بـــەپــەلــە
شەڕ بۆ یەكێتی و نەوت بۆ خەڵكی تر؟!

شەڕ بۆ یەكێتی و نەوت بۆ خەڵكی تر؟!

هاوكار محەمەد

رۆژی پێنج شەممە هەریەك لەهێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و باڤڵ تاڵەبانی دوو پەیامیان لەبارەی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بڵاوكردەوە، ناوەرۆكی هەردوو بەیامەكە تەئكیدكردنەوەیە لەچارەسەری ئاشتیانەی كیشەكان لەنێوان بەغداو هەرێم، هەمان رۆژ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەپەیامێكدا هەمان تێڕوانینی بۆ چارەسەری كێشەكان هەبوو.
ئەگەرچی لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەخوێنی زیادتر لە هەزار پێشمەرگە سنوری نێوان بەغدادو هەرێمی دیاریكردووە و رێگەی بەتیرۆریستان نەدا لەكەركوك، سیناریۆی داگیركردنی موسل و ئەنبار لەدەست بەغدا و شەنگال لەپارتی دووبارە بكاتەوە و سەنگەرەكانی قایم كردو ئەفسانەی داعشی تێكشكاند، بەڵام بەپێی دەستوری عێراق، كەركوك و تەنانەت تەواوی شارەكانی هەرێمیش سەربەحكومەتی ناوەندن و حكومەتی عێراق بەهاوبشی كورد رێگەیەكی یاساییان بۆ جیاكردنەوەی سنور دیاریكردووە كە مادەیەكی یاساییە و لەریزبەندی ماددە دەستورییەكاندا ژمارە 140ی لەخۆگرتووە.
هەرچەندە یەكێتی و خەڵكی كەركوك بە خوێن كوردستانی بوونی كەركوكی سەلماندووە و هیچ هێزێك ناتوانێت ئینكاری كوردستانیبوونی كەركوك بكات، بەڵام لەسەر سەركردایەتی سیاسی كوردستان پێویستە چارەسەری كێشەی كەركوك بەعەقڵ و مەنتیق بكرێت و خۆی بەدوور بگرێت لەسۆزو عاتیفەو موزایەدەی سیاسی، چونكە دەستوری عێراق لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە چاودێری دەكرێت و هەر هەوڵدانێك بۆ بەهەند وەرنەگرتنی دەستوری عێراق و كۆمەڵی نێودەولەتی، ئەوەندەی سود بە ركابەرەكانی كورد ئەگەیەنێت ئەوەندەو زیادتریش زیان لەبەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەدات و خوێنی هەزاران پێشمەرگە بەفیرۆدەدات.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەئێستادا وەك دەسەڵاتی یەكەم لەهەرێمدا نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵكی كوردستان دەكەن و تیكرای بریارە سیاسییەكانی هەرێم بەهاوبەشی پارتی و یەكێتی دەدرێت، ئەوەش كارێكی رەوایە و پێویستە لەسەری بەردەوام بن، بەڵام كەركوك تایبەتمەندی گرنگی بۆ یەكێتی هەیە و پێویستە لەچارەسەركردنی كێشەكانی كەركوكدا یەكێتی بریاری كۆتایی بدات، چونكە هەرچەندە كەركوك بەدرێژایی مێژوو پێگەی سەرەكی یەكێتی و جێ نفوزی ئەم حزبە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئەنجامەكانی دواین هەڵبژاردنەكانی عێراق، یەكێتی نەك هەر لیستی براوەیە، بەڵكو لەژمارەی دەنگەكانیشدا یەكێتی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە بەبەراورد بەدەنگی هەموو لیستە عیراقی و كوردستانییەكانیش، واتە ئەگەر دەنگ و سەنگی هەموو حزبە عێراقی و كوردستانییەكان لەتایەكی تەرازودا دابنرێت، ناگات بەدەنگ و سەنگی یەكێتی لەتاكەی تری تەرازووەكە.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمە نابەدڵەكەی خەڵكی كوردستان، بارودۆخی ناوچەكە سەر بۆ رووداوی نەخوازراو دەكێشێت، بەپێی هاوكێشەكە ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كوردستان بریاری حەكیمانەی نەبێت، ئەوا كەركوك دەبێت بەچەقی ململانێ و ناوچەی شەڕ و ئاڵۆزی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێزی سەرەكی ناوچەیە، هەرچەندە ئەم حزبە و خەڵكی كەركوك سودێكی ئەوتۆیان لەداهاتە سروشتییەكانی كەركوك نەدیوە، بەڵام لەحاڵەتی روودانی ئاڵۆزیدا یەكێتی و خەڵكی كەركوك دەكەونە بەردەم شەر و رووبەرووبونەوە و ئەو هێزو كەسانەیشی كە سامانی سروشتی ناوچەكەیان قۆرخ كردووە نەك لەمەیدانی شەرو ململانێكەدا هیچیان پێناكرێت، بەڵكو لەباشترین حاڵەتدا هەر ئەوەیان پێدەكرێت كە لەشەنگال و ناوچەكانی تر كردیان!
شەری نێوان كوردو حكومەتی عێراق ئەوەندەی پەیوەندی بەبەرژەوەندی لایەنێكی كوردییەوە هەیە، نیوهێندە پەیوەندی بەمافە بنچینەییەكانی خەڵكی كوردستانەوە نییە، حەقوایە یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێگەنەدات كەركوك ببێت بەمەیدانی شەری نێوان دوو لایەن كە هیچ لایەكیان هیچیان بۆ كەركوك نەكردووە، ئەوەی لەسەر یەكێتی پێویستە بیكات ئەوەیە كە رێگە بەتێكچوونی بارودۆخی كەركوك نەدات و رێگەش نەدات داهاتی نەوتی كەركوك وەك ئێستا بۆ خەڵكی تر لەدەرەوەی كەركوك بروات.
پەیامەكانی هێرۆ ئیبراهیم و باڤڵ تاڵەبانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی مژدەبەخشەو هیوایەكە بۆ سەقامگیركردنی زیادتری ئەمنیەتی خەڵكی كەركوك، كەركوكییەكان و یەكێتی نابێت رێگە بدەن ئەوەی بەخوێنی هەزاران پێشمەرگە بەدەستیانهێناوە بەهۆی موزایەدی ئەموئەوەوە لەدەست بدرێت، تازە شاری كەركوك بەخوێن كوردستانی بوونی خۆی سەلماندووە و هەرهەوڵدانێك بۆ ئاژاوەو شەر ئەوەندەی لەخزمەتی نەیارانی كوردو یەكێتییە ئەوەندە لەخزمەتی كەركوكدا نییە

پـــەیـــوەنــدیــدار