19 مادده‌ی تر له‌ پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان په‌سند ده‌كرێت

19 مادده‌ی تر له‌ پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان په‌سند ده‌كرێت

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2018/2/6، په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی د. جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (7)ی ئاساییی خولی پاییزه‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا.

سه‌ره‌تا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئاماده‌كراوه‌، به‌پێی بڕیاری ژماره‌ (26) ی ساڵی 2014 و بڕگه‌ی (8) له‌ مادده‌ی (په‌نجاو شه‌شه‌م) ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1) ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ی (94)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌و دوو پڕۆژه‌ یاسایه‌: (پڕۆژه‌ یاسای ده‌سته‌به‌ركردنی نوێنه‌رانی ئافره‌تان له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پڕۆژه‌ یاسای رێكخستن و یه‌كخستنی عه‌لوه‌كان)، به‌پێی ماده‌ی (71) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو،خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ زیادكردنی ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌ری ساڵح حه‌مید، بۆ سه‌ر لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی)، به‌پێی ماده‌ی (44) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی چواره‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت، به‌پێی ماده‌كانی (72،74،75)، له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو.

پاشان له‌لایه‌ن بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، پوخته‌ی كۆنووسی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ناوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی په‌رله‌مانیش خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌دانیشتنی پێشوو مۆڵه‌ت بوون یاخود ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نه‌بوون و ناوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌شی كه‌ بۆ دانیشتنی ئه‌مڕۆ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتبوو خوێندرایه‌وه‌.

پاشان به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، داوا له‌ لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كرا بێنه‌ شوێنی تایبه‌ت بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ماده‌ و بڕگانه‌ی كه‌ ئاماده‌یان كردبوو بۆئه‌وه‌ی بخرێنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی په‌سندكردنیان كه‌ بریتی بوو له‌ به‌شی پێنجه‌می پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وه‌كه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان و لیژنه‌ كاتییه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ له‌ بیست ماده‌ پێكهاتبوو له‌ ماده‌ی 28ی په‌یڕه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌ستیپێده‌كرد كه‌تێیدا ئاماژه‌ به‌ چۆنیه‌تیی هه‌ڵبژاردن و پێكهاته‌ و ماوه‌ی پێكهێنان و دیاریكردنی ژماره‌ی ئه‌ندامان له‌ لیژنه‌كاندا كراوه‌، سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌كه‌ كه‌ باس له‌ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان ده‌كات له‌ ماوه‌ی 25 رۆژدا، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازكرا ئه‌و 25 رۆژه‌ لابدرێت و ماوه‌كه‌ كراوه‌ بێت، به‌ڵام پێشنیازه‌كه‌ ده‌نگی پێویستی نه‌هێناو بڕگه‌كه‌ وه‌ك خۆی مایه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێشنیاز كرا كه‌ لیژنه‌كان بۆیان هه‌بێت سكرتێرێك یان زیاتریان هه‌بێت بۆ لیژنه‌كه‌، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

پاشان كۆی ماده‌كه‌ كه‌ له‌ پێنج بڕگه‌ پێكهاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
ماده‌ی 29 كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ژماره‌ی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان، دوای پێشنیازی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ لێكدانی چه‌ند لیژنه‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ و مانه‌وه‌ی هه‌ندێ لیژنه‌ش وه‌كو خۆیان و یه‌كلاكردنه‌وه‌یان به‌ ده‌نگدان ژماره‌ی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ 22 لیژنه‌وه‌ كرا به‌ 15 لیژنه‌.

ماده‌كانی 30 و 31ی په‌یڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ كاری لیژنه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كانی و وه‌رگرتنی بڕیاره‌كان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ و دانیشتنه‌كانی و تۆماركردنیان له‌ كۆنووس و خستنه‌ به‌رده‌می هه‌ر بابه‌تێك له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌رده‌م لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان، دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا په‌سند كران.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 32ی پییڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و راوێژكارانی په‌رله‌مان به‌پێی پسپۆڕییان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كان، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیاز كرا بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌كه‌ لابدرێت، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا، دواتر كۆی ماده‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا.

ماده‌كانی (37،36،35،34،33)ی په‌یڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ جێبه‌جێبوونی ئه‌و حوكمانه‌ی كه‌ له‌و په‌یڕه‌وه‌دا هاتوون بۆ ئاماده‌بوون له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر ئاماده‌بوون له‌ دانیشتنی لیژنه‌كان و جێگرتنه‌وه‌ی شوێنی ئه‌ندامێكی لیژنه‌كان له‌كاتی به‌تاڵبوونی شوێنه‌كه‌ی به‌پێی په‌یڕه‌و و به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌ له‌ كاری لیژنه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كران.

ماده‌ی 38ی په‌یڕه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازی لیژنه‌ی كاتیی پێداچوونه‌وه‌ و پێشنیازی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ لادرا.

هه‌روه‌ها پێشنیاز كرا ماده‌ی 39ی په‌یڕه‌وه‌كه‌ش لابدرێت به‌ڵام پێشنیازه‌كه‌ ده‌نگی پێویستی نه‌هێناو ماده‌كه‌ وه‌ك خۆی په‌سند كرا.

ماده‌كانی (43،42،41،40)ی په‌یڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌شێواژی راوێژكردنی لیژنه‌كان به‌شاره‌وایان و پێسپۆڕانی په‌یوه‌ست به‌كاری لیژنه‌كان  و داوای دانیشتنی گوێگرتن له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك كه‌په‌یوه‌ست بێت به‌كاری لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌رتی حكومی و تایبه‌ت و هه‌روه‌ها به‌دواچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانیی لیژنه‌كان و داواكاریی لیژنه‌كان بۆ ئاماده‌بوونی وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ لیژنه‌كان و به‌شدارییان له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان، هه‌ر چوار ماده‌كه‌ به‌جیا وه‌ك خۆیان خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و په‌سند كران.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 44یش پێشنیاز كرا كه‌ بڕگه‌ی چواره‌می ماده‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ دابڕێژرێته‌وه‌ (له‌كاتی كاركردنی لیژنه‌ نابێت نهێنیی كاری لیژنه‌كه‌ بدركێندرێت)، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه‌ و بڕگه‌كه‌ وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ (له‌كاتی كاركردنی لیژنه‌ هه‌ر ئه‌ندامێك نهێنیی كاری لیژنه‌كه‌ بدركێنێت ئه‌ندامییه‌تیی لیژنه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌دات)، پاشان كۆی ماده‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

ماده‌كانی (47،46،45)ی په‌یڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان لیژنه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و كاری به‌دواداچوون و پشكنین و گه‌ڕان به‌دوای راستییه‌كان و ئاراسته‌كردنی راپۆرت و راسپارده‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ، دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ وه‌كو خۆی به‌جیا په‌سند كران.

به‌مجۆره‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كۆتایی به‌ به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌ هێنا و دوای پشوویه‌كی كورت دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌ و به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاساكانی (ده‌سته‌به‌ركردنی نوێنه‌رانی ئافره‌تان له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، یاسای رێكخستن و یه‌كخستنی عه‌لوه‌كان) كران و له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران و داواش كرا كه‌ هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاساكه‌ سیفه‌ی ئیستعجالیان پێبدرێت.

به‌پێی خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كاریش به‌ كۆی ده‌نگ په‌رله‌مانتار په‌ری ێالح حه‌مید، بۆ سه‌ر لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی زیاد كرا.

سه‌باره‌ت به‌ خاڵی چواره‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت، له‌سه‌ر داوای وه‌زراه‌تی شاره‌وانی به‌مه‌به‌ستی ره‌خساندنی كاتی زیاتر بۆ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری، دواخرا بۆ دانیشتنی رۆژی دووشه‌مه‌ی داهاتوو و دانیشتنه‌كه‌ كۆتایی پێهات.

پـــەیـــوەنــدیــدار