تۆنی بلێر: مام جەلال به زیره‌كی و لێهاتوویی توانی‌ سه‌ركردایه‌تی به‌شێك له‌ ئه‌سته‌مترین سیاسه‌ته‌كانی جیهان بكات

تۆنی بلێر: مام جەلال به زیره‌كی و لێهاتوویی توانی‌ سه‌ركردایه‌تی به‌شێك له‌ ئه‌سته‌مترین سیاسه‌ته‌كانی جیهان بكات

ئه‌مه‌ شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ ئه‌م ئێواره‌یه‌ له‌گه‌ڵتاندام بۆ گه‌یاندنی رێزی خۆم بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی.

جه‌لال تاڵه‌بانی ڕابه‌ر‌ و هاوڕێ بوو‌، له‌ كاته‌ ئاسته‌نگ و دژواره‌كاندا به‌رانبه‌ره‌كه‌ی دڵخۆش ده‌كرد. ده‌مانزانی رۆژێك دێت وه‌ك پاڵه‌وان ده‌رده‌كه‌وێت.

ئێمه‌ زۆر جار پێكه‌وه‌ كۆبووینه‌ته‌وه‌، زۆر كاتی خۆشمان به‌سه‌ر بردووه‌، وه‌ك ده‌زانن مام جه‌لال حه‌زی له‌ خواردنی باش بوو، هاوكات پێكه‌وه‌ كاتی خۆشمان به‌ گفتوگۆ و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كان به‌سه‌ر ده‌برد، ئه‌و بیری له‌ داهاتوو ده‌كرده‌وه‌ تاكو جیاواز بێت له‌ ڕابردوو.

به‌ بۆچوونی من جه‌لال تاڵه‌بانی سێ سیفه‌تی زۆر باشی هه‌بوو، وایلێكردبوو نه‌ك هه‌ر ببێت به‌ ڕابه‌ر به‌ڵكو كردبووی به‌ سیاسه‌تمه‌دار.

یه‌كه‌م: بلیمه‌تی و زیره‌كی

به‌ ئاستی زیره‌كی و لێهاتوویی توانی‌ سه‌ركردایه‌تی به‌شێك له‌ ئه‌سته‌مترین سیاسه‌ته‌كانی جیهان بكات، مام جه‌لال مرۆڤێكی گه‌وره‌ بوو، له‌گه‌ڵ بوونی جیاوازی و به‌گژداچوون و ململانێ و دژواری و ئاسته‌نگه‌كان، رێگا هه‌وراز و نشێوه‌كانی ده‌بڕی و به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی.

كاتێك ساڵی 2005 بوو به‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق، ئاسانه‌ له‌ بیر بكرێت، به‌ڵام له‌ راستیدا زۆر ئه‌سته‌م بوو كه‌سایه‌تیه‌ك به‌و باگراونده‌وه‌ ببێت به‌ ئاوێنه‌ی یه‌كڕیزیی وڵات، به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجامی دا. ئه‌و هه‌ڵبژێردرا و دووباره‌ش هه‌ڵیانبژارده‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان ده‌یانزانی ئه‌و لێهاتوو و جیاواز بوو‌، زیره‌كی و هاوسه‌نگییه‌كه‌ی گومانی تیادا نه‌بوو.

دووهه‌م: پێداگری

بیر له‌و كاته‌ بكه‌ره‌وه‌ كه‌ دۆسێی ئازادیی گرته‌ ده‌ست، بیر له‌ هه‌موو ئه‌و كاتانه‌ی رابردوو بكه‌ره‌وه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه‌، له‌ ئێستاشدا بیر له‌وه‌ بكه‌ره‌وه‌ ئه‌و كارانه‌ چه‌ند مه‌حاڵ بووه‌ له‌و كاته‌دا! ئه‌و فشارانه‌ی له‌سه‌ری بوون چه‌ند گه‌وره‌ بوون! له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا رۆژێك نه‌بوو وره‌ی بڕوخێت، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی تاكێكی بێوێنه‌یه‌.

هه‌موو كاتێك دۆسیه‌ی كورد له‌ دڵیدابووه‌، یه‌كه‌م پرس بووه‌ له‌ بیریدا بێت، هه‌میشه‌ پێداگری كردووه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ له‌ هه‌نگاونان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی دۆسیه‌كه‌ی تاكو بگات به‌ به‌رهه‌م، من ئاگادار بووم ئه‌و شانازی ده‌كرد به‌ بیركردنه‌وه‌كانی بۆ پێداگری له‌ كوردستان.

سێهه‌م: ئاستی مرۆڤایه‌تی

سێهه‌م خه‌سڵه‌ت كه‌ لای من له‌ زیره‌كی و پێداگرییه‌كه‌ی له‌ پێشتر بوو، لایه‌نی مرۆڤایه‌تی بوو، كه‌سێكی دلۆڤان و دڵسۆز و نیه‌ت باش بوو. كه‌ ‌ باسی سیاسه‌تت له‌گه‌ڵدا ده‌كرد، ته‌نها باسی باكگراوندی خۆی یان كوردستان یان عیراقی بۆ نه‌ده‌كردی، به‌ڵكو باسی هه‌موو جیهانی ده‌كرد.

پیاوێك بوو له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا و له‌ جیهاندا، مام جه‌لال ده‌یتوانی بچێته‌ ناو هه‌موو گفتوگۆیه‌كه‌وه‌، ده‌یتوانی سڵاو له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵێك بكات و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ دروست بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ یه‌كسانی و ویستی سه‌ربه‌خۆیی بۆ هاوڵاتی كورد هه‌یبوو، بۆ هه‌موو خه‌ڵكی ده‌ویست.

مام جه‌لال به‌ هۆی خۆشه‌ویستی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ نه‌بوو به‌ كه‌سێكی خۆپه‌رست، به‌ڵكو خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی به‌شێك بوو له‌ به‌ره‌وپێشچوونی زیاتر، تاكو خه‌ڵك وا بكات حكومه‌ته‌كه‌یان دوور بێت له‌ دیكتاتۆری، خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ بوو هاووڵاتی له‌ خواروی حكومه‌ته‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵكو حكومه‌ت له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵكدا بێت، خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ بوو هاووڵاتیان ئازاد بن له‌ دیاریكردنی داهاتووی خۆیاندا، ئه‌مانه‌ بنه‌مای هاندانی جه‌لال تاڵه‌بانی بوون له‌ ژیانیدا. بۆیه‌ كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی ته‌نها كورده‌كانی دڵگران نه‌كرد، به‌ڵكو خه‌ڵكی هه‌موو شوێنه‌كانی خه‌مبار كرد، ئێوه‌ كه‌ ئێستا له‌م وڵاته‌ ده‌ژین ده‌زانن كه‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌ی هیوا بوو بۆ ئێوه‌ش، بۆیه‌ شانازیتان پێوه‌ ده‌كرد و كه‌سێك بوو دوای ده‌كه‌وتن و ئیلهامی پێده‌به‌‌خشین.

من كه‌ ئێستا لێره‌ وه‌ستاوم، بیر له‌ هه‌موو ئه‌و كاتانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ مام جه‌لال قسه‌مان ده‌كرد، بۆ تێپه‌ڕاندنی ڕۆژه‌ تاریكه‌كان، سه‌رچاوه‌ی ئیلهام بوو، دوای رووخانی دیكتاتۆری له‌ 2003دا كه‌سێك مایه‌وه‌ كه‌ راستییه‌كانی ده‌وت‌ كه‌ باوه‌ڕی پێبكه‌م و پێداگریشی كرد كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆی تێده‌كۆشێت پێویسته‌ به‌دیبهێنرێت.

هاتنم بۆ ئێره‌ شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ تاكو رێزی خۆمی پێبگه‌یه‌نم و پێتان بڵێم كه‌ ئه‌و دۆسێی له‌ دڵی جه‌لال تاڵه‌بانیدا بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی كورد، ده‌كرێت ئه‌مڕۆ به‌شێكی به‌دیبهێنرێت، ئه‌وه‌ش له‌ سایه‌ی ژیری و پێداگری و مرۆڤایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانیدا، ئه‌و ئازادی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ویست و ویستوویه‌تی هه‌موو خه‌ڵكیش ئازاد بێت.

بنه‌ماكانی بۆ دۆسیه‌ی ئازادی وای لێكرد له‌ مێژوودا وه‌ك یه‌كێك له‌ پیاوه‌ گرنگه‌كانی ئه‌م دوو سه‌ده‌یه‌ دابنرێت.

وتاری تۆنی بلێر سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری به‌ریتانیا له‌ پرسه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ له‌نده‌ن

وه‌رگێڕانی: به‌خته‌وه‌ر سڵێمان

ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ

پـــەیـــوەنــدیــدار