فیکر و فەلسەفە.. یەکێتی و کۆنگرە

فیکر و فەلسەفە.. یەکێتی و کۆنگرە

 

فیکر و فەلسەفە.. یەکێتی و کۆنگرە

لە مەراسیمی ماتەمینی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال کە لە ڕۆژی دووشەممە ٩ ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ لە هۆڵی گەورەی تەلاری شارەوانی پاریسی پانزدە سازمانکرد، چەندین کەسایەتی و دۆستی دێرینی مام ئامادەیبوون. لەوانە کەریم پاکزاد کە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ ڕێکخەری کاروباری پەیوەندیەکانی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا بوو بۆ بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کەریم پاکزاد خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتی و شارەزاییەکی باشی هەیە لە ڕەوشی سیاسی عێراق، هەروەها ڕەوشی ئۆروپا و چۆنێتی گەشەکردنی حزبە سۆسیال دیموکراتەکانی ئەندام لە ڕێکخراوی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنال. کەریم پاکزاد باسی بۆ کردم کە سەرۆک مام جەلال پێش نەخۆشکەوتنی، پێی ووتوە کە دەیەوێت یەکێتی بکاتە حزبێکی سۆسیال دیموکراتی مۆدێرن. لە درێژەی قسەکانی کەریم پاکزاد ووتی، مام جەلال ئەیزانی ئەو کارە ئاسان نیە لە بەر چەندین هۆی ناوخۆیی و دەرەکی. بۆ نموونە، پێکهاتە و سۆسیۆلۆجیای یەکێتی، جیوپۆلیتیکی ناوچەکە هتد.

یەکێتی و دیدی دەرەوە:

لە دوای سەفەری ئەبەدی سەرۆک مام جەلال و لەم کاتانەدا کە پرسی بەستنی چوارەمین گۆنگرەی یەکێتی کە قسەو باسی زۆری لە سەر دەکرێت لە هەموو ئاستەکان. پێویستە بە بیری هەموو هەڤاڵانی یەکێتی بهێنینەوە کەوا نابێت مێژوو و خەباتی یەکێتی وەکو حیزبێکی سۆسیال دیموکرات تەنها لە دیدێکی ناوخۆیی تەماشا بکرێت. بەڵکو پێویستە ڕەهەندی فیکری و فەلسەفی یەکێتی و ڕۆڵی کارای لە دەرەوە بەهەند وەربگیرێت. تا ئێستا خەبات و تێکۆشانی یەکێتیەکەی مام جەلال ناوبانگێکی باش و موحتەرمی هەیە لە لای هەموو حیزبە شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕانی جیهان. ئەو ناوبانگە لە ڕووی فیکری و فەلسەفی، هەروەها لە ڕووی پرۆژەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە پێویستە و دەبێت ڕەنگ بداتەوە لە بڕیارە سیاسیەکانی یەکێتی و بەردەوامی هەبێت. یەکێتی وەکو حیزب، کۆمەڵێک پرانسیپ و بنەمای فیکری سیاسیە پێویستە بە پێی قۆناغەکانی خەباتی داهاتوومان فۆرمەلە و نوێ بکرینەوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە پێشکەشکردنی پرۆژەی سیاسی، چاککردنی شێوازی حکومڕانی و چەسپاندنی دادپەروەی لە هەرێمی کوردستان بە سوود وەرگرتن لە سۆسیال دیموکراسی وەک سەرچاوەیەکی فیکری سیاسی حکومڕانی.  

پێش کۆنگرە، چی بکرێت باشە ؟

ئاشکرایە کەوا لە غیابی فیکر و فەلسەفەو پرۆژەی سیاسی، ململانێی شەخسی سەرهەڵدەدات و قوتدەبێتەوە. باشترین ڕێگاچارە بۆ دەربازبوون لە ململانێی بەرژەوەندیخوازەکان، زیندوکردنەوەی فیکر و فەلسەفە و دیسیپلینی حیزبیە. بە واتایەکی تر، پابەندبوون بە فیکر و پرانسیپ و زیندوکردنەوەی ڕۆڵی ئۆرگانەکانی یەکێتی، هەژمونی بەرژەوەندیخوازەکان کاڵدەبنەوە.

لەم قۆناغەدا، وەکو حیزبێکی چەپڕەو و سۆسیال دیموکرات، دەبێت یەکێتی هەموو تواناکانی بخاتەگڕ بۆ بەرزکردنی ئاستی فیکری و فەلسەفی ئەندامەکانی. ئەندامان هه‌ست به‌ باشی ناكه‌ن و سه‌ركه‌وتوو نابن ئه‌گه‌ر یەکێتیەکەیان باش و سەرکەوتوو نە‌بێت. به‌ مانایه‌كی تر، پێویسته‌ پشت ببستین به‌ داموده‌زگاو ئۆرگانەکانی یەکێتی بۆ به‌هێزكردنی توانای ئەندامەکانمان نەک بە پێچەوانەوە. ئەندام بە تەنها داینه‌مۆی حیزب نیه‌ چونكه‌ ئەندامان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ یه‌كسان نین. بۆ نموونە كوڕی سەرکردەیەک شەنسی زیاتره‌ زووتر پێشبکەوێت له‌ كوڕی ئەندامێکی سادە، بۆیه‌ پێویسته‌ دامودەزگاکان و ئۆرگانەکان داینه‌مۆ بێت و كه‌شوهه‌وایه‌كی یه‌كسان بڕخسێنێت بۆ هه‌موو ئەندامان به‌ بێ جیاوازی. ئەو کات هەموو ئەندامان به‌ یه‌كسانی شه‌نسی سه‌ركه‌وتنیان ده‌بێت و حیزب پێشدەکەوێت و گەشە دەکات.

پێش کۆنگرە، پێویستی یەکێتی کار بکات لە سەر زیندوکردنەوەی فیکر و فەلسەفە و دیسیپلینی حیزبی کە تاقە گەرەنتیە بۆ گەڕانەوەی یەکێتی بۆ یەکێتیەکەی مام جەڵال.

 

دكتۆر لوئە‌ی جاف

نوێنە‌ری یە‌كێتی لە‌ فە‌رە‌نسا

 

پـــەیـــوەنــدیــدار