حیزبی حكومڕانی و حیزبی ئۆپۆزیسیۆن

حیزبی حكومڕانی و حیزبی ئۆپۆزیسیۆن

 

 

له‌ ١٩ ئابی ٢٠١٥وه‌‌ كێشه‌یه‌كی سیاسی ئاڵۆز باڵی كێشاوه‌ به‌ سه‌ر كه‌ش و هه‌وای سیاسی هه‌رێمی كوردستان. كێشه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌، كێشه‌یه‌كی یاسایی بوو كه‌ چۆن چاره‌سه‌رێكی یاسایی بدۆزرێته‌وه‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و كێشه‌یه كه‌ ئه‌بوایه‌ به‌ ڕێگاچاره‌ی یاسایی و له‌ ڕێگه‌ی سازان چاره‌سه‌ربوایه‌، تێكه‌ڵكرا به‌ به‌رژوه‌ندی حیزبی و بوو به‌ كێشه‌یه‌كی سیاسی درێژخایه‌ن. وه‌ به‌ هۆی كێشه‌ی ئابوری كه‌ خۆی بۆ خۆی كێشه‌یه‌كی قورسه‌و باری هاوڵاتیانی گران كردوه‌، ئه‌و كێشه‌ سیاسیه‌ تێكه‌ڵبوو به‌ كێشه‌ی ئابوری و وایلێهاتووه‌ چیتر چینی مامناوه‌ندی و هه‌ژاران سه‌برو ته‌حه‌مولیان نه‌ماوه‌‌. وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كورد كه كلتوره‌كه‌مان‌ به‌شێكه‌ له‌ كلتوری ڕۆژهه‌ڵاتی، نامۆ و كه‌م ئه‌زمون له‌ بواری‌ موماره‌سه‌كردنی مافه‌ دیموكراسیه‌كان، بۆیه‌‌ به‌ ئاسانی خۆپیشاندانێك كه‌ بڕیاره‌ ئاشتیانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، دواتر توندوتیژی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.‌

پرسیار لێره‌دا‌ ئه‌وه‌یه‌، بۆ تا ئێستا كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ‌نه‌خرانه‌ سه‌ر ڕێگای چاره‌سه‌ركردن ؟‌ ئایه‌ شه‌رته‌ حكومه‌ته‌كه‌مان حكومه‌تێكی بنكه‌فراوان بێت ؟

سه‌باره‌ت به‌ پرسیاری یه‌كه‌م‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ چه‌ند قۆناغێكی سه‌خت تێپه‌ڕی و وه‌ك پێویست‌ حه‌كیمانه‌و دوور له‌ ده‌مارگیری و كاردانه‌وه‌ی نه‌گه‌تیف بیر نه‌كرایه‌وه‌‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی باشترین گریمانه‌ بۆ پاراستنی هاوسه‌نگی و ئه‌زمونه‌كه‌مان. تێكچوونی هاوسه‌نگی هێزو بڕیاری سیاسی‌، سازانی له‌ بیركردینه‌وه‌و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی هاته‌ به‌رهه‌م.

سه‌باره‌ت به‌ پرسیاری دووه‌م، پێویستمانه‌ له‌ بنه‌مای فیكری و سیاسی و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان زیاتر بكۆڵینه‌وه‌. له‌ ڕووی تیۆریه‌وه‌، ده‌بوایه‌ ململانێ هه‌بوایه‌ له‌ ڕووی فیكری و فه‌لسه‌فی‌ نێوان‌‌ هێزه‌ ڕاستڕه‌وه‌كان یان موحافزكاره‌كان (پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كگرتووی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی هتد..) و‌ هێزه‌ چه‌پڕه‌وه‌كان (یه‌كێتی نیشتمانی كورستان، به‌شێك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، زه‌حمه‌تكێشان، حیزبی شیوعی، سۆسیالیست هتد ..). ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌ ده‌بوایه‌ به‌ پێی دیدو فیكرو و فه‌لسه‌فه‌ی خۆیان پرۆژه‌ی سیاسی، پرۆژه‌ی ئابوری، پرۆژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوریان هه‌بوایه‌ بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان. بوونی ئه‌و ململانێیه‌ ده‌یتوانی داتای ڕاست و دروستمان بخاته‌ به‌رده‌ست سه‌باره‌ت به‌ فیكری حوكمڕانی به‌ واتای چ هێزێك و چ حیزبێك پراگماتیكه‌و باشه‌ بۆ حكومڕانی‌ و چ هێزێك و چ حیزبێك ئایدیالیسته‌ وباشه‌ بۆ بوون به‌ ئۆپۆزیسیۆن.

له‌ ڕاستیدا، دیمه‌نی گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم له‌ جه‌وهه‌ردا یه‌ك ڕه‌نگه،‌ مه‌به‌ستم ڕه‌نگی هه‌وڵدانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و به‌ده‌ستهێنانی پۆست به‌ بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ئه‌دای كاركردن و هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی. بۆیه‌ ده‌بینین، ئه‌دای حكومه‌تی هه‌رێمی بنكه‌ فراوان لاواز‌تره‌  به‌راورد به‌ ئه‌دای حكه‌مه‌تی فیفتی فیفتی (به‌ هه‌موو سلبیاتیه‌كانیه‌وه‌).‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ شه‌رت نیه‌ هه‌موو حیزبه‌كان به‌شداربن له‌ حكومه‌ت، شه‌رت نیه‌ ئامانجی هه‌موو حیزبێك خودی ده‌سه‌ڵات بێت به‌ واتای به‌شداریكردن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیان له‌ ڕێگای داموده‌زگاكانی حكومه‌ته‌وه‌. زۆر جار بوون به‌ ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا زیاتر خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت، بۆ نمونه‌ له‌ فه‌ره‌نسا به‌ره‌ی چه‌پی چه‌پ كاریگه‌ریان هه‌بوو‌ له‌ سه‌ر فیكری چه‌پڕه‌وی حكومه‌تی پێشووی فه‌ره‌نسا به‌ بێ ئه‌وه‌ی داوا بكه‌ن له‌ پارتی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسا به‌شداریان پێبكات له‌ حكومه‌ت. ته‌نانه‌ت پارتی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسا‌ پێی خۆشبوو‌ به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ند پۆستێك بیانهێنێته‌ ناو حكومه‌ت به‌ڵام ئه‌وان ڕازی نه‌بوون و له‌ ڕاستڕه‌وه‌كان زیاتر چاودێری كاری حكومه‌تیان ده‌كرد.  

پێموایه‌ پێویستمانه‌ له‌ كوردستان مۆدێلێكی تازه‌ی كاركردن بێته‌ ئاراوه‌، مۆدێلێك ئیشبكات بۆ گۆڕانكاری له‌ سه‌ر عه‌قڵ و فیكر و پرۆژه‌ی سیاسی به‌ بێ گوێدان به‌ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م جۆره‌ مۆدێله‌ له‌ ئیشكالیه‌تێكی گه‌وره‌ ڕزگارمان ده‌كات كه‌ ئه‌و‌یش ئیشكالیه‌تی دروشم و موزایه‌ده‌كردن له‌ لایه‌ك و ده‌رخستنی ڕاستیه‌كان له‌ لایه‌كی تر‌‌.  

  ‌    

دكتۆر لوئە‌ی جاف

نوێنە‌ری یە‌كێتی لە‌ فە‌رە‌نسا

 

پـــەیـــوەنــدیــدار