بـــەپــەلــە
مه‌رجه‌کانی سه‌رکردایه‌تیکردن

مه‌رجه‌کانی سه‌رکردایه‌تیکردن

هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا

 

سه‌رکردایه‌تی و ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌ که‌سێکدا ره‌چاو ده‌کرێن که‌ له‌ سه‌رکردایه‌تی هه‌ر رێکخراو یان هه‌ر داموده‌زگا و دامه‌زراوێکدا     کار بکات بابه‌تێکی پڕ بایه‌خ و گرنگن له‌ نێو بازنه‌ی          زانسته‌ سایکۆلۆژییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و رێکخراوه‌ییه‌کان و زانسته‌کانی کارگێری و ئاکاریه‌کاندا، هه‌ر بۆیه‌ له‌ وونبوون یان نه‌بوونی مه‌رجه‌ پێویسته‌کاندا ئاینده‌ و دواڕۆژی هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌ک دیاری ده‌کرێت به‌ رێژه‌یه‌کی نزیک له‌ سه‌رکه‌وتن یان شكست و سه‌رنه‌که‌وتنی‌ له‌ کار و چالاکییه‌کانیدا، هه‌موو ده‌رئه‌نجامێکیشی به‌یار یاخود نه‌یار به‌ پێی سنووری ده‌سه‌ڵاته‌کان و پێگه،‌  کاردانه‌وه‌ و كارانگازی له‌سه‌ر هه‌مووان ده‌سازێنێت، که‌ پێده‌چێت به‌ ده‌ستکه‌وت یان زیانێکی گه‌وره‌ به‌ سه‌ر رێکخراوه‌که‌‌یدا بشکێته‌وه‌.

سه‌رکردایه‌تیکردن یان خۆپاڵاوتن بۆ کۆمیته‌یه‌کی سه‌رکردایه‌تی هه‌روا ئاسان نیه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ پارتێکی رێکخراوه‌یی که‌ هێزێکی سیاسی به‌رچاو بێت له‌ سه‌رکردایه‌تیکردنی میلله‌تێکدا،له‌ ته‌واوی دنیاشدا هه‌روا بووه‌، به‌ پێی قۆناغه‌کان پیاوانی مه‌زن و که‌سانی سه‌رکرده‌ی لێهاتوو ده‌رکه‌وتوون که‌ مه‌زنی و گۆڕانکاری و به‌ره‌و پێشچوونیان بۆ میلله‌ته‌کانیان ده‌سته‌به‌ر کردوه‌ و ئایندیه‌كی    گه‌ش و رووناكیان بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك نه‌خشاندووه‌ و خه‌مڵاندووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ که‌سانیکی دیكه‌ی سه‌رکرده نه‌هامه‌تی و کاولکاری زیانێكی زۆری به‌سه‌ر میلله‌ت و نیشتمانه‌كه‌یدا هێناوه‌.

هه‌ر بۆیه‌ کۆمه‌ڵێک مه‌رجی پێویست رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینن له‌ دیاریکردنی که‌سایه‌تی سه‌رکرده‌دا، وه‌ک: خاوه‌نی روناکبیرییه‌کی گشتی بێت و توانای لێکدانه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ورد و قووڵی هه‌بێت،  دڵسۆز و په‌رۆش بێت بۆ په‌یامی رێکخراوه‌که‌ی و ئاماده‌بوونی تیا بێت بۆ هه‌ر قوربانیدانێک به‌ پێداویستی و ئاره‌زووه ‌که‌سییه‌کانی خود تا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌کان مسۆگه‌ر ببن و بپارێزرێن .. باوه‌ڕی ته‌واوی به‌ دیموکراسی و ئازادی را ده‌ربڕین هه‌بێت و رێز له‌ راوبۆچوونی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بگرێت و له‌ ژیانی رۆژانه‌یدا به‌ كرده‌ پیاده‌ی کردبێت، پاراستنی یه‌کیه‌تی ریزه‌کانی ناو پارته‌که‌ی له ‌سه‌روو ئاره‌زووه‌کانیه‌وه‌ بێت و پته‌وی توانای یه‌کگرتوویی له‌ خزمه‌تی ئامانجه‌ گشتییه‌کاندا به‌کار بهێنێت، توانای پلاندانان و رێکخستن و هونه‌ری کارکردن و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌بێت .. بوونی توانای جیاوازکاری له‌ نێوان ئه‌و شتانه‌ی گرنگن و ئه‌وانه‌ی گرنگ نین. بڕوا بوون به‌ که‌وتن و ده‌ستکێشانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ له ‌کاتی نه‌توانینی سه‌رکردایه‌تیکردن یان هه‌ڵه‌یکی وا که‌ کاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی و خراپی بۆ سه‌ر پارته‌که‌ی و میلله‌ت و وڵاته‌كه‌ی دانابێت‌ .. توانای سوود وه‌رگرتنی هه‌بێت له‌ جیهانی عه‌وله‌مه‌ و له‌و روانگه‌یه‌وه‌ خۆی به‌رجه‌سته‌ و ئاماده‌ بکات و توانای خۆسازاندن و گونجاندنی له‌گه‌ل گۆڕانکارییه‌کاندا هه‌بێت و بڕوای به‌ پێشکه‌وتن پته‌و بێت ..

دیاره‌ تواناداری که‌سێکی سه‌رکرده‌ له‌هه‌ر بوارێکدا بیت، به‌ر له‌ خۆپاڵاوتن یان به‌شداریکردنی له‌ ئاستێکی سه‌رکردایه‌تی کردندا له‌ ئاکامی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و کارگێرێ و رێکخراوه‌ییه‌کاندا به‌ده‌رده‌که‌وێت، هه‌ر بۆیه‌ له‌کاتی هه‌ڵبژاردنه‌ دیموکراسییه‌کاندا و پاڵپشت به‌ ژیریه‌تی و هۆشیاری ده‌نگه‌کان، که‌سانی شایسته ‌و لێهاتوو دیاری ده‌کرێن و ده‌بنه‌ سه‌رکرده‌.

له‌ کاتێکیشدا باس له‌ مه‌رجه‌کانی که‌سێکی سه‌رکرده‌ ده‌که‌ین، هه‌ردوو توخمی نێر و مێ ده‌گرێته‌وه‌ و سه‌رکرده‌ له‌ هه‌ر توخمێک بێت هه‌مان ئه‌و مه‌رجانه‌ی لای سه‌ره‌وه‌یان پێویسته‌، ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌ پێکردنیشه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگانه‌ی ‌له‌ قۆناغی به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدان و ژنان رۆڵی خۆیانی تێدا ده‌گێڕن له‌ پرۆسه‌ی کار و چالاکییه‌کانیاندا پێویسته‌ به‌هێزی و تواناداری و كه‌سایه‌تی خۆیان بسه‌لمێنن، دوور له‌ گرژی و توندو تیژی و خاوه‌نی سۆزه‌ تایبه‌تییه‌که‌ی خۆیان بن، دوور له‌ لاوازی و بڕوای بوون           به‌ خودیش گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاته‌ لای ئه‌و ژنانه‌ی سه‌رکردایه‌تی ده‌که‌ن و هه‌ر ئه‌م بڕوا و متمانه‌ به‌ خۆبوونه‌ش وا ده‌کات دوور بن له‌ پاشکۆیه‌تی پیاو سالاری.

ده‌کرێت ئاماژه‌ش بده‌ین به‌ گرنگییه‌تی و بوونی چه‌ند سیفه‌تێک که‌ ژن وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌ک هه‌ڵگریه‌تی و ده‌شێت له‌ قۆناغه‌کانی به‌ره‌و مه‌ده‌نییه‌تدا زۆرتر سوود له‌ تواناو داهێنانی ژنان ببینرێت. ژنانی سه‌رکرده‌ زیاتر سوور و مكوڕن له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی  کاره‌کان و هه‌میشه‌ بایه‌خ وگرنگی به‌ چۆنایه‌تی ده‌ده‌ن وه‌ک له‌ چه‌ندایه‌تی و‌ زیاتر گیانی هاریکاری و پێکه‌وه‌ کارکردنیشیان تیا ره‌چاو ده‌کرێت. له‌ ته‌واوی جیهانیشدا ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ له‌ هه‌ر کوێیه‌ک یاسا سه‌قامگیر بووبێت و بوار درابێت ژنانی به ‌توانا و كارامه ‌و لێهاتوو سه‌رکردایه‌تی بگرنه‌ ده‌ست له‌ هه‌ر بوارێکی رێکخراوه‌یی یان کارگێڕیدا بووبێت، سه‌رکه‌وتنێکی دیار و به‌رچاویان له‌ به‌ڕێوه‌بردندا به‌ده‌ست  هێناوه‌ و ئه‌مه‌ش سووربوونی ژنان نیشان ده‌دات له‌ چه‌سپاندنی خودی که‌سایه‌تی و پێگه‌ی خۆیان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا.

هه‌ر بۆیه‌ تا ده‌رفه‌ت به‌ ژنانی به‌ توانا و  زیره‌ك و كارامه‌ بدرێت، ئه‌وانه‌ی نیشانه‌کانی سه‌رکرده‌یان تیا کۆبۆته‌وه، ‌کۆمه‌ڵگه‌ زووتر و خێرا تر به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و شارستانییه‌ت هه‌نگاو ده‌نێت

پـــەیـــوەنــدیــدار