بـــەپــەلــە
کاروانی خەبات … نەسرەوتن تا سەرکەوتن

کاروانی خەبات … نەسرەوتن تا سەرکەوتن

هێشتا سەرەتای لاویەتی بوو هێماکانی سەرکردایەتیکردن و کارتێکردن و کار و کاردانەوەی لەسەر کشت و کەناری نزیک و دوور تێدا بەدی دەکرا، نە پاڵپشتێک و نە خزمایەتی و نە ناسیاوییەک ئاسانکاری رێی خەبات و بوون بە سەرکردەبوونی ئەم پیاوە مەزنە نەبوون، تەنیا و تەنیا لێهاتوویی و کارامەیی و ئاستبەرزی رووناکبیری و گیانی شۆڕشگێڕی و بەرەنگاربوونەوە و نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی بوو لە نێو هەڤاڵ و دۆست و هاوبیرەکانیدا کردیانە مرۆڤێکی دانسقە و دەگمەن و لەویشەوە پێویستبوون بە کارامەیی و شارەزایی و سەرکەوتوویی چالاکییەکانی وای کرد ببێتە کادرێکی سەرکردەی پەسەند و لە بەرزترین ئۆرگانی سیاسیدا پلە و جێی خۆی وەرگرێت، ئەمە ئەو دەگمەنیەیە لە کەسایەتی هەڤاڵ( مام جەلال )دا هەبووە، توانا و کارامەیی هەڤاڵ مام جەلال وەک لاوترین و کەم تەمەنترین کەسایەتی سیاسی ئەو سەردەمە دڕی بە نێوەندە سیاسییەکە داو بووە سونبولی کوردایەتی، بووە کەسایەتییەک گەورەو بچووک و لاو، تەنانەت مناڵانیش ناوی ( مام جەلال )یان دەزانی و بووە وێردی سەر زوبانیان، ناو و کەسایەتی ئەم هەڤاڵە هەر زوو سنووری باشووری کوردستانی تێپەراند و بووە کەسایەتی هەر چوار پارچەی کوردستان و تەواوی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی گەورە دۆست و هاوپەیمانی هەڤاڵ ( مام جەلال ) بوون و بڕوای تەوایان پیی هەبوو، هەمیشە لە پەیوەندی و ئاڵ و گۆڕی بیروڕا گۆڕینەوەدابوون لەسەر دۆزی کورد و کاروانی بزاڤی رزگاری نەتەوایەتی، جێێ متمانە و هیوای هەمووان بوو، هەڤاڵ ( مام جەلال ) وەک خەباتگێرێکی شۆڕشگێر کۆک و هاو پەیوەند بوو لەگەڵ سەرکردە شۆڕشگێرەکانی رزگاریدا لە هەرجێیەک بوونایە دۆست و هاوەڵی سەرکردەکان و دۆزە رەواکانیان بوو.
هەڤاڵ ( مام جەلال ) بەرزی ئاستی رووناکبیرییەکەی کردیە بیرمەند و نووسەرێکی کارامە، بۆ یەکەم جار زاراوەی کوردایەتی لە بیرمەندی و خامەی ( مام جەلال )ەوە بەرگێگی پێشکەوتوویی و مرۆڤپەروەرانەی کرا بەبەردا و لەمەوە بووە وانەیەکی ئەکادیمی پڕ ماف و مرۆڤ دۆستی، مامی مەزن بیرمەندی کورد و داهێنانی شێوازی نوێ بوو لە خەبات و شۆڕشگێریدا، هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێێ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پاش هەرەس و گێرانەوەی هیوا بۆ بێ هیوایی کۆمەڵی کوردەواری، سەرچاوەکەی ئەو ئایدۆلۆژیەتە دەوڵەمەندەی مامی گەورە بوو کە تێهەڵکێشی کردەوە بە بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی سەردەمانی دوای هەرەس و بە راگرتنی هاوکێشەی گۆرەپانی خەبات و بەشداریکردنی هەمووان لە کاروانی سەختی خەباتدا، ئا لێرەوە دەکرێت تێرامانی ورد بکرێت لە جـێبەجـێکردنی پەیامەکانی مامی گەورە و درێژەدان بە رێبازی مام و چۆن و کێن ئەوانەی بەتەواوی رێبازی ( مام ) دەکەنە پردی پەڕینەوە بەرەو سەرکەوتن و گەیشتن بە ستراتیژیەتی دۆزی رەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، فەلسەفەی سەرۆک ( مام جەلال ) و تێگەیشتنە هەمەلایەنەکانی لە سەرکردایەتیکردندا ئەو دەگمەنە هەڵبژێردراوانەن کە دەتوانن پەیامەکان بگەیەنن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو یەکێتیەیە هەر وەک مامی مەزن دەی فەرموو: ( سەفین لەبن دێت بەڵام یەکێتی لە بن نایەت )، ئەوەی حاشا هەڵنەگریشە ئەم یەکێتییەی هەڤاڵ ( مام جەلال ) دایمەزراند، هەر لە خۆوە نە بیرۆکەیەکی پێداویستبوونێکی کاتی بوو بێ نە درێژ بوو و میراتگر، یا پاشماوەی بیربۆچوونێکی عەشایەر پارێز بوو بێت، هێندەی هەڵێنجراوی ناکۆکییە چینایەتییەکان و بەستنەوەیان بە بزاڤی نەتەوایەتی سەردەمیانە و سیستەمێکی نوێی سیاسی بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووی کۆمەڵی کوردەواری کە بنەماکانی دیموکراسیەت و کۆمەڵگەی مەدەنی تیا بەرجەستە بێت، کە ئەمە هەرگیز هەموو کەس و گروپێ کە داماڵاو نەبن لە تەواوی بەرژەوەندییە کەسیەکان و تەرخانبوونی خودی مرۆڤەکان بۆ دۆزە گشتیەکان بە ئاشکرا نەبێت، مەحاڵە بتوانرێت پەیامی رێبازەکەی مامی گەورەمان ئاکام بگەیەنن، چون ناتوانرێت بوترێت ئەرکی دوای مام لەکاتێکدا بۆ هەموو پێشهاتەکان و گۆڕانکارییەکان فەلسەفەیەک و گرێدراوێکی دەربەستبوون بە بیرۆکەکانی سەرۆک ( مام جەلال )ەوە وەک مەشخەڵی رێێ خەبات رووناکی دەداتە ئایندەی بەردەم هەمووان، لە ئاسانکاریش بۆ روانگەی بەرچاوروونی هەمووان لە چارەسەرکردنی کێشە و وەرگرتنی گۆڕانکارییەکان کە لە خزمەتی هەستانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەبێت بۆ بەردەوامبوونی داهێنانەکانی مامی گەورە دەکرێت:
دەزگایەکی تایبەت بە فەلسەفەکانی ( مام جەلال )، لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەرکردایەتیکردن و ئابووری تەواوی جەمسەرەکانی ژیاندا بخرێتە کار نەک بە تەنیا بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی ( مام )، یان نووسینەوەی بیرەوەری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ مامی مەزندا، بەڵکو هەڵسەنگاندن و توێژینەوە و بە ئایدۆلۆژیەتکردنی بیر و بۆچوونەکانی سەرۆک ( مام جەلال ) لە ئاست هەموو پرسە جۆراوجۆرەکاندا و نەوەی نوێی پێ گۆشبکرێت و ( مام جەلال ) تەنیا وەک خەباتکارێک نەناسرێت، بەڵکو فەیلەسوفێکی قۆناغی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ئەو راستییە ئاشکرا بکرێت کە تاکە سەرکردەی خوێندەوار و بیرمەندو ژیری مێژووی بزاڤی نەتەوەی کورد بووە، چون دەشبێت ئەو راستییە بزانرێت و بناسرێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئایدۆلۆژیەکەی بمانەوێ و نەمانەوێت نوێترین ئایدۆلۆژی سیاسییە بۆ ئەم قۆناغەی ئەمرۆ و سبەینێی دووری کۆمەڵی کوردەواری.

پـــەیـــوەنــدیــدار