سكرتاریەتی مام جەلال پیرۆزبایی لەكوردستانی نوێ دەكات

سكرتاریەتی مام جەلال پیرۆزبایی لەكوردستانی نوێ دەكات

سكرتاریەتی هەڤاڵ مام جەلال بەبۆنەی بیست و چوارەمین ساڵڕۆژی  دەرچواندنی رۆژنامەی كوردستانی نوێوە پیرۆزبایی نامەیەكی ئاڕاستەی سەرنوسەرو سكرتاریەتی نوسین رۆژنامەنوسان و كادیرانی نوسین و چاپەمەنیی و تەكنیكیی و كارگێڕیی رۆژنامەكە كردوە، ئەمەش دەقەكەیەتی :

هەڤاڵ ستران عەبدوڵڵا سەرنوسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ

بە بۆنەی هاتنەوەی یادی  بیست و چوارەمین ساڵڕۆژی دەرچواندنی  رۆژنامەی كوردستانی نوێی ئازیزەوە، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی سەرۆك مام جەلال  پێشكەش  بە ئێوە و تەواوی رۆژنامەنوس و سكرتاریەتی نوسین  كارمەندانی نوسین و كارگێڕیی و  دیزاین و كارگێڕیی و ستاڤی هەمو بەشەكانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەكەین .

بەڕاستی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بەدرێژایی تەمەنی   هەر بەردەوام بوە لە داهێنان و بەخششەكانی بە كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیی و خزمەتێكی بەرچاوی كردوە لەئەركە دیموكراسیی، نیشتمانیی و، نەتەوەییەكانیدا، زۆر چالاك و چاپوكیشە لەچەسپاندن و پاراستنی  پرەنسیبەكانی  ئازادیی و ئازادییەكانی رادەربڕین كە جێگەی شانازیییە .

كوردستانی نوێ وەك هەمیشە سەرۆك مام جەلال  دوپاتی دەكاتەوە  پانتاییەكی فراوانی بۆ نوسەران و روناكبیران كردەوە تا بیروڕاو  سەرنجەكانیان   بە ئازادیی بخەنە بەرچاو و رەخنەكانیان لە كوردستانی نوێ وە ئاڕاستە بكەن بە (ی.ن.ك) یشەوە، ئەمەش  رچەشكێنێك بو لەكاروانی رۆژنامەگەریی كوردیدا و ئەزمونێكی گرنگ بوە، كە سەروەرییەكی  گەورەیە و رۆژنامەكەی پێ دەناسرێتەوە .

كوردستانی نوێ لەكوردستانێكی نوێدا هاتە مەیدانی كار كردن و ئەركی زۆر گەورە و گرنگی  لەبەردەمدا بو ، خۆشبەختانە وێستگە و قۆناغەكانی بە سەركەوتویی بڕی  تا ئەمڕۆی بە سەركەشی هێناوە  كە ئومێد وایە   بەردەوام بێت لەسەر ئەو رێباز و قوتابخانە دەوڵەمەندە  بێ كۆتاییە .

ئەمڕۆش لە كاتێكدا كوردستانی نوێ ئاهەنگی جەژنی لە دایكبونی دەگێڕێت كە گەل و وڵاتەكەمان و ناوچەكەش لە هەلومەرجێكی  دژوارو هەمە ململانێدان ، هیوادارین كوردستانی نوێ  وەك لێی رەچاو دەكرێت بە پەیامە رۆژنامەگەرییە رەسەنەكەی خۆی رۆڵی گەورە ببینێت لە هەمو كایەكاندا و ئەو لایەنە گرنگەی ژیانی رۆژنامەگەریی زیاتر پەیڕەو بكات كە لە پێناویدا دامەزراوە و بەشداری بكات لە پاراستنی یەكڕیزیی گەل و هێزەكانی و قوڵكردنەوەی لێبوردەیی و دیموكراسیی و پرەنسیبی مافەكانی مرۆڤ و تەبایی و برایەتیی و رەخنەگرتنی بنیاتنەرانەو بەرجەستەكردنی چەمكە نیشتمانیی و نەتەوەییەكان لە بەرگ و مۆدیلێكی سەردەمیانەی هاوچەرخدا .

لەكۆتاییدا  داوای سەركەوتن و گەشە كردنی زیاتر دەكەین بۆ كوردستانی نوێ ی  سەرمەشقی  داكۆكیكردن لە ئازادیی و سەربەستییەكان .

سكرتاریەتی  هەڤاڵ سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە