گرنگى کۆنگرە بۆ حیزبى سیاسى …

گرنگى کۆنگرە بۆ حیزبى سیاسى …

بەرەو بەستنى کۆنگرەى گشتى چوارهەمى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان…
گرنگى کۆنگرە بۆ حیزبى سیاسى …

 

ئاشکرایە هەر حیزبێکى سیاسى لەماوەى خەبات و کارکردنیداو بەردەوام بوونى لە خەباتدا چ لە قۆناغى شاخ و شۆڕش بێت یان قۆناغى خەباتى شار و دەسەڵات و مەدەنیدا بێت، بەدرێژایى ئەو کاروانە نەبڕاوەیەى ،ڕووبەڕووى گەلێک شکست و نسکۆ و هەستانەوە دەبێت و بەتێپەڕبوونى کاتیش و لەگەڵ دەستپێکى هەر قۆناغ و سەرهەڵدانى هەر گۆڕانکاریەکى ناوخۆیى و ناوچەیى و دونیاییشدا، وەک کاردانەوەیەک دەشێت ململانێ ناوخۆیى و دەرەکیەکانى حیزب سەرهەڵبدەن و کێشە و گرفت دروست ببن،چونکە خەبات لە پێناو ئازادى و دیموکراسى و مافى چارەى خۆنوسین و گەیشتن بە قۆناغى ڕزگارى و سەربەخۆیى کاروانێکى دووردرێژەو بەبێ نوچدان و هەستانەوە و بەبێ شکست و سەرکەوتنەکان تێپەڕ نابێت وڕێگا و ڕێباز و ڕچەى کارکردن و خەباتیش بەبێ گرێ و گۆڵ نابێت،بۆیە لەگەڵ کەڵەکەبوون و گەورەبوونى کێشە و گرفتەکاندا کار و چالاکى حیزبیش هێواش هێواش و لەسەرخۆ بەرەو لاوازى و سستى و بنکۆڵ بوون دەچێت،ململانێکان چەندە رەِواش بن ((کە بەداخەوە زۆرجاران بەرگێکى ناڕەوا دەکەنە بەریان)) لەنێوان هەڤاڵانى حیزبدا دەبنە هۆى سەرهەڵدانى ناکۆکى و جیاوازى لە بیر و بۆچوون و هەڵوێستوەرگرتنەکاندا و ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ لێکترازان و دوورکەوتنەوەى زیاتر و تێکدان و لاوازکردنى ڕیزەکانى حیزب و کاردەکاتە سەر پتەوى و بەهێزى بیروباوەڕ و دەبێتە هۆى ساردکردنەوە و خاوبونەوەى هەڤاڵانیش لە کار و خەباتدا. کە هەموو ئەمانەش بە زیان بە کۆى مێژووى خەباتى حیزب و سەرکردەکان دەشکێتەوە و دواتریش کاریگەرى خراپ دادەنێت لەسەر تەواوى ڕەوت و ئاڕاستەى فکرى و شۆڕشگێڕیەکانى کۆمەڵگا و دواتریش خەبات و مقاوەمەت و قوربانیدانەکانیش بەرەو خاوبونەوە دەبات.
جا بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشە و گرفتانە و ڕێگەنەدان بەگەورەبون و کەڵەکەبونى زیاتریان و ڕێگەکرتن لەوەى کە ببنە هۆکارى داڕزان و داوەشانى پەیکەر و ئۆرگانەکانى حیزب و دوورکەوتنەوەى جەماوەر و زویربونیان، و بەهیواى ئەوەى کە بتوانرێت چارەسەر بکرێن و ڕچە و ڕێبازى حیزب بپارێزرێت و کاربکرێت بۆ بەزیندوو هێشتنەوەى حیزب و یەک و یەکگرتوویى ڕیزەکانیش و بشبێتە هۆکارێک بۆ خۆنوێکردنەوە و گەڕانەوە بۆ شاڕێگەى کارکردن و توڕهەڵدانى هەموو لادانە فکرى و شۆڕشگێڕیەکان و بەسەرداچوونەوەیەکى زانستیانە و واقعیانە بەسەر کارو کردەوەى هەڤاڵان و ئاڕاستە و بیرکردنەوە و بنەمافکرى و ئایدیایى و کارکردنەکان و بۆچون و تێڕوانینەکان بۆ ناوخۆ و دەرەوەى حیزبیش.هەموو ئەم کارانە پێویستیان بە بەستنى کۆنگرەیەکى ئاسایى گشتى هەیە،کە هەڤاڵان پێکەوە و بە گیانێکى برایانە و لەخۆبووردویانە و بەنەفەس و نیەتى گرێدانەوە و جۆشدانەوەى کار و خەبات و وەلانانى هەموو ناکۆکى و جیاوازیەکان و گەڕانەوە بۆ بنەما و دسیپلینە حیزبیەکان و بوژاندنەوەى گیانى هەڤاڵانەوە و پێکەوە کارکردنى دەستەجەمعى و وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە گیانى خۆسەپاندن و قۆرخکارى و تاکڕەوى و پەرستن و پیرۆزکردنى سەرکردەو وەستانەوە دژى دیاردە دزێوەکانى دەستەگەرى ناڕەوا و بەرژەوەندخوازى و بەمەبەستى دانانى بەرنامە و پلانى نوێش ،پێویست دەکات هەموان لە چوارچێوەى کۆنگرەیەکى گشتیدا کۆببنەوە و ئاڵوگۆڕى بۆچون و تێڕوانین بکەن وگیانى ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتنیش ببوژێننەوە. تەنهاش بەم هەنگاوە دەتوانرێت حیزب و ژیانى حیزبایەتى ڕاستەقینە ببوژێنرێتەوە و تەکان و گڕو تینێکى نوێ بدەنەوە بەجەستە و فکر و خوێنى حیزب و بتوانن خۆ دەربازبکەن لە قۆناغێکى کۆنى ڕابووردووى قەتیس و پڕ کێشە و ململانێى ناڕەوا، بۆیە بەستنى کۆنگرەى گشتى حیزبى بۆ هەموو حیزب و تەنانەت ڕێکخراو و کۆمەڵە پیشەیى ومەدەنیەکانیش کارێکى زێدە گرنگە و دەبێت بەشێوەیەکى بەردەوام و خولى ئەم کۆنگرانە ببەسترێت لەپێناو هەنگاونان بەرەو ئایندە و ڕۆژگار و قۆناغ و سەردەمێکى نوێتر و جیاواز لە ڕابووردوو.
لەئێستاشدا و لەم قۆناغەى خەباتى کوردایەتى و یەکێتى نیشتیمانى کوردساتاندا کە لەبەردەم بەستن و گرێدانى کۆنگرەى گشتى چوارهەیدایە و بەستن و گرێدانى کۆنگرە بۆتە کارێکى لەپێشینە و پڕ ئەهمیەت و لەهەمان کاتیشدا هەستیار و مەترسیداریش بەشێوەیەکى گشتى بۆ هەر حیزبێکى سیاسى و بەتایبەتیش بۆ حیزبى زیندوو و کاریگەر و بەدەسەڵات و گەورەو و فراوان و خاوەن جەماوەر و هێز و تواناى سەربازى و ئابورى گەورەى وەک یەکێتى نیشتیمانى کوردستان.چەندین جار گرنگى و مەترسیەکانیشى لە زیادبوندان ،بۆیە دەبێت زۆر بە ووردى و دیقەت و پشوودرێژى شۆڕشگێڕانە و گیانى هەڤاڵانەوە مامەڵەى لەتەکدا بکرێت و ئامادەسازى بۆ بکرێت بەمەبەستى سەرخستن و بە ئامانج گەیاندنى کە بریتیە لە هەستانەوە وبەهێزکردن و نوێبونەوەى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان.

پـــەیـــوەنــدیــدار