بـــەپــەلــە
شانشینى ئال سعود لەبەردەم قۆناغى خۆرئاوابونى دەسەڵاتیاندا !

شانشینى ئال سعود لەبەردەم قۆناغى خۆرئاوابونى دەسەڵاتیاندا !

ئەوەى ئاشکرایە شانشینى سعودیە تەمەنى لە ئێستادا 85 ساڵ تەواو دەکات کاتێک لەلایەن شا عەبدول عەزیزى دامەزرێنەرەوە لە 23ى ئەیلولى ساڵى 1932دا توانى سەرجەم خاکى نەجد و حیجاز و تائیف لەلایەک ڕزگاربکات لەژێر دەستى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى ئیسلامى بە هاوکارى و پشتیوانى ئینگلیزى مەسیحى و لەلایەکى تریشەوە زاڵبوونى ئال سعود بەسەر هەموو بنەماڵە و خێڵ و ڕکابەرە سیاسیەکانیان لە بنەماڵەى شەریفى کوڕى حوسەین و ئەوانى تردا،و بۆخۆیان بونە باڵادەست و دەسەڵاتدارى یەکەمى ئەم شانشینە و توانى شانشینى سعودیە دابمەزرێنێت لەدواى یەکگرتنەوەى هەموو خاکەکەى.
ئیدى لەو ساتە وەختەوە تاکو ئێستا و بەدرێژایى تەمەنى شانشینەکە بنەماڵەى ئال سعود کۆنتڕۆڵى هەموو جومگە و ئۆرگانە گرنگ و هەستیارە سیاسى و ئابورى و سەربازیەکانى ئەو وڵاتەیان خستۆتە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتى خۆیانەوە و ئەندامانى بنەماڵەیان دابەشکردۆتە سەر هەموو ناوچەکان و لەسایەى سیاسەتێکى ئاینى و مەزهەبى سەلەفى دواکەوتوو کۆنەپارێزى وەهابیەتەوە و بەناوى زیندووکردنەوە و پارێزگاریکردن لە پێشینە ێاڵحەکانى ئیسلام(( سلف الێالح)) ئەوپەڕى توندیان نواندوە لەسەپاندنى بنەما فکرى و ئاینى و مەزهەبیەکانى خۆیان و بەشێوەیەک سعودیەیان کردۆتە سەرچاوەى توندڕەوى ئاینى ئیسلام و هاندان و پشتیوانى زۆرێک لە گروپ و ڕێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوەکان لە جیهاندا بەهۆى دەوڵەمەندى و زۆرى داهاتى نەوت و جێگە پیرۆزەکانى مەکە و مەدینەوە،و نمونەى ئەو گروپانەش وەک ڕێکخراوى ئەلقاعیدەى ئوسامە بن لادن و تاڵیبانى ئەفغانشتان و موجاهیدەکان لە پاکستان و کشمیر و داعش و بەرەى ونوێرە و زۆرى تر کە هەریەکەیان بەناوى جیاوازەوە لە وڵاتانى ئیسلامى و نائیسلامیدا بڵاوبونەتەوە و کارى تیرۆر و تۆقاندن ئەنجام دەدەن، لەلایەک بەناوى جیهادى پیرۆزەوە دژ بە نا موسوڵمان و حوکمڕانە تاغوتە ئیسلامیەکان و لەلایەکى تریش بەناوى وەستانەوە دژى هەڵکشان و گەورەبون و تەشەنەکردنى مەزهەبى کەمینەى شیعى وەک ڕکابەرى سەرەکى مەزهەبى زۆرینەى سونە لە ئیسلامدا کە لەلایەن ئێرانى مەجوس و فارسیەوە ڕابەرایەتى دەکرێت و لە ئێستادا بۆتە مەترسى هەرە گەورە بۆ سەر نفوز و پێگە و دەسەڵاتى ئال سعود لە ناو خودى سعودیە و ناوچەکە و دونیاى ئیسلامیشدا.
ئاشکرایە کە ململانێى توند و خوێناوى شیعە و سونە مەزهەبەکان بەقوڵایى مێژووى ئیسلامى 1400 ساڵەیدا قوڵبۆتەوە و ڕەگى داکوتاوە و ئەستەمە بەسانایى کۆتایى بێت.
شانشینى سعودیە بەم هەموو ململانێ ناوخۆییەى کە هەیەتى لەناو خودى بنەماڵە و پێکهاتە جیاوازەکانى کۆمەڵگاى سعودیدا لە سونە و شیعە و بێباوەڕانیش و جۆرى سیستەمى حومڕانى داخراو و کۆنە پارێز و لەگەڵ بون و بەردەوامى دیاردەى گەندەڵى ئیدارى و دارایى و سیاسى و سەربازى، بڵاوبنەوەشى لەناو خودى بنەماڵەى دەسەڵاتدار و دواتریش بۆ هەموو ئۆرگانەکانى وڵات و دەوڵەتدا و دەوڵەمەندبوونى دەستە و گروپ و چینێکى دیاریکراو لەبنەماڵەى فەرمانڕەواو هەژارکەوتنى چێنێکى گەورەترى کۆمەڵگاى سعودیە سەرەڕاى بوونى سەروەت و سامانێکى سروشتى لەو وڵاتەدا بەتایبەتیش نەوت و غازى سروشتى کە سعودیە یەکەمین وڵاتى بەرهەمهێن و هەناردەکارى نەوتە لە ناوچەکە و لەسەر ئاستى دونیاشدا دووهەمینە و ڕۆژانە زیاد لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتى خاو بەرهەم دێنێت.بەڵام بەهۆى دەستگرتنى دەستە و گروپێکى مافیایى بەسەر توانا و وزەى ئەو وڵات و کۆمەڵگایەدا و بونى گەندەڵیەکى گەورە ـسعودیە وەک چاوەڕوان دەکرێت ناتوانێت بۆ چەند دەیە ساڵێکى تر لەسەر ئەم ڕێتمى حوکمڕانیە بەردەوام بێت کە خۆى دەنوێنێت لە پشتاوپشتکردنى دەسەڵات لەنێوان ئەندامانى خێزانى شاهانەى پیر و بەتەمەنەکاندا کە لەگەڵ پێشکەوتن و تەکنەلۆجیا و گۆڕانکاریە نوێکان و نەزمى نوێى جیهاندا وێکنایەنەوە و تواناى وەرگرتن و بەرەوپێشبردنى شانشینى سعودیەیان نیە ، بۆیە لەهەنگاوێگى چاوەڕواننەکراو و دەرچوو لە عورف و عاداتى هەشتاساڵەى بنەماڵەى فەرمانڕەوا و دواى کۆچى شا عەبدوڵا و هاتنە سەر حوکمى شا سەلمان یەکسەر و ڕاستەوخۆ و بەدڵنیایى لەدواى ڕاوێژ و ئامۆژگارى و فشارى دونیاى دەرەوە بەتایبەتى ئەمریکى و ئەوروپیە دۆستەکانیان،شا سەلمان لەماوەى کەمتر لەساڵێکدا کۆمەڵێک بڕیارى گەورە و گرنگ و هەستیارى دەرکرد لە گۆڕانکارى وەزیر و پۆست و پلە گرنگەکان و لەناویشیاندا لابردنى جێنشینى خاوەن ئەزموون و پیازى شارەزا لە بوارى ئەمنیدا محمد کوڕى نایفى برازاى و هێنانە پێشەوەى کوڕەکەى خۆى محمد کوڕى سەلمانى تازە پێگەیشتووى تەمەن 32 ساڵ و کردنى بەجێنشینى خۆى و پێدانى چەند پۆست و دەسەڵاتێکى گەورە و گرنگ وەک وەزیرى بەرگرى و جێگرى سەرۆک وەزیران و سەرکردەى هێزى نیشتیمانى و پاسەوانى پادشایى و لێپرسراوى مەلەفى ئابورى و ئەمنى و زۆرى تر. کە بەشێوەیەک لە ئێستادا ئەو بۆتە شا و بڕیاربەدەستى کۆتایى شانشینى ئال سعود و وەک پێشبینیش دەکرێت بۆئەوەى بەتەواوەتى ئامادەى بکات بۆ وەرگرتنى پۆستى پادشاى سعودیە شا سەلمان لە هەنگاوێکى دژە باودا خۆى دەستلەکاربکێشێتەوە بۆئەوەى محەمەدى کوڕى ببێتە پادشا و ئیدى کۆتایى بەنەریتى کلاسیکى ئاڵوگۆڕى دەسەڵات بهێنێت و بیکاتە فەرمانڕەواى ڕەها لە سعودیەدا.وەک دەنگۆى ئەوە بڵاوە کە تاکۆتایى ساڵى 2017 و سەرەتاى ساڵى 2018 ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە ئەنجام بدرێت.
شازادە محمدى کوڕى شا سەلمان گەنجێکى وەک دەوترێت بەتوانا و وزەى گەورەیە و تاڕادەیەک لەماوەى ڕابووردوودا توانیویەتى توانا و لێهاتوویى خۆى پیشان بدات و پەیوەندیە ناوچەیى و عەرەبى و ئەوروپى و ئەمریکى و ڕوسیەکانى گەشە پێبدات و خۆى بکاتە دۆست و پشتیوانیى ئەوانیش بەدەستبێنێت، شازادە محمد کاریگەرى بنەماڵەى زایدى ئیماراتی لەسەرە و بەتایبەتیش جێنشینى ئیمارات شازادە عەبدوڵاى کوڕى زاید کە هاوتەمەن و هاوڕاو و زۆر نزیکن لەڕووى فکر و کردارەوە و ئەویش لە ئیماراتدا ڕۆڵى گەورە و بەرچاوى هەبووە لە پێشخستنى وڵاتەکەیدا.
شازادە محەمەد لەدەرەوەى سعودیە ماوەى زیاتر لە ساڵێکە وەک وەزیرى بەرگرى سەرکردایەتى بەرەیەکى عەرەبى ئیسلامى سەربازى دەکات دژ بە حوسیەکانى یەمەن ،هەرچەندە سەرکەوتنى گەورەى بەدەستنەهێناوە بەڵام توانیویەتى بەر بە گەورەبون و پێشکەوتنیان بگرێت کە بونەتە مەترسى ڕاستەقینە لەسەر سعودیە و ئاشتى و ئارامیەکەى.هەروەها خاوەنى پڕۆژەى گەشەدارى ئابورى گەورەیە کە تاساڵى 2030 بەنیازە جێبەجێى بکات ،و ڕووى لە ئازادکردنى ئابورى و بازاڕە و تەنانەت بوار و کەرتى نەوتیش بەدەر نیە لەو بەرنامەیە کە ئاشکرایە نەوت و داهاتەکەى تاکە سەرچاوەى گەورەى ئابورى سعودیەن و لە سەر ئاستى کۆمەڵایەتیش هەڵگرى بیر وباوەڕى کراوەنەوەى زیاترى کۆمەڵگا و خاوکردنەوەى بیروباوەڕى توندڕەوە ئاینیەکانە و لایەنگرى پێدانى ئازادى زیاترە بەتاکى سعودى لە پیاوان و ژنان و ڕێگەى داوە کە ژنان ببنە شۆفێر و لێخوڕى ئۆتۆمبێل کە تائێستا لەکارە قەدەغە و حەرامکراوەکان بوە و لایەنگرى کرانەوەى بوارى پەروەردە و فێرکردنیشەو لایەنگرى لابردنى فکرى توندڕەویە لە بەرنامە و مەنهەجى خوێندندا.
جا لە پێناو سەرخستنى ئەم ئاوات و خواست و بەرنامانەدا پێویستى بە چەسپاندنى زیاترى دەسەڵاتەکەى دەبێت بۆئەوەى ببێتە پیاوى یەکەمى بێڕکابەر و ئەمەش گەرەکە کە بەپلەى یەکەم دژى گەندەڵى و گەندەڵکارانى ناو بنەماڵەى شاهانە و دەستەبژێرى حومڕانى و دەوڵەمەند و سەرمایەدار و خاوەن پۆستە تایبەتیەکان بوەستێتەوە،هەربۆیە لە ڕێکەوتى شەمەى 4ى نۆڤەمبەرەوە دەستى کردوە بە ڕاگەیاندنى هەڵمەتێکى چاکسازى و لێپرسینەوە لەگەندەڵکاران و لەو کاتەوە تائێستا 11 شازادەى بنەماڵەى شاهانە کە لەناویاندا وەلید کوڕى تەلالى سەرمایەدار و ملیاردێرى بەناوبانگى جیهانى هەیە و 4 وەزیر و ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسان و سەرمایەدانى ئەو وڵاتەى دەستگیرکردوە و خستونیەتە ژێر چاودێرى و لێکۆڵینەوەوە و بلۆککردنى 1700 حسابى بانکیشى ئەنجامداوە . لە سەر ئاستى دەرەکیشدا کۆمەڵێک مەترسى و ئاڵنگارى ڕووبەڕووى دەبێتەوە هەر لە حوسیەکانى یەمەن بە پاڵپشتى ئێران و ناکۆکیەکانى لەگەڵ دەوڵەتى قەتەرى دراوسێدا و لەگەڵ ئێران و عێراق لە ناوچەکەدا و تەنانەت تورکیا و میسر و و ئسیرائیلیش .
تائێستا لەناوخۆى وڵاتدا دەستخۆشى و بەگەرمەوە پێشوازیکردنى لەم هەنگاوانەى شازادە محەمەد کراوە و زۆرینەى کۆمەڵگاى سعودیە بەدەستپێکى قۆناغێکى نوێى کرانەوە و بوژاندنەوەو ئاوەدانکردنەوەى زیاترى لێکدەدەنەوە و لەسەر ئاستى ناوچەکە و زلهێزەکان و دونیاى دیموکراسیشدا پێشوازى گەرمیان لێکردوە.
بەڵام ئەم هەنگاو وخواست و بەرنامە خۆشخەیاڵیانەى ئەم شازادە گەنج و کەم ئەزمون و خۆسەپێنەى شانشینى سعودیە ،ئایا دەکرێت ببێتە فریادڕەسى ئێستا و ئایندەى شانشینەکە؟ یان دەبێتە هۆکارێک بۆ زووتر و خێراترکردنى هەنگاوەکانى لێکهەڵوەشان و نەمان و بچوکبونەوەى پێگەو نفوزى شانشینەکە لەناوچەکە و دونیاشدا؟ ئایا ئەم هەوڵ و پاوانخوازى و خۆسەپێنیەى ئەم شازادەیە نابێتە هۆى سەرەتایەک بۆ کۆتایهاتنى یەکجارەکى دەسەڵاتى 85 ساڵەى بنەماڵەى ئالسعود؟ ئایا هەموو ئەم گۆڕانکاریانەى بە سانایى بۆ دەچێتە سەر؟ یان ڕووبەڕووى دژایەتى و مقاوەمەتى ئەندامانى بنەماڵەى شاهانە دەبێتەوە بۆ ڕێگریکردنى؟
بۆیە هەموو ئەگەرەکان ڕێگەیان تێدەچێت و کراوەن و دەکرێت وەک گریمانەیەکى مەترسیداریش لێیان بڕوانرێت،لەکاتێکدا گۆڕانکاریەکان و پێشهات و ململانێ سیاسى و ئابورى و سەربازیەکانى ناوچەکە ڕۆژ بەڕۆژ گەرمتر و توندتر دەبن کە هەموانیان پێکەوە دەبنە مایەى تەقینەوەى بارودۆخەکە بەرەو خراپتربون و تێکچوون و فەوزا و بێسەروبەرى زیاتر کە ئەمە تەنها کۆمەڵگا و گەلان و دەسەڵاتدارانى ناوچەکە زیانى لێدەکەن و لە پێش هەموانیشەوە بنەماڵەى ئالسعود کە لە ئێستادا گیرۆدەى لێکترازان و لێهەڵوەشان و ململانێى ناوخۆیى بنەماڵەیى بونەتەوە بەشێوەیەک باس لە هەڵهاتنى هەندێک لەشازادەکان دەکرێت بۆ ئێرانى دژوژمنى سەرسەختى ئال سعود و دەسەڵاتەکەیان و بەهەمان ئەزمونى ساڵانى شەستەکاندا تێپەڕ دەبن کاتێک کۆمەڵێک لە شازادەکانى بنەماڵە و لەناویشیاندا باوکى وەلیدى ملیادردێر پەنایان بردە بەر عەبدولناێر لە میسر بۆ دژایەتیکردنى دەسەڵاتدارى سعودیە لە سەردەمى شا فەیسەڵدا.ئەوکات توانرا بەحیکمەت و ژیرى بیرمەندان و خاوەن ئەزمونى بنەماڵەکە سەربکەون بەسەر ئەو تێکچوون و لێکدابڕانەى ناو بنەماڵەى شاهانەدا،بەڵام لە ئێستادا و لەئەنجامى ئەم سەرکێشى و خوێنگەرمى و لەخۆبایبونەى شازادە محەمەدەوە و نەمانى حەکیمەکانى بنەماڵە لەدەسەڵاتدا مەترسى زۆر هەیە لەسەر زیاتر تێکچوون و هەڵوەشاندنەوەى یەک و یەکگرتوویى بنەماڵە و دواتریش تەواوى دەسەڵاتى 85 ساڵەى ئال سعود. گەر هەندێک پێیان وابێت ئەم قۆناغە هەڵهاتنى ڕۆژێکى نوێیە بۆ شازادە محەمەد ئەوا بەدڵنیاى قۆناغى خۆرئاوابونى دەسەڵات و یەک و یەکگرتوویى ئال سعود دەبێت .کەبۆخۆشى ئەم ڕووداوە کاریگەرى گەورەى دەبێت لەسەر تەواوى ئاشتى و ئارامى ناوچەکە و تێکدانى پلان و بەرنامەى زلهێزەکان و دەستپێکى قۆناغێکى نوێ لەداگیر و دابەشکردنەوەى ناوچەکە بۆ 100 ساڵى ئایندە.

پـــەیـــوەنــدیــدار