بـــەپــەلــە
ڕەفعەت عەبدوڵڵا: سیاسەت بە عینادی و كەللەڕەقی و ڕەدفعل ناكرێت

ڕەفعەت عەبدوڵڵا: سیاسەت بە عینادی و كەللەڕەقی و ڕەدفعل ناكرێت

 كاك مەسعود پێی وا بوو سوپای عێراق هێرش ناكات

ڕەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی: ئاماژەكان بۆ ئەوەن دووئیدارەیی ڕوو بدات

سازدانی: ئاژانس- ئارا ئیبراهیم

ڕەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پێی وایە بەلاغەكەی كۆبوونەوەی دوكان لەگەڵ پارتی لە بەغدا ڕەنگدانەوەی خراپی هەبووە و دەشڵێت: ״كاك مەسعود و كاك نێچیر پێیان وا بوو سوپای عێراق هێرش ناكات״ و وتیشی: ״ڕیفراندۆم پەلەی كرد لە هاتنی سوپای عێراق ״. ڕەفعەت عەبدوڵڵا لە چاوپێكەوتنێكی ״ئاژانس״دا پێی وایە ڕیفراندۆم دەری خستووە سیاسەتەكانی مەسعود بازرانی شكست لە دوای شكست بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنێت و دەشڵێت: ״بەم نزیكانە وەفدێكی یەكێتیی بۆ چارەسەری كێشەكان دەچێتە بەغدا״ و وتیشی: ״ئاماژهكان بۆ ئەوەن دووئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان ڕوو بدات.״

ئاژانس: سەرەتا لە كۆبوونەوەكەی دوكانەوە دەست پێ دەكەین كە ڕۆژێك بەر لە ڕووداوەكانی كەركوك ئەنجام درا؟ لەو كۆبوونەوەیەدا چی وترا؟

ڕەفعەت عەبدوڵڵا: كاتەكەی گونجاو نەبوو، كۆبوونەوەكەمان زۆر دوا خست و هەموو شتەكان كۆتایی پێ هاتبوو، كۆبوونەوەكە لەسەر مەوزووعی چوون بۆ بەغدا بوو كە چۆن بچین و چی بكەین، حاڵەتی دووەم زۆر نهێنی بوو، نامەوێ باسی بكەم، لەسەر چوونمان بۆ بەغدا گفتوگۆ كرا، دیارە بەغدا دەرگای گفتوگۆی گرتبوو لە ئێمە، ڕاستە دەیوت دەمانەوێت لەژێر چەتری دەستوور گفتوگۆ بكەین، بەڵام دەرگای نەكردەوە، نەیوت با وەفد بێتە بەغدا، ئێمەش وەك یەكێتیی هەوڵمان دەدا بە هەر وەسیلەیەك بێت ئەو دەرگایە بكرێتەوە، شەخسی بێت یان هەر چۆن بێت كۆ ببینەوە، چونكە وتمان ئەگەر ئەو دەرگایە نەكرێتەوە وەزعی كوردستان بە ئاڕاستەی زۆر خراپدا دەڕوات، هەموو لایەك ڕازی بوون دەرگای گفتوگۆ بكەینەوە و بچینە بەغدا.

ئاژانس: بەڵام ڕازی بوون بە كشانەوە لەو ناوچانەی بەغدا داوای دەكرد؟

ڕەفعەت عەبدوڵڵا: نا، كە دەڵێن دەچین گفتوگۆ دەكەین هەموو ئەو شتانەی دەگرتەوە، چۆن ڕێک بكەوین، هەمووشی لە بەغداوە دەكرا، پێشنیارێك هەبوو كە ئەو پێشنیارە وەكو یەكێتیی ڕازی بووین لە سەری، كە كەیوان ببێتە غورفەی عەمەلیات، هێزێكی ئەمەریكی-بەریتانی و پێشمەرگە و سوپای عێڕاق، بۆ ناو شاریش بەغدا داوای كردبوو شورتەی فیدراڵی بێت، كە ئێستا هێناویانە، ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین كە وتمان با لیوایەك لە لیواكانی مام جەلال کە هەر سەر بە حكومەتی عێراقییە، ئەوان بێن، ئەمە پێشنیارێك بوو، ئەمە حەلی ئەوەیە ئەم هێزەی كە هاتووە هیی ئەوە نەبوو پێشمەرگە شەڕ بكات، جەیشێك كە ئەمەریكا تەسڵیحی كردووە بە كامل چەك و تفاقەوە، تەنیا مەعنەوییاتی هێزی پێشمەرگە ڕەنگە بەرزتر بێت بەڵام لە ڕووی چەكەوە جیاوازیی زۆر بوو.

ئاژانس: ئەم پێشنیارەتان دایە پارتی لە كۆبوونەوەی دوكان؟

ڕەفعەت عەبدوڵڵا: بەڵێ وتمان ئەم حەلە باشە، دامانە پارتی، بەڵام پارتی ئەوەیان بە قورسی وەرگرت، نەگەیشتینە ئەنجام لە سەری لە كۆبوونەوەكەی دوكان، كە نەگەیشتینە نەتیجە، ئەو بەلاغەشی كە لە دوای كۆبوونەوەكە دەركرا لە بەغدا ڕەنگدانەوەی خراپ بوو، بۆیە بەغدا بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ كرد.

ئاژانس: پارتی ئەجێندای چی بوو لە كۆبوونەوەكەدا؟

ڕەفعەت عەبدوڵڵا: جارێ پێیان قورس بوو كە بڵێن لەژێر چەتری دەستووردا گفتوگۆ دەكەین، دەیانوت گفتوگۆكانمان دوای قۆناغی ڕیفراندۆمە با لەسەر بنەمای ئەوە بێت ئێمە چۆن داوای سەربەخۆیی بكەین، ئێمەش دەزانین عێراق ئەمە قبووڵ ناكات، مەسعود بارزانییش بۆچوونی ئەوە بوو وەفد كە دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن دوای قۆناغی سەربەخۆیی گفتوگۆ بكات.

ئاژانس: بۆچوونەكان لەسەر ڕیفراندۆم توندیی پێوە دیار بوو؟

ڕەفعەت عەبدوڵڵا: سیاسەت بە عینادی و كەللەڕەقی و ڕەدفعل ناكرێت، سیاسەت فەنی مومكینە، چیت پێ دەكرێت لە واقعدا دەبێت ئەوە بكرێت، هەم مەوزووعی ڕیفراندۆم و هەم دوای ئەنجامدانیشی ئەوەمان بینی كە بە عینادی سیاسەت ناكرێت، هەر كەسێكی تر بەو شێوەیە بیری بكردایەتەوە ڕیفراندۆمی نهدەكرد، دوو بۆچوون لەناو یەكێتیی هەبوو لەسەر ڕیفراندۆم، بە خۆم قەتعیەن لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نەبووم، نە لە كەركوك نە لە هیچ شوێنێكی هەرێم، ئەم ڕیفراندۆمە پەلەی كرد لە هاتنی جەیشی عێراقی، گەورەترین شت كورد لە دەستی دا پشتیوانیی نێودەوڵەتی بوو، كورد زۆر هاتووهتە دواوە.

ئاژانس: بۆچی ئەنجامەكانی كۆبوونەوەكەی دوكانتان لەگەڵ پارتی بۆ خەڵك نەخستە ڕوو؟

ڕەفعەت عەبدوڵڵا: ئێمە لەسەر كەركوك جیاواز بیرمان دەكردەوە، نەتیجەی ناكۆكیی خۆمان وەك یەكێتیی و ناكۆكیی نێوان ئێمە و پارتی هەڵەی كوشندەمان كرد دەربارەی كەركوك، ڕیفراندۆم نەدەبوو بكرایە لە كەركوك، زۆر پەشیمانم لەوەی ئەو ڕۆژە پەنجەم مۆر كرد، ئێمە دەمانزانی ئەم حاڵەتە لە كەركوك ڕوو دەدات، بە پارتیمان وت لە كۆبوونەوەكە و ڕەئیم وا بووە شەڕ دەبێت، شەڕەكەش كارەسات دەبێت، كاك مەسعود و كاك نێچیرڤان دەیانوت شەڕ نابێت، ئەو هێزانەی نێردراون بۆ ئیستفزازكردنە.

ئاژانس: نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی بوو، لەژێر سەیتەرەی یەكێتیی نەبوو وەك پارێزگار، بۆچی؟

ڕەفعەت عەبدوڵڵا: فیعلەن یەكێك بوو لەوانەی كە لە سەردەمی ئەودا هەڵەی زۆر گەورە كرا، هەڵەكان كە دەكران هەستم دەكرد بە مەبەست بووبێت، زۆر تەداخولم دەكرد، بەڵام سوودی نەبوو. ئەو پەیوەندییەی وەك یەكێتیی هەمانبوو لەگەڵ عەرەب و توركمانەكانی كەركوك، هەموو ئەو پەیوەندییانە تێك چوو، سیاسەتی پارتی كە بەو شێوەیە بوو نەجمەدین كەریم ئەو ئاڕاستەیەی پارتی گرتبوو، ئەوەی جێبەجێ دەكرد لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك.

ئاژانس: دەنگ هەیە پێنج بەرپرسی كەركوكی لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی، كە یەكێكیان بكرێتە پارێزگاری كەركوك و یەك لهوانه بەڕێزتانن، كێ دادەنرێت؟

ڕەفعەت عەبدوڵڵا: ئێمە كێشەمان نابێت لەسەر ئەو پۆستە كێ وەری دەگرێت، جارێ نازانم كێ دەبێت، تا ئێستا وایە پارێزگاری كەركوك هەر لای یەكێتیی دەبێت و ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركوك هەڵی دەبژێرێت و دەبێت پێكهاتەكانی كەركوك لەگەڵیدا بن، كەركوكییەك دادەنرێت

پـــەیـــوەنــدیــدار