وەزارەتی دارایی  بە چەند مەرجێك گرێبەستی  فەرمانبەران نوێ دەكاتەوە‌

وەزارەتی دارایی بە چەند مەرجێك گرێبەستی فەرمانبەران نوێ دەكاتەوە‌

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە چەند مەرجێك گرێبەستی سەرجەم فەرمانبەران نوێ دەكاتەوە‌و تەئكیدیش دەكاتەوە لەكاتی پێویست نەبوونی ئەو ناونیشانەی فەرمانبەرەكەی پێ دامەزراوە، دەكرێت گرێبەستەكە هەڵبوەشێنرێتەوە.
بەگوێرەی نوسراوی ژمارە 89ی وەزارەتی دارایی هەرێم كە رۆژی 8ی كانوونی دووەمی 2018 بەئیمزای ڕێباز حەملان وەزیری دارایی دەركراوە، فەرمانبەرانی گرێبەست بەچەند مەرجێك گرێبەستەكانیان بۆ نوێ دەكرێتەوە.
وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە: نوێكردنەوەی گرێبەستی فەرمانبەرانی وەزارەت‌و فەرمانگەكانی حكومەت، بەپێی پێویستی‌و بەڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەت دەبێت، هەروەها نابێت تەمەنی فەرمانبەر لەخوار 18 ساڵیەوە بێت‌و كار بەهەمان بڕوانامە دەكرێت كە گرێبەستەكەی پێكراوە‌و كار بەبڕوانامەی تر ناكرێت.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردوە: لەبەرئەوەی دامەزراندنی فەرمانبەری گرێبەست بەپێی پسپۆڕی‌و پێویستی فەرمانگەكان كراوە، بۆیە نابێت گۆڕانكاری لە ناونیشانی وەزیفیاندا بكرێت، لەحاڵەتی پێویست نەبوونی ئەو ناونیشانەش دەكرێت گرێبەستەكە هەڵبوەشێنرێتەوە. هەروەها نابێت هیچ فەرمانبەرێكی گرێبەست گواستنەوەی ڕاژەی بۆ بكرێت، جگە لەو فەرمانبەرە ئافرەتانەی كە هاوسەرگیری نوێ ئەنجام دەدەن.

 

پـــەیـــوەنــدیــدار