زۆرانبازى ئەمریکاو ئێران لە عێراقدا بەرەو کوێ ؟

زۆرانبازى ئەمریکاو ئێران لە عێراقدا بەرەو کوێ ؟

نزیکەى 15 ساڵى ڕێکە کە ڕژێمى بەعسى ێدامى ڕوخاوە لەعێراقدا بەهێزى هاوپەیمانان بەڕابەرایەتى ئەمریکا و ئیدى لەوکاتەوە گەلان و خاکى عێراق ڕزگاریانبوە لەدڕندەترین ڕژێمێکى تاکڕەو و ستەمکارى سەدەى بیستەم،هەرچەندە ئەمە دەستپێک و سەرەتایەکى قۆناغى نوێ بوو بۆ گەلانى عێراق و مایەى دڵخۆشیان بوو،بەڵام لەدواى ئەو بەروارەوە و بەدرێژایى ئەم 15 ساڵەى ڕابووردوو نەگەلانى عێراق و نە ناوچەکەش ئارامیان بەخۆیانەوە نەبینیوە کە هەموانیان وایان دەزانى ڕژێمەکەى ێدام حسێن هۆکارى ئەو گرژى و نائارامیە بوە،بەڵام لەئێستادا بۆیان دەرکەوتوە کە ئەوە ململانێ ناوخۆیەکانى نێوان حیزب و سەرکردە سیاسیەکان لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە ململانێ نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیە جیاوازەکان هۆکاربونە و لەپاڵ ئەمانیشدا ململانێ ناوچەییەکان و نێودەوڵەتیەکانیش بە بەهێزیەوە ئامادەگیان هەبوە.بۆیە ماوەى ئەم 15 ساڵەى ڕابووردوو گەلانى عێراق بەرى ڕەنجى چەندین ساڵەى خەبات و قوربانیەکانى 30 ساڵەى قۆناغى ڕژێمى ێدام حسێنیان نەچنیەوە تا ڕووبارێک خوێن و فرمێسک و قوربانى ترى هاتە سەرو تائێستاش بەردەوامى هەیە و ئەوسەرى ڕێگا و تونێلەکەش ناڕوون و نائاشکرایە بۆ ئایندە.
وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکانیش هەریەکەیان بە پێى توانا و بەرژەوەندیەکانى خۆیان دەستیان وەرداوەتە ناو کاروبارى عێراقەوە و هەریەکە بەمەرامێک و بۆ جێگە کردنەوەى پێگەیەکى شیاو لە ئایندەى عێراقى دەوڵەمەند بە نەوت و غازى سروشتى و ..هتد.گەرەکیانە بمێننەوە و لەو پێناوەشدا ململانێ دەکەن.
لەناو هەموانیاندا ململانێى نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر ئاشکرایە و زۆریش توندەو هەریەکەیان کێبکڕکێى ئەویتریان دەکات بۆ سەرکەوتن و بە ئانامج گەیشتنیان لە چەسپاندنى دەسەڵات و هەژموونى سیاسى و ئابورى و سەربازى خۆى لە عێراقدا.عێراق لە ئێستادا بۆتە گۆڕەپانێکى کراوە بۆ ململانێ نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەتیش ئێران و ئەمریکا.هەردووکیان گرنگى تەواو دەدەنە ئایندەى عێراق،چونکە باش لە گرنگى و کاریگەرى جێگە و پێگەى عێراق دەزانن لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناویندا،چونکە عێراق وڵاتێکى دەوڵەمەند و بەهێز و خاوەن 38ملیۆن کەس و یەدەگێکى زەبەلاحى نەوت و غازى سروشتیە و پێگە و هەڵکەوتەیەکى جیۆسیاسى گرنگى هەیە لەناوجەرگەى ڕۆژهەڵاتى ناویندا و دەڕوانێتە سەر وڵاتانى کەنداوى عەرەبى و دەروازەى وڵاتانى عەرەبیە بۆ ئێران و هەریەکێک لە ئێران یان ئەمریکا بتوانێت عێراق کۆنتڕۆڵ بکات وەکو ئەوە وایە هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوینى کۆنتڕۆڵ کردبێت.بۆیە ئەم ململانێیانەى ئێران و ئەمریکا بەتەنها لەعێراقدا نەماوەتەوە بەڵکو پەلى کێشاوە بۆ تەواوى ناوچەکە لە سوریا و لوبنان و فەلەستین و میسر و یەمەن و عومان و بەحرەین و …هتد.پڕیشکى ئەم ململانێ یان زۆرانبازیە دوو قۆڵیە پەلى هاویشتوە و مەترسیشى دروستکردوە بۆسەر نفوز و بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا و ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان لەناوچەکەدا بەوێنەى سعودیە و میسر و ئیسڕائیل. هەربۆیە پێناچێت ئەم ململانێیە بەئاسانى کۆتایى پێبێت و کۆتاییەکەشى کۆتاییەکى مەترسیدار و خوێناویش دەبێت بۆ ناوچەکە،چونکە لەلایەک هیچ کامیان پاشەکشە ناکەن ولەلایەکى تریشەوە بۆخۆى ئاگرى شەڕى دژ بەتیرۆریستانى داعش و هاوشێوەکانى هێشتا بەتەواوەتى کۆتایى نەهاتوە.
ئێران وەک زلهێزێکى ناوچەیى خۆى نمایش دەکات وهەرچى هەوڵى هەیە بۆ پاوانکردن و فراوانکردنى دەسەڵات و نفوزى خۆیەتى و پاڵپشتیشى هێزە ڕۆحى و ئاینى و مەزهەبیەکەیەتى لەناو گەلانى ناوچەکەدا و هەرچى ئەمریکاشە وەک زلهێزێکى جیهانى مەبەستى دەستبەسەراگرتنى تەواوى سەروەت و سامانى ناوچەکەیە لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنیەوە،چونکە ئەم ناوچەیە بۆ زلهێزەکانى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش گرنگى خۆى هەیە.
لە ئێستادا ئەمریکا لەسەر زەمینەى واقع و لەناو پێکهاتە جیاوازەکانى عێراقدا بە ڕادەى ئێران نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەهۆى لایەنگرى زۆرینەى شیعە مەزهەبى عەرەبیەوە بۆ ئێران و هەرواش سونەى عەرەب و کوردەکانیش لە بێ بەڵێنى ئەمریکا وەڕس بون و شکستە سیاسى و سەربازیەکانیان بۆ ئەمریکا دەگێڕنەوە و تورکومانەکانیش تورکیا بەپاڵپشتى ڕاستەقینەى خۆیان دەزانن و کەمینەى مەسیحیەکانیش لەو نێوەندەدا بێ دەسەڵات ماونەتەوە.لە ئێستادا زۆرانبازیەکى ئەمریکا و ئێران لە پاڵپشتى هەریەکەیان دەردەکەوێت بۆ سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان لە پێکەوەنانى لیستى و قەوارە و هاوپەیمانیەکانیان بۆ هەڵبژاردنى ئایندە و هەریەکەیان گەرەکێتى لایەنگرانى خۆیان سەرکەوتوبن تابتوانن بۆ 4 ساڵى ئایندە بەردەوامى بەهەژموون و مانەوەیان بەدەن لە عێراقدا.
هەربۆیە ئەم زۆرانبازیەى نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر حسابى خاک و گەلانى عێراق بۆ ماوەیەکى تریش بەردەوام دەبێت تائەوکاتەى ئەمریکا دەتوانێت گۆڕانکارى لەناوخۆى ڕژێمى ئێرانیدا دروستدەکات و دەبێتە هۆى گۆڕینى سیستەمى حکومڕانى لەئێراندا و بەمەش دەتوانێت سەرکەوتنى کۆتایى بەدەست بێنێت،بەڵام ئەم کارەش بۆخۆى نەئاسانە و نە لە ئایندەیەکى زوودا دێتەدى ،بەڵکو هێندەى تر ناوچەکە ڕووبەڕووى مەترسى و جەنگێکى ترى تیرۆریستى دەکاتەوە،هەربۆیە ئایندەى ململانێکە و کۆتایی چارەنوسى عێراق و ناوچەکەش بەتاریکى و لێڵى دەمێنێتەوە.و نارامى لەنماوچىەکەشدا بەردەوامى دەبێت.

پـــەیـــوەنــدیــدار