حیزبى سیاسى لەنێوان زەرورەتى قۆناغەکە و هەڵپەى دەسەڵاتدا !

حیزبى سیاسى لەنێوان زەرورەتى قۆناغەکە و هەڵپەى دەسەڵاتدا !

ئاشکرایە دروستبوون و سەرهەڵدانى بیرى نوێ وڕەوتى تازە و جوڵانەوە و تاڤگەڕى سیاسى نوێ لەکات و ساتى مێژوویدا دێنە دروستبوون و دامەزراندن و زەرورەتى قۆناغەکە دەیسەپێنێت،وەک دەرچەیەک بۆ دۆزینەوەى ڕێگا چارەکان یان گەڕان بەدواى جێگرەوەى نوێدا بۆ کۆنە هەبوەکان لە سەرکردە و پارتى سیاسى و ڕێکخراوى جەماوەرى تر.بۆیە ناکرێت لەخۆڕا و بەبێ پێویستبوونى ڕۆژگار و سەردەمەکە و بەبێ بونى داواکاریەکى جەماوەرى ڕەوا و پاڵپشتیکردنێکى ڕاستەقینەش بۆ دروستبوونى جوڵانەوە وقەوارە و تاڤگەرێکى سیاسى نوێ هەوڵى دامەزراندن یان پێکەوەنانى قەوارەیەکى سیاسى بدرێت،چونکە لەسەر زەمینەیەکى پتەو و کۆنکرێتى جەماوەرى و فکرى نەهاتۆتە بوون و زیانى زیاتر دەبێت بۆ ئایندە ،چونکە دەبێتە هۆکار بۆ دابڕان و لێکترازانى زیاترى ڕیزەکانى جەماوەر، ئاشکراشە چەندە جەماوەر و کۆمەڵگا یەک و یەکگرتوو بێت هێندە بەهێز و خاوەن ئیڕادەى پۆڵاین دەبێت،هەرکاتیش کۆمەڵگا دابەشبوە سەر ڕەوت و بزاڤ و جوڵانەوە و قەوارە و بزوتنەوەى جۆراوجۆرى جیاواز و بچوک ئەوا هێندەى تر زیانیپێدەگات و لاواز و بێئیڕادەیەکى ڕاستەقینەش دەمێنێتەوە.
بەداخیشەوە دروستبون و دامەزراندنى حیزبى سیاسى لە ڕۆژهەڵاتدا بەگشتى و لەکوردستانى خۆشماندا بەتایبەتى بۆتە مۆدیلێکى نوێى قێزەون،چونکە زۆربەیان تەنها لە پێناو دەسکەوتى کەسى و هەڵپەى دەسەڵات و چنینەوەى دەسکەوت و ئیمتیازات و پلە و پۆستى ناڕەوادا دروست بوون، یان کەسانى تۆراو و بێ جێگە و پێگە ماونەتەوە ،ئەگینا ئەوە چ مەنتیق و ڕەواییەکە لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا چەندین قەوارەى سیاسى بەناو سیاسى وەکو قارچک سەرهەڵبدەن و زۆر بەخێرایى کۆنگرەى خۆیان ببەستن و ئۆرگان و دامەزراوە و بارەگا دابمەزرێنن و خۆشیان ئامادەبکەن بۆ زنجیرەیەک هەڵبژاردن لە کوردستان و عێراقدا.زۆربەى ئەم قەوارە و حیزبانە لە ژێر ناوى دیموکراسى و دادپەروەرى و کارکردن بۆ ئایندە و نەوەى نوێ و گۆڕان و چاکسازى لە سیستەمى حوکمڕانیدا خۆیان نمایشکردوە،بەڵام هەموانیشیان لەناو خۆیاندا لەسەر بچوکترین جیاوازى لێکجیادەبنەوە و ناتوانن لەناو یەک بەرەى ئیسلامى یان دیموکراسى یان نەتەوەییدا خۆیان ڕێکبخەن،چونکە هیچکامیان دروشم و مەبەستیان خزمەتکردنى کۆمەڵگا و نەتەوەو نیشتیمان نیە بەڵکو تەنها بەرژەوەندى خۆیان و دارودەستەکانیانە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە:کە ئایا ئەم حیزبە سیاسیانە بنەماو بنچینیەکى ئایدیا و فکرى و ڕێباز و ڕچەیەکى دیاریکراویان هەیە؟ ئایا ئەم بەناو ئەندام و لایەنگرانە لەسەر چ خاڵ و تێڕوانین و ڕوئیایەکى هاوبەش کۆبونەتەوە؟ئایاچ زەرورەتێکى هەنوکەیى پاڵیپێوەناون کە ئەم قەوارانە دروست بکەن و سەربەخۆ هاوبەشى کارى سیاسى بکەن و بچنە هەڵبژاردنەکانیشەوە؟ ئایا کوردستان حیزب و قەوارەى سیاسى کەمە؟ ئایا پەند و عیبرەتیان لەو حیزبۆکانەى ڕابووردوو وەرنەگرتوە؟و ئەنجامى بوونى ئەم هەموو حیزبە سیاسیانەش چ دەبێت؟
بۆ وەڵامى ئەو پرسیارانە و دەیانى تریش،بریتیە لەوەى کە ئەو حیزب و قەوارە سیاسیانە کە تازە دامەزراون پاڵنەرى سەرەکیان بریتیە لە دروستکردنى قەوارەیەک بۆ کەسە یەکەمەکان و بۆئەوەى جێگە و پێگەى لەدەستدراویان بەشێوەیک لە شێوەکان بۆ بگەڕێتەوە و بێبەش نەبن لەو کێکە بەلەزەتەى کە لەم وڵاتەدا هەیە و ئەوانیش بەشى خۆیان بپچڕن، لەلایەکى تریشەوە کۆمەڵێک پلە و پۆست و ئیمتیازات بۆ هەندێک لەو لایەنگرانەى کەلێیان کۆبونەتەوە وەدەستبخەن،ئەگینا کە بەدیقەت وورد دەبیتەوە لە پێکهاتە و پەیکەرى دامەزراندنى ئەم حیزبانە هیچ جۆرە هارمۆنیەک لە پەیەوەندى و پێکەوە گرێدانیاندا نابینیتەوە،چونکە نە یەکێتى فکر و نە یەکێتى کار و و پلان پێکیانەوە گرێنادات،تەنها کۆمەڵە کەسانێکن کە بەرژەوەندى ئابورى و دەسکەوت و ئیمتیازاتى سیاسى کۆى کردونەتەوە و خۆیان ڕەگەڵ توڕەیى جەماوەردا نزیککردۆتەوە،نەک ڕابەرایەتى بکەن،چونکە جەماوەریش باش لە ماهیەتى هەموانیان تێگەیشتوە و هیچ کامیان لە ئێستادا ناتوانن بە ئەرکى ڕابەرایەتى و پێشەنگى جەماوەر هەڵبستن،هەربۆیەش ئایندەیان ڕوون نیە و ناشبنە خاوەن جەماوەرێکى ڕاستقینە و پتەو لەداهاتوشدا،چونکە ئەم قۆناغ و ئەم وێسگە هەستیار و ناسکەى کورد بەم لاوازى و بێهێزى و گەمارۆدراو بە دەیەها مەترسى و ئاڵنگارى هیچ زەرورەتێک نابینێتەوە بۆ دروستبونى حیزبى سیاسى تر،سەرەڕاى بوونى ڕەخنە و کەموکوڕى و گەندەڵى و ناعەدالەتى و نایەکسانى و قۆرخکارى دەسەڵات و خۆسەپاندن و تاکڕەوى و تەریککردنى زۆرینەى جەماوەر لەلایەن ئەم دەسەڵاتەى ئێستاوە کە هەق وایە گۆڕانکارى جدى تیادا ڕووبدات لە بەرژەوەندى زۆرینەى گەل.
هەربۆیە سەرکەوتنى کارى سیاسى و بەردەوامبونى کایەى سیاسى بەماناى زۆرى ژمارەى حیزب و قەوارەى سیاسى نایەتە دى،ئەوەتا وڵاتانێکى گەورە و پێشکەوتوو تەنانەت ڕابەرى دونیاش دەکەن کەچى لە 2 حیزب یان 3 یان 4 حیزب تێپەڕ ناکەن بەڵام ئەزمونى کارى سیاسیشیان سەرکەوتوە وەک ئەمریکا و بەریتانیا و تەنانەت ڕوسیاش،هەربۆیە بوونى ژمارەیەکى زۆرى حیزبى سیاسى لە کوردستاندا نەک بەماناى تەندروستبوون و سەقامگیرى دۆخى سیاسى نایەت بەڵکو دەلالەتیشە لەسەر بونى فرەییەکى بێ مانا و بێ بنچینە لە ڕوئیا و بۆچوون بۆ کارى سیاسى و ئایندەى کوردستانیش،نەکە هەرئەوە بەڵکو ئەم ژمارە زۆرەى حیزبى سیاسى بونەتە هۆى زیاتر و زیاتر دابەشبوون و پەرت و بڵاوکردنەوەى ڕیزەکانى گەل،چونکە هەر حیزبێک بەبێ گوێدانە بەرژەوەندى باڵاى کورد و کوردستان هەمیشە و دوور لە مەنتیق و یاسا و ڕێساکان تەنها بەرگرى سەرسەخت دەکات لە بۆچون و ڕێباز و بەرژەوەندیەکانى خۆى و ئامادەش نیە بچوکترین سازش لەسەر هیچ بەند و خاڵێک بکات،بۆیە لەم قۆناغەدا کورد هێندەى پێویستى بەیەک و یەکگرتووى کار و کردەوە و گوتار هەیە نیوهێندە پێویستى بە حیزبى سیاسى زۆرتر و تازەتر نیە،هێندەى پێویسمان بە کردار و کوردایەتى هەیە پێویستمان بە هیواى بێ بنەماو حیزبایەتى نیە.
هەربۆیە گەرەکە کە ئەو قەوارە سیاسیانەى کە تازە دروستبون و ئەوانەشى کەهەن هەق وایە عیبرەت لەو حیزبە دێرینانە وەربگرن کەچۆن بچوکبونەتەوە و لاواز و کەنەفت کەوتون و مێژوو هەنگاویان بەسەردا دەنێت، هەرچەندە خاوەن ڕابووردویەکى گەش و شۆڕشگێڕ و شەرعیەتى شۆڕشیش بون و تەنانەت زەرورەتى قۆناغەکەش دروستیکردون لەبەرامبەر مقاوەمەتى شۆڕشگێڕى دژ بە داگیرکەرانى کوردستاندا،بەڵام دوورکەوتنەوەیان لە خواست و ویستە ڕەواکانى جەماوەر و دووڕوویى و بێبەڵێنیان بونەتە هۆى بچوکبونەوەیان و پشتتێکردنیان لەلایەن جەماوەرەوە،جا چ جاى حیزب و قەوارەیەک کە هیچ زەمینە و پاشخانێک و زەرورەت و ڕەوایەتیەکى مێژوویشیان نەبێت.ئەنجامى زۆرى ئەم هەموو حیزب و قەوارە سیاسیانە لەکوردستاندا کە زیاد لە 30 حیزب و قەوارە و لەوڵاتێکى وەکو عێراقیشدا زیاد لە 200 قەوارەى سیاسى ناونوسکراون، بەڕاستى بۆخۆى مایەى کارەسات و لێکترازانى زیاترە بەسەر کۆمەڵگادا،بۆکورد چەندین زیانى گەورەى هەیە ،لەلایەک یەک و یەکڕیزى کۆمەڵگا و خێزانى کورد کەرتوپەرت دەکات و قوڵى دەکاتەوە و لەلایەکى تریشەوە کورد و کوردستان لاواز دەکات چونکە هەریەکە لەو حیزبانە بەداخەوە دابەشبونەتە سەر هێڵ و ئاڕاستە و بەرە ناوچەییەکان و وڵاتانى سەردەستى کوردستان کەهەموان بە ئاشکرا و نهێنى دژى ئاوات و مافە ڕەواکانى کوردن و هەربۆیەش ئیڕادەى ڕاستەقینەى خۆیان لەدەستداوە لە بڕیارداندا،هەروەها ئەم ناجۆرى و دوورلەیەکیەى نێوماڵى کوردە کە بۆتە لاوازى پێگە و هەڵوێستى کورد لە ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و دونیاشدا لەکاتێکدا کە مەترسیەکان ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبن.
بەم شێوەیە ئەنجامى سەرهەڵدانى حیزب و قەوارە سیاسیەکان لەکوردستاندا تەنها ماڵوێرانى زیاتر و لێکترازانى زیاتر و لاوازى زیاترى لێدەکەوێتەوە،ئەوەتا تەنانەت لەسەر دروستکردنى هاوپەیمانیەکى کوردى و یەک لیستى بۆ هەڵبژاردنەکانى عێراق لە ناوچە جێگە ناکۆک و دابڕاواکانیشدا ناتوانن بگەنە یەک بڕیار و هەموو کورد لەژێر سایەى یەک چەترى کوردایەتیدا کۆببنەوە بەجیاواز لە پێکهاتە عەرەب و تورکومان و مەسیحى و ئەوانى تردا،ئیدى دەبێت چ ئومێدێک بەسەرکردە و حیزبى سیاسى کۆن و نوێ هەڵبچنرێت و چ ئومێدێکیش بە ئایندە گەشە بکات،هەموو ئەم هەڵە و کەموکوڕیانە بەشى هەرە زۆرى دەکەوێتە ئەستۆى دەسەڵاتداران،بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەوانى تریش بێگوناه نین،بۆیە بەداخەوە ئەو ڕاستیە تاڵە هەمیشە ئامادەگى هەیە وخۆى دووپات دەکاتەوە لە هەموو قۆناغەکاندى خەباتى کوردایەتیدا کە دوژمنى سەرسەخت و ڕاستەقینەى کورد تەنها کورد خۆیەتى نەک دوژمنان و داگیرکارانى کوردستان.

پـــەیـــوەنــدیــدار