جان، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی، پاشئه‌وه‌ی به‌سوپاسه‌وه‌ له‌هاوخه‌میی وه‌فده‌ باڵاكه‌ی روانی و به‌وه‌فاداری ناویبرد، ئاماژه‌ی بۆ بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و كۆی ئه‌و ره‌خنه‌و گله‌ییه‌كان كرد، كه‌ رووبه‌ڕوی حكومه‌ت ده‌بێته‌وه‌ و به‌پێویستیزانی كه‌ ده‌بێ حكومه‌ت، به‌ به‌رنامه‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌و گلله‌ییه‌كان ببنه‌وه‌ و به‌ته‌ئكید كردنه‌وه‌، له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌و قه‌یرانه‌كان و دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئاماژه‌ی بۆ كۆی هه‌لومه‌رجی ئێستا كردو رایگه‌یاند: یه‌كڕیزی حزبه‌ سیاسییه‌كان و گه‌له‌كه‌شمان له‌م قۆناغه‌دا، كه‌ قۆناغێكی هه‌ستیاره‌، بپارێزین و پته‌وتری بكه‌ین و وتیشی: باشترین رێگه‌ش هه‌میشه‌ دیالۆگه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان، هه‌م له‌ناوخۆ، له‌گه‌ڵ وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و له‌جیهانیشدا.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، پاشئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی بۆ بارودۆخی ئێستای ناوخۆ، له‌كوردستان و عیراق كردو تێڕوانینه‌ سیاسییه‌كانی له‌باره‌ی بڕیارو ئه‌گه‌ره‌كان له‌ناوخۆ و له‌هه‌رێمایه‌تی خسته‌ڕوو، هاوكات رونكردنه‌وه‌و زانیاری پێویستیشی له‌سه‌ر دوا هه‌وڵه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ له‌عیراق رونكرده‌وه‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ كوردستان، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ دیالۆگ بووه‌و به‌رده‌وامیش باوه‌ڕی به‌گفتوگۆ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن.

له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌، وه‌فده‌ باڵاكه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، جارێكی تر پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیان له‌مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی كرده‌وه‌و رایانگه‌یاند: مام جه‌لال هی هه‌موومان بوو، له‌ده‌ستدانیشی خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌ بوو. بۆ یه‌كێتیی و بۆ هه‌موو حزبه‌كان و بۆ كوردستانیش. خه‌ساره‌ت بوو بۆ ناوچه‌كه‌و هه‌موو دنیاش.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، وه‌فده‌ باڵاكه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، رۆڵ و پێگه‌ی باڵای سه‌رۆك تاڵه‌بانی به‌گه‌وره‌یی هه‌ڵسه‌نگاندو رایانگه‌یاند: سه‌ردانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ مه‌زاری سه‌رۆك مام جه‌لال، تازه‌كردنه‌وه‌ی به‌ڵێنی كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت بوو، بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیمان بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانمان بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و به‌دیهێنانی ئه‌و په‌یامانه‌ی ده‌بێ به‌دییانبهێنین.
ته‌ئكیدیشیان كرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم به‌وره‌ به‌رزییه‌وه‌ رووبه‌ڕوی قه‌یرانه‌كان بوینه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كاندا به‌وره‌ به‌رزییه‌وه‌ رووبه‌ڕووی كێشه‌كان بوینه‌وه‌و به‌ باوه‌ڕ به‌خۆمان و به‌یه‌كڕیزی خۆمان سه‌ركه‌وتین و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كان بوون به‌ئه‌زمون بۆمان، ئێستاش به‌هه‌مان وره‌وه‌، به‌ته‌بایی یه‌ك تیمی له‌حكومه‌ت، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یران و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مانه‌، له‌ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانمان و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین.

پـــەیـــوەنــدیــدار