بـــەپــەلــە
پارتی ھەڕەشە لە خۆپیشاندەران دەکات” چاوتان دەردەهێنین”

پارتی ھەڕەشە لە خۆپیشاندەران دەکات” چاوتان دەردەهێنین”

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە بەر لەسزادانی ئەو کەسانەی ھێرشیانکردە سەریان، بارەگاکانی لەسنوری قەزای پشدەر وەربگرێتەوە، ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش ھۆشداری لە دووبارەکردنەوەی خۆپیشاندانەکان دەکات و دەشڵێت:” ھەر کەسێک ھێرشبکاتەوە سەر بارەگاکانمان، ھەردوو چاوی دەردەھێنین”.

 

فارس نەوڕۆڵی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەسلێمانی، لەلێدوانێکدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی ڕایگەیاند کە بڕیارانداوە تا کۆتایی ئەمساڵ، بارەگاکانیان لەھێزە ئەمنییەکان وەربگرنەوەو دەستبکەنەوە بەکارو چالاکییە حزبییەکانی خۆیان.

 

لەوبارەیەشەوە، نەجات حسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی لقی ١١ی ئەو حزبە، بە SNNی ڕاگەیاندوە: دوای ئاژاوەگێڕییەکەی گۆڕان و سوتاندنی بارەگاکانمان، دەستمان بە بەرنامەو چالاکییەکانمان لەبارەگای لقی ١١ کرد، لەئێستاشدا بەھەمان شێوەی پێشوو چالاکییەکانمان ئەنجام دەدەین.
ناوبراو ڕەتیکردەوە بارەگاکانی حزبەکەی لەسنوری لقی ١١ وەربگرێتەوەو وتی:” بیرمان لەوە نەکردۆتەوە بارەگاکانمان وەربگرینەوە، تا ئەو تاوانبارانەی دەستیان ھەبووە لەسوتاندنی بارەگاکانی ئێمەو ئەو کەسانەی کەمتەرخەمبوون لەپاراستنی بارەگاکانمان نەدرێنە دادگاو دادگا ئەو کێشانە یەکلایی نەکاتەوە”.

 

سەبارەت بە ئەگەری دووبارە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی لەلایەن ھاوڵاتیانەوە، ئەو بەرپرسەی پارتی ھۆشداریداو وتی:” ئەگەر عەقڵیەتی خۆپیشاندان بەھەمان عەقڵیەتی ئاژاوەگێڕییەکەی تر ئەنجام بدرێت، ئەمجارەیان کارەسات دروستدەکات و پارتیش بەھەمان شێوەی پێشوو نابێت”.

بەرپرسی لقی ١١ی پارتی داواشیکرد ھێزە ئەمنییەکان ھەر لەئێستاوە بەرنامەیان ھەبێت بۆ پاراستنی بارەگای حزبەکان و وتی:” ئەو کەسانەی ناسراون بەتوندوتیژی، بخرێنە بەرچاوو کەفالەتیان لێوەربگیرێت کە پەلاماری ھیچ بارەگایەک نەدەن”.

لەئەگەری ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی حزبەکەی، ئەو بەرپرسەی پارتی  رایگەیاند:” ئێمە وەڵامی گوڵمان دەبێت بۆ خۆپیشاندانی فەرمی، کە حکومەت پاڵپشتی یاساییان بکات، بەڵام ئەگەر خەڵکی ئاژاوەچی بێتە ناو خۆپیشاندەرانەوەو پەلامارمان بدەن، ھەردوو چاویان دەردەھێنین”.

 

لەدوای خۆپیشاندانەکانی ٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی پار، کە سنووری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینی گرتەوە، زۆربەی بارەگاکانی پارتی لەو ناوچانە دوای ھێرشکردنە سەریان لەلایەن ھاوڵاتیانی خۆپیشاندەرەوە، ڕادەستی ھێزە ئەمنییەکان کران و تائێستاش بەشێک لەو بارەگایانە رادەستی پارتی نەکراوەتەوە.
س:snn

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە