١٦ى ئاب پلینیۆم کرا، کەى کۆنگرە بکەین؟

١٦ى ئاب پلینیۆم کرا، کەى کۆنگرە بکەین؟

16ى ئاب پلینیۆم کرا، کەى کۆنگرە بکەین؟

یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەهۆی شێوازی پێکهێنانى و پێکهاتەى سەرکردایەتییەکەیەوە سەرەراى ئەوەى کەمترین کۆنگرەى کردووە، بەڵام پێویستى بەزۆرترین کۆنگرە هەبووە بۆ رێکخستنەوەى پێکهاتەى سەرکردایەتییەکەى، ئەویش لەبەرئەوەى یەکێتى هێزى کاریگەری گۆرەپانەکە بووە و هەر شڵەژان و حاڵەتێکى نائاسایی لەناو حزبدا راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کۆی رووداوە سیاسییەکانى کوردستان هەبووە.
هاتنەپێشەوەى دەنگۆی کۆنگرەی یەکێتى ، گرنگییەکی گەورەى هەیە بۆ نوێبونەوەى یەکێتى و وێستگەیەکی گرنگ و نوێشە بۆ دروستبوونى قۆناغێکى تازە لەیانى سیاسی خەلکى کوردستان، ماوەى 10ساڵە یەکێتى کۆنگرەى سێیەمی تێپەراندووە و حەوت ساڵى تەواویشە بەبریاری گۆنگرە سەرکردایەتى و مەکتەبی سیاسی یەکێـى شەرعیەتى یاساییان لەبەرێوەبردنى یەکێتى نەماوە، هەربۆیە ناکرێت مەسەلەى بەستن و نەبەستنى کۆنگرە لەدەستى ئەوکەسانەدا بێت کەخۆیان واژووی ناشەرعیبوونى خۆیان لەدواى سالێ 2013وە کردبێت کە 3ساڵ بەسەر کۆنگرەدا تێپەری، چونکە بەپێی پەیرەوی ناخۆ پێویست بوو دواى سێ ساڵ لەبەستنى کۆنگرەکەى 2010 کۆنگرەى چوارەم ببەسترێت و ئەگەر نەبەسترا ئیدی کۆمیتەى سەرکردایەتى شەرعیەتیی یاسایی نامێنێت!
روداوەکانى هاتنى داعش و کردنەوەى شەرگەیەکى فراوان لەدژى خەڵکى خەڵکى کوردستان و عێراق و کێشە ناخۆییەکانى هەرێمی کوردستان پاساوێکی تری دایە دەست کۆمیتەى سەرکردایەتى بۆ ئەوەى درێژە بەمانەوەى خۆیان بدەن تا کاتى گونجاو بۆ بەستنى کۆنگرە دێتە پێشەوە، کێشەکانى کوردستان و عێراق کۆنگرەى یەکێتى دواخست، بەڵام هەر خودی ئەو کێشانە بەجۆرێک لەجۆرەکان پلیمنێوێکى بۆ یەکێتى رێکخست کە سەرکردایەتى یەکێتى نەیتوایبوو لەجیاتى کۆنگرە ئەو پلینیومە ببەستێت! بەپێی پەیرەو پلینیۆم دەتوانێت یەک لەسەر سێی ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى دوربخاتەوە، یەکێتى نەیتوانى لەجیاتى کۆنگرە ئەو پلینیۆمە رێکبخات بەڵام 16ى ئاب و روداوەکانى کەرکوک ئەو پلینیۆمەى رێکخست و ئەو سەرکردە و مەکتەب سیاسییانەى کە هیچ کاتێک لەگەڵ باشبوونى بارودۆخی یەکێتیدا نەبوون بەهۆی 16ئابەوە کارتى زەردیان وەرگرت و کۆنگرە کارەتە سورەکەیان دەداتێ!
کەواتە کۆنگرە چی بۆ یەکێتى دەکات؟
کۆنگرە یەکێتى نوێ دەکاتەوە و خوێنى نوێ بوارى هاتنەپێشەوەیان دەبێت، تەقیمێکى راستەقینەى سەرکردایەتى پێشوو دەکات و هەر سەرکردەیەک بایی هەڵویست و تێکۆشانەکەى خۆی وەردەگرێت و ئەوانەیشی لەئاست بەرەوپێشەوەبردنى ئامانجەکانى یەکێتیدا نەبوون دیسان ئەنجامی کارەکانیان وەردەگرن، پەیرەوى ناوخۆی حزب بەپێی قۆناغەکە دادەڕێرێتەوە و پرۆگرامى یەکێتیش بەپێی داخوازییەکانى سەردەمی و ویستى خەڵک دادەنرێتەوە، هەر هەوڵدانێک بۆ دواخستن و پاساوهێنانەوە لەلایەن هەر سەرکردەیەکی یەکێتییەوە جگە لەدرێژەدان بەدۆخی ئێستاى حزب پاراستنى ئەو دەستکەوتە شەخسیانەى بەدیهیناون هیچی تر بەکوردستان و یەکێتى نابەخشێت، وەرگرتنى هەڵوێستى سەرکردەکانى یەکێتى بۆ ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانى کۆنگرە دەریدەخات کێ لەگەڵ نوێبونەوە و کێش لەگەڵ نوێنەبوونەوەى یەکێتیدایە! کەسانێک ئەگەر بەشێوەیەکی سەرکەوتوو خزمەتى یەکێتى و بەرژەوەندییەکانى کوردیان کردبێت هەرگیز سڵ لەبەستنى کۆنگرە ناکانەوە و شێر و رێوى بۆ رێگریکردنى کۆنگرە ناهێننەوە!

پـــەیـــوەنــدیــدار