ده‌رباره‌ی دوكانی سیاسی

ده‌رباره‌ی دوكانی سیاسی

 

 

سياسەت وەک سیستەم، دینامیکیە، هه‌میشه‌ له‌ جوڵاندایه‌ وەستاو نیە، بۆیە هاوڕييەتى هەمیشەیی و دوژمنایەتی هەمیشەیی تێدا نیيە. دیدی سەدەی نوێ بۆ سیاسەت، بينینێتی وەكو قوتابخانەيەك کە تیادا فێرئەبين، باشتر ڕووداوەکان ئەنەلیزەدەکەین، زیاتر و ڕوونتر لە ڕووداوەکان تێدەگەین، بە گرنگیەوە ئاڵوگۆڕى بيرو ڕا ئەكەين و لە سەرووی هەمووشى بە پرۆژەی دیراسه‌كراو کۆمەڵگا و وولاَت پێشدەخەین.

ئەمڕۆ لە جيهانى پێشكەتوو و مۆدێرن باس لە ئاستى ڕۆشنبيرى و تواناى ئامادەكردنى پرۆژەى سياسى، پرۆژەی كۆمەلاَيەتى، پرۆژەی ئابوورى و کلتوری هتد، دەكرێت لە ته‌كلیفكردنی هەر لێپرسراوێكى حيزبى یان حكومى. به‌ واتایه‌كی تر، جێگا  نیيە لە گۆڕەپانی گشتی بۆ خەڵكى ناشارەزاو بێ ئه‌زمون لە ڕووى فيكرى و کلتوری گشتی. لە جيهانى پێشكەتوو و مۆدێرن باس لە تواناى لێكۆڵینەوە و تێگەيشتن لە هەلومەرجى سياسى، ئابوری و سۆسیۆلۆجیای کۆمەڵگا دەكرێت بۆ گەيشتن بە ڕاستيەكان و دۆزینەوەی چارەسەری بابەتیانەو زانستیانە بە پێى داتاو زانيارى تەواو بۆ بەدەست هێنانى ئامانجەکان. به‌ واتایه‌كی تر، هاوێشتنی هه‌نگاوی لۆژیكی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی لۆژیكی.

بەداخێكى زۆرەوە گۆڕه‌پانی سیاسی و بواری گشتی لە هەریمی كوردستان خەریکە دوور ده‌خرێته‌وه‌ له‌ پرۆسەی سروشتی پێشخستنی کۆمەڵگا و بیناکردنی دەزگا و دەوڵەت. دیارده‌ی لیست و حزب دروستكردن له‌ كوردستان، به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری، له‌ جه‌وهه‌ردا پێویستیه‌كی سیاسی نیه‌. بگره‌ ته‌نها‌ دوکانداری سیاسی، بژێوپەیداکردن و پاراستنی مه‌كانه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسیه‌ و هیچی تر‌. له‌ ڕووی فیكری و فه‌لسه‌فی و قوتابخانه‌ی سیاسی، له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان حزبی چه‌پڕه‌و، ڕاستڕه‌و، سۆسیال دیموكرات، موحافزكار و ئیسلامی بوونی هه‌یه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ خۆیان تاقیكردۆته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و قه‌باره‌یان زانراوه‌. هه‌ڵه‌یه‌ وا بزانین به‌ دروستكردنی حزبی نوێ، گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتوری و فه‌رهه‌نگی دێته‌ به‌رهه‌م. له‌ داهاتوودا، گۆڕانكاری ئه‌گه‌ر به‌دی بكرێت ته‌نها له‌ ڕووی شه‌كلی ده‌بێت نه‌ك له‌ ڕووی بنه‌ما و ناوه‌ڕۆك. كه‌واتا هاوڵاتی ساده‌ چ قازانجێك ده‌كات له‌ دروستبوونی ئه‌و حزب و لیسته‌ نوێیانه‌ ؟ ئایه‌ چ پرۆژه‌یه‌كی نوێی سیحریان پێیه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی‌ نێوان دوو هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن به‌ سویسرا ؟

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌كرێت، بارەگای حیزبە دێرینه‌كان بۆتە دیوەخانی چا خواردنەوە و ململانێى نا تەندروست و دەمارگیری. ئەمەش وایکردوە لە خەڵکی شارەزا و بە توانا دوور بکەونەوە لە گۆڕپانی سیاسی به‌ گشتی و به‌شداریكردن له بابه‌ته‌ گرنگه‌كانی بواری گشتی و خزمەتکردن بە کۆمەڵگا و نیشتمان. ئەوەى ئاشكرايەو دەیبینین، لە هەرێمی کوردستان بە پێی پێویست ناگیرێت لە شارەزا و تەکنوکراتەکان، ڕۆشنبيران و هونەرمەندان کە نوخبەی کۆمەڵگان. ئەگەر سەيرى ڕێژەی وازهێنان، دوورکەوتن و بێزاربوون بکەین لە ژیانی سیاسی لە ماوەی ڕابردوو، دەبينين كە ڕێژەى ڕۆشنبيران و خاوەن بڕوانامەى بەرز بەشی شێریان بەرکەوتووە. ئەمەش ئەگەر شتێك بگەيەنێت ئەوە دەگەيەنێت كە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دێرینه‌کان به‌ بایه‌خه‌وه‌ وه‌كو جاران گوێ ناگرن و خەڵكى تەكنوكرات لە خۆیان كۆناكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ هۆكانی دروستبوون یان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی دیارده‌ی دوكانی سیاسیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

 

دكتۆر لوئە‌ی جاف

نوێنە‌ری یە‌كێتی لە‌ فە‌رە‌نسا

 

پـــەیـــوەنــدیــدار