پەیامی سەرۆک کۆماری دەربارەی روداوەکانی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستان

پەیامی سەرۆک کۆماری دەربارەی روداوەکانی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستان

لە ئەنجامی کەڵەکەبونی کێشەو گرفتەکان لە ئاستە جیا جیاکاندا کە ئاسەوارێکی گەورەی جێ ھێشتوە لەسەر بوارەکانی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییان و فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکانیشدا، رۆژی دووشەممە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری و ھەندێک ناوچەی تر دروست بون و دواتر توندوتیژیان لێکەوتەوە، بەداخەوە لە ئەنجامدا زیان بەر موڵک و ماڵی ھاوڵاتیان و چەند دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاریی حکومەت کەوت لەوانە یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا.
لە کاتێکدا پشتیوانیی و داکۆکی لە ھەر خۆپیشاندان و گردبونەوەیەکی جەماوەریی گەلەکەمان دەکەین لەھەر شوێن و جێگەیەکی وڵات بێت بۆ خستنەروی داواکاریی خواستە رەواکانیان کە دەستور و قانونە کارپێکراوەکانی دەوڵەت بۆ ھەر کەسێکی ئەم وڵاتەی زامن و دابینکردوە، لەھەمان کاتدا پێویستیی و گرنگیی پاراستنی سەروماڵی خەڵک و ژیانی ھاوڵاتیان لەلایەن ھێزە ئەمنیی و حکومییەکان دوپاتدەکەینەوە ھاوکات دەبێت خۆپیشاندەران و رێکخەرانی خۆپیشاندان و کۆبونەوەکانیش ئەوپەڕی وشیاریی بخەنە کار بۆ ئەوەی رێچکەی داواکارییەکانیان بەلادا نەبرێت و موڵکی گشتیی و دامەزراوەکانی حکومەت بپارێزرێن.
لەم کاتەدا کە وڵات و گەلەکەمان بەقۆناغێکی ناسکدا تێپەڕ دەبێت پەرۆشی خۆمان سەرلەنوێ دوپات دەکەینەوە بۆ جێبەجێکردنی سەرلەبەری داوا رەواکانی خەڵک لە موچە و خزمەتگوزاریی و دابین کردنی ژیانێکی سەربەرزو دادپەروەرانە بۆ یەک بەیەکی رۆڵەکانی گەلەکەمان بێ جیاوازیی  و پشتیوانیی تەواوی داوا رەواکانیان دەکەین، لە ھەمان کاتدا داوا لە ھەمو لایەک دەکەین ئارامیی و ئۆقرەیی بخەنە ریزی پێشەوە و ئەوپەڕی توانا بخەنەکار بۆ لەبار نەبردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و روخساری مەدەنییانەی داواکارییەکانیان لەکەدار نەکرێت، داواشمان لە ھێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس و ئاسایش و ئەوانیتریشە کە  وەک چاوەڕێیان لێ دەکرێت بەوپەڕی نەرمونیانیی و بەرپرسیارانەی پیشەیی و ئەمنیی و نیشتمانییەوە، ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و چاو کراوە و دان بەخۆدا بگرن لە ئاست ھەر کاردانەوەیەک و لە چوارچێوەی قانونەکاندا مافی خۆپیشاندەران بپارێزن و رێگە نەدەن  بە پێشێلکاریی و زیادرەویی لە راپەڕاندنی ئەرکاکانیاندا تا سیمای شارستانیی دەزگا و دامەزراوەکانیان نەشێوێنرێت.
داوا لە ھەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکەین لە ئاست ئەم روداوانەدا بەھەستی نیشتمانیی و یەکڕیزییەوە مامەڵە بکەن و ھەموان لە خەمی ھێورکردنەوە و ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە دا بن و رێگە لەھەر تەشەنەسەندن و ئاڵۆزییەک روداوی نەخوازراوی جەرگ بڕی تر بگرن.
فوئاد مەعسوم
سەرۆک کۆمار
١٩/١٢/٢٠١٧

پـــەیـــوەنــدیــدار