ئایندەى هەرێمى کوردستان لە عێراقدا بەرەو کوێ؟

ئایندەى هەرێمى کوردستان لە عێراقدا بەرەو کوێ؟

 

ئاشکرایە لەدواى ڕووداوەکانى 16 ى ئۆکتۆبەر و داگیرکردنەوەى سوپا و حەشدى شەعبى عێراقى بۆ ناوچە جێگا ناکۆکەکان لە کەرکوک و خانەقین و دووزخورماتوو و داقوق و پردێ و شەنگال و فیشخابور و سنورى سوریا و خازەر و بەعشیقە و ..هتد. کە پێکەوە 51% خاکى کوردستانیان پێک دەهێنا،کورد ڕووبەڕووى کارەسات و شکستى سیاسى و ئابورى و سەربازى و کۆمەڵایەتى و دەروونیش بۆتەوە،هەر ئەم شکستەش واى کرد کە کورد پێگە و مەقامى بەهێزى خۆى لەدەستبدات لەناوخۆ و ناوچەکە و دونیاش و بەتایبەتیش لەبەردەم دەسەڵاتدارانى عێراقدا. لە ئێستادا کورد شکستخواردوو و لاواز و عێراقیش بەهێز و سەرکەوتوو دەردەکەوێت، بەتایبەتیش کە هەفتەى ڕابووردوو سەرۆک وەزیرانى عێراق د. حەیدەر عەبادى سەرکەوتنى کۆتایى بەسەر داعشدا ڕاگەیاند و لە وتارەکەشیدا بەنیەتى پێشوەخت هیچ باسى لە ڕۆڵ و کاریگەرى چەندین ساڵەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان نەکرد، ئەم هەڵوێستانەى بەغداد هەر لەخۆڕا نەهاتوە و بەبێ ئاگایش دەریاننابڕێت،بەڵکو هەموو ئەو گوتار و کردارانە وەک جۆرێک لە فشارى دەروونى سەرکەوتویەکە و دەینوێنێت بەرامبەر نەیارێکى عیناد ومەغرور و شکستخواردوودا کەلەپێشدا هیچ حسابێکى بۆ بەغداد نەدەکرد.
کورد لەم قۆناغەدا بەداخەوە لە لاوازترین هەڵوێست و پێگەدایە و ئەم دەرئەنجامەش لە ئەنجامى زۆر لەخۆڕازیبون و غرور و عینادى سیاسیەوە هات کە سەرکردایەتى کورد بەبێ گوێدانە هەڵوێست و پێگە و بڕیارى زلهێزەکانى دونیا و ناوچەکە و بەغدادیش سوار سەرى خۆى بوو،وەکەوتە هەڵەیەکى گەورەى سیاسى کوشندەوە کەلەلایەک خەونى سەربەخۆبوونى لەناوبرد و لەلایەکى تریشەوە ئەوەى هەمان بوو لەدەستماندا، لەسەر زەمینەى واقع کورد 51% خاکەکەى لەدەستدا و بۆماوەى 26 ساڵ گەڕایەوە دواوە و سەرچاوەى داهاتەکانیشى لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوریەکان و نەوتەکەشى لەدەسبدات و لە ئێستادا داهاتى هەرێم بە ڕێژەى 60% کەمى کردوە.
بەداخەوە دەسەڵات و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 26 ساڵى ڕابووردووشدا هەر بەناو حکومەت و دەسەڵات بوە،ئەگینا کە بەدیقەت لەکار و پڕۆژە و بەرنامەکانى وورد دەبیتەوە بەهیچ پێودانێک ناکرێت بخرێتە چوارچێوەى حکومەت یان حوکمڕانیەکى سەرکەوتوەوە،چونکە لەهەموو بوارەکاندا شکستى خواردوە، حکومەتێک لانى کەمى ژیان و گوزەران و مووچەى مووچەخۆرانى خۆى و جەماوەرەکەى پێدابین نەکرێت ئیدى حکومەتى چیە؟ حکومەتێک نەتوانێت خزمەتگوزاریەکان لە ئاو و کارەبا و سووتەمەنى و تەندروستى و پەروەردە و خوێندنى باڵاو پڕۆژە ئاوەدانیەکانى پرد و ڕێگاوبان و پڕۆژە نیشتەجێبوەکان و کەرتەکانى کشتوکاڵى و پیشەسازى و گەشتوگوزارى ببوژێنێتەوە ،ئیدى حکومەت و دەسەڵاتى چیە؟
ئەم حکومەتە لەلایەک زۆر بێخەم و خەمساردە بەرامبەر داواکارى و مافە ڕەواکانى گەلەکەمان و لەلایەکیش بۆخۆى لەبەرامبەر عێراقدا خاوەنى سادەترین و بچوکترین بەدیل و جێگرەوە نیە لە هیچ بوارێکدا.
هەرێمى کوردستان لە دواى 25ى ئەیلولەوە زۆر تەریک و دابڕاو بوە لە عێراق و ناوچەکە و دونیاش،لەڕووى ئاست و گەرموگوڕى پەیوەندیەکانیەوە و کورد نەیتوانیوە لەماوەى 26 ساڵى ڕابووردوودا دۆستى کۆنکرێتى بۆخۆى و مەسەلەکەى پەیدا بکات یان نەیزانیوە چۆن و کێ بکاتە دۆست و پشتیوان بۆخۆى.
هەربۆیە ئەم پێگە لاوازەى وایکردوە کە بەغدادیش بەو هەموو کێشە و گرفتە سیاسى و ئابورى و سەربازیانەى کەهەیەتى لەناوخۆدا ،تەنانەت وەڵامى داواکارى و دەستپێکردنەوەى گفتوگۆش ناکات لەگەڵ دەسەڵاتدارانى هەرێمدا، بۆیە ساڵى ئایندەش بۆ هەرێمى کوردستان وەکو ساڵانى پێشووتر دەبێتە ساڵێکى پڕ قەیران و نەهامەتى و نەبوونى و بەردەوامبوونى برسێتى و بێ مووچەیى و نەبونى پڕۆژە و ئاوەدانى.لەئەنجامى سیاسەتى هەڵەى ئابورى و بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى میلەتەکەمان بەناوى سیاسەتى ئابورى سەربەخۆوە.
هەرێم پێویستە لەناوخۆدا نێوماڵى خۆى ڕێکبخاتەوە وسازان و ئاشتەوایى نیشتیمانى سازبدات و دامودەزگا شەرعیەکان کارابکاتەوە و حکومەتێکى ئاکتیڤ پێکەوە بنێت و داهات و خەرجیەکان شەفاف بکات و بەرەنگارى گەندەڵى ببێتەوە و یەکسانى و دادپەرورى پیادە بکات،حکومەت لە حیزب جیا بکاتەوە و هەوڵى چاککردنەوەى پەیوەندیە ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکانیش بداتەوە لەگەڵ هەمواندا، کورد تابتوانێت لەگەڵ بەغدادا پەیوەندیەکانى ئاسایى بکاتەوە و بەردەوامى بدات بەژیان و مان و یەکگرتوویى هەرێم و قەوارە سیاسیەکەى.بەجدى کاربکات بۆ جێبەجێکردنى بەندەکانى دەستور کە هەرچەندە ئەم دەستورەش فریاد ڕەس نیە بۆ کورد،چونکە لەکاتى بەهێزبوونى کوردا نەمانتوانى و یان نەمان کرد دەستور جێبەجێبکەین ئەوا زۆر ئەستەمە لەم قۆناغى لاوازیەدا بەغداد بێتە ژێر ڕکێفى داواکاریەکانى کوردەوە،بەتایبەتیش جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستور کە دەکرا کورد دوور لە جەنگ وکوشتار ببێتەوە بەخاوەنى شەرعى ئەو ناوچانە.
بۆیە ئەرکى سەر شانى سەرکردایەتى کورد لەبۆ ئایندە گەلێک سەخت و دژوارە ،بەڵام جێگەى بێئومێدیش نیە،چونکە ناوچەکە و دونیاش لە گۆڕانکارى بەردەومدان و زۆر ڕێگەى تێدەچێت جارێکى تر و چانسێکى تر بدرێتەوە بەکورد بۆ بەهێزبونەوە،جا تاکورد بەهێزنەبێتەوە و لەنێوخۆشیدا یەک و یەکگرتوو نەبێتەوە،سەختە گەیشتن بە ئامانجەکان،بۆیە ئایندەى هەرێم لە عێراقدا نەزۆر ڕۆشنە و نەزۆر تاریکە بەڵکو تەمومژاوى و لێڵە لانى کەم لەم قۆناغەدا.

پـــەیـــوەنــدیــدار