مه‌لا به‌ختیار: ده‌بێ سیسته‌می حوكمڕانی له‌كوردستان بگۆڕدرێت

مه‌لا به‌ختیار: ده‌بێ سیسته‌می حوكمڕانی له‌كوردستان بگۆڕدرێت

 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (9/1/2018) لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، به‌ئاماده‌بوونی لێپرسراوی كۆمیته‌ی بازیان، پێشوازی له‌ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سنوری بازیان كرد، كه‌ پاش وازهێنانیان له‌ “جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ”، خواستیانه‌ خه‌باتی خۆیان له‌سه‌ر رێبازی یه‌كێتیی و له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی دروست و ره‌وای یه‌كێتیی درێژه‌ پێبده‌ن و له‌پێناو ئامانجه‌ ره‌وامانی یه‌كێتیی، بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و دانیشتوانی سنوری بازیان تێبكۆشن.

له‌لایه‌ن خۆیشییه‌وه‌، پاشئه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار، ئه‌و پۆله‌ لاوه‌ی به‌خێرهێنا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد: ئێوه‌ كه‌ به‌هه‌ڵبژارده‌ و ئازادی خۆتان، چوونه‌ته‌ ناو جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، ئه‌وه‌ فه‌زڵه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ئازادییه‌ی كه‌ له‌ناوچه‌كانی یه‌كێتیدا هه‌یه‌، كه‌ ره‌وتێكی نوێ په‌یدابوو، گوتار پێشكه‌ش ده‌كات و خه‌ڵك كۆده‌كاته‌وه‌و كۆنگره‌ ده‌به‌ستێ و به‌ په‌ڕی ئازادی به‌رنامه‌و بڕیار بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

وتیشی: له‌چوارچێوه‌ی یاسا، شه‌رع و ئسوڵدا، هیچ كه‌سێك ناتوانێ رێگه‌ی لێبگرێت، ئه‌گه‌ر رێگه‌شی لێبگیرێ، ئه‌وا من یه‌كه‌م كه‌س ده‌بم كه‌ به‌رگری لێده‌كه‌م. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سیاسه‌ته‌كه‌ی، پڕوپاگه‌نده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یاسا نه‌گونجا، ئه‌وا نابێ له‌یه‌كێتیی و پارتیش قبوڵ بكرێ.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، هه‌روه‌ك چۆن به‌ئازادی خۆتان چونه‌ته‌ ناو ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌، ئێستا به‌ویست و ئازادی خۆتان، به‌سه‌ربه‌ستی خۆتان هاتوونه‌ته‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی، ده‌تانه‌وێ له‌ریزه‌كانی یه‌كێتیی، كه‌ ده‌رگای بۆ هه‌مووان كراوه‌یه‌، درێژه‌ به‌خه‌باتی خۆتان بده‌ن و راشیگه‌یاند: هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێتیی رێگه‌ی له‌هیچ كه‌سێك نه‌گرتووه‌، بچێته‌ ناو ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌وه‌، بێگومان ئه‌وانیش ناتوانن رێگه‌ له‌هیچ كه‌سێك بگرن كه‌ جوڵانه‌وه‌كه‌ به‌جێی بهێڵن و ئه‌وه‌ كارێكی سروشتییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناسروشتییه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بتاسێنی و رێگه‌ی لێبگریت.

له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ئاماژه‌ی بۆ دۆخی ئێستا كردو وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی حوكمڕانی له‌كوردستان رونكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی بۆ دۆخی ناو یه‌كێتیش كرد، ته‌ ئكیدیی كرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێ سیسته‌می حوكمڕانی له‌كوردستان بگۆڕدرێت و یه‌كێتیش، په‌رۆشانه‌، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆی بكات و وتی: ئێوه‌، شانازی به‌وه‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌به‌دبه‌ختییه‌كان و كاره‌ساته‌كاندا له‌رابردووی میلله‌ته‌كه‌ماندا پێشمه‌رگه‌ هه‌بووه‌و به‌رگری كردووه‌، ئه‌گه‌ر باوك، یان برا گه‌وره‌كانتان پێشمه‌رگه‌ بووبن یان نا و وتیشی: ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ له‌رابردوودا بۆ شۆڕش بووبێ، ئه‌وا بۆ ئێستا پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانه‌. ئێوه‌ش پێویسته‌ به‌و تێڕوانینه‌ كارێك بكه‌ن له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی حكومه‌تدا به‌شداربن، له‌قوڵكردنه‌وه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی و رێكخراوه‌یی به‌شداربن، له‌ریزه‌كانی یه‌كێتیشدا ره‌خنه‌ی بونیاتنه‌رانه‌و عاقڵانه‌ بگرن و هانده‌ر بن بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی یه‌كێتیش به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ببه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م یه‌كێتییه‌ له‌ئایینده‌دا باشتر بێت له‌رابردوو. خه‌بات بكه‌ن و فشار له‌سه‌ر حكومه‌ت دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئایینده‌ باشتربێت له‌ئێستامان.

راشیگه‌یاند: ئێمه‌ ئێوه‌مان ناوێ بۆ ئه‌وه‌ی پاسه‌وانی هه‌ڵه‌كانمان بن، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ چاوكراوه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌ڵه‌كانبن و ره‌خنه‌ی ئه‌قڵانی بگرن.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، بڕیار درا، خولێكی كادرو په‌روه‌رده‌، بۆ ئه‌م هه‌ڤاڵانه‌و (150) هه‌ڤاڵی تریان، كه‌ هاتوونه‌ته‌ ریزی ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌، بكرێته‌وه‌.

پـــەیـــوەنــدیــدار