پێگەى سیاسى کورد لە عێراقدا بەرەو کوێ ؟

پێگەى سیاسى کورد لە عێراقدا بەرەو کوێ ؟

 

بەداخەوە کێرڤى پێگەى سیاسى هەرێمى کوردستان لە عێراقدا لەساڵى 2012 بەدواوە بەرەو داکشان و لاوازى و بێهێزى ملى شۆڕکردۆتەوە،و بەتایبەتیش دواى نەخۆشکەوتنى مام جەلال وەک سەرۆکێکى کاریزما و سەرکردەیەکى سیاسى خاوەن سەنگینى و قورسایى خۆى لە بەغداد و پاشەکشەکردنى لەگۆڕەپانى سیاسى عێراق و هەرێمى کوردستانیشدا، بوە سەرەتا و دەستپێکى لاوازبوونى پێگەى سیاسى کورد لە عێراقدا و ئیدى ئەم لافاوى هەرەس و داکشانە بەردەوام بوو،چونکە لەلایەک سەرکردایەتى سیاسى کورد لە بەغداد بەهۆى نەمانى مام جەلالەوە بۆشاییەکى گەورەى دروستکرد و کەسیش نەبوو جێگەى بگرێتەوە و بەر بەهەرەس و دژایەتیەکانى عەرەبیش بگرێت لەبەغداد و لە لایەکى تریشەوە لەهەرێمى کوردستانیشدا کاریزمایەکى بەهێزو خاڵى یەکانگیرى هەموو لایەنەکان پەیدانەبوو و هەڵیشنەکەوت تا لانى کەم پارێزگارى لە پێگەى سیاسى کورد و ڕیزەکانى کورد یەک و یەکگرتوو بکات، دواتریش بەهۆى لەلایەک هەڵەخوێندنەوەى هاوکێشە سیاسیەکانى ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و دونیاش و لەلایەکى تریشەوە ناکۆکیە سیاسیە بەردەوامەکان و بەردەوامبون لەسەر هەڵە سیاسیە کوشندەکان لەلایەن سەرکردایەتى سیاسى کوردەوە،بونە بەردەوامیپێدەرى لاوازبوونى پێگەى سیاسى کورد.
بە چێکردنى ڕیفراندۆمیش و حیساب نەکردن بۆ ئامۆژگاریەکانى دۆستەکان و کەوتنە ژێر کاریگەرى و هەژموونى ناسیونالیستى توندى کوردایەتیشەوە و لەپێناو بەدەستهێنانى دەسکەوتى کەسى و حیزبى و بنەماڵەییدا، وەک دەوترێت ((بوە ئەو مووەى کە پشتى حوشترەکەى پێشکا)) و ئیدى مەسەلەى کورد و کوردایەتى و پێکەوەنان و ڕاگەیاندنى دەوڵەتى کوردى بونە خەون و بۆ ماوەى دەیان ساڵ لێمان دوورکەوتنەوە و لەجیاتى ئەو دروشمە قەبە و جوان و پڕ شکۆیە دروشمى بەڵێ بۆ مووچە و ناردنى بودجە و کردنەوەى دەروازە سنوریەکان و فڕۆکەخانە داخراوەکانمان بەرزکردەوە.
ڕیفراندۆم گەرچى مافى ڕەواو سەرەتایى میلەتەکەمان بوو،بەڵام دیاریکردن و پێداگیرى لەسەر ئەنجامدانى لەم زەمان و زەمینە نەگونجاوەدا بە نەرێنى شکایەوە بەسەر تەواوى بیر وکار وگوتارى کوردایەتیدا.هەر لە دەرئەنجانمە خراپەکانى ڕیفراندۆم بوو کە شکستى سەربازى بەسەر هێزى پێشمەرگەدا هات و 51% خاکى دانەبڕواى کوردستان جارێکى تر داگیرکرایەوە هەر لە خانەقین و دووزخورماتوو و کەرکوکە تا دبس و مەخمور و خازەر و شەنگال و بەعشیقە و فیشخابور و ..هتد.زۆرێک دەڵێن ڕووداوەکانى 16 /10 بونەتە مایەى کارەساتى داگیرکارى و جینۆسایدى کورد و کوردستان لە دوزخورماتوو کەرکوک ،بەڵام دوور لە دەمارگیرى حیزبى هیچ ڕوویەکى لەیەکچوون نیە لە نێوان کاریگەریەکانى ڕیفراندۆم و کارەساتى 16/10دا،چونکە ڕیفراندۆم زۆر گەورەتر و کاریگەرترە لە خەباتى کوردایەتیدا و خاڵێکى گەشاوەو وەچەخانیشە،بەڵام ڕووداوەکانى 16/10 وەکو هەموو کارەساتەکانى ترى 31ى ئابى 1996 و نسکۆو شکستى شۆڕشى ئەیلولى ساڵى 1975 و کارەساتەکانى شەڕى ناوخۆ وبراکوژى شاخ و شار لەدواى ڕاپەڕینیش 1994-1998 هەموانیان کارەساتى جەرگبڕبوون و مایەى شەرمازارین بۆ هەموان بەبێ جیاوازى و هەق نیە ئەو وێسگە ڕەش و تاریکانە هیچ لایەک نە موزایەدەى پێوە بکات و نە شانازیشە بۆ هیچ لایەک و سەرکردەیەک،دەبێت تادەکرێت ئاسەوارەکانیان لە زهن و بیرى خۆماندا بسڕینەوە و نەیهێڵین نەک وەکو ئێستا و بەربەردەوامى لەسەر قەوانێکى سواو بیجوینەوە.
بۆیە گەر بمانەوێت پێگەى سیاسى کورد لە عێراق و بۆ ئایندەش بەرز و بەهێز و پتەوى بکەینەوە وەکو سەرەتاى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامى لەساڵى 2003دا پێویستە لەسەر:کورد لەنێو خۆى و لەنێو ماڵى خۆیدا یەک و یەکگرتوو و یەک گوتار و یەک کردار بێت،بەرامبەر بە عەرەب ((سونە و شیعە)) و ئەوانى تریشدا و پڕۆسەیەکى سازانى نیشتیمانى و ئاشتەوایى سەرتاسەرى چێبکات،و دوور بکەوێتەوە لەململانێى ناڕەواى حیزبایەتى و ناوچەگەرى و حکومەت و دەسەڵاتێکى تۆکمە و پتەو وبەهێز پێکەوە بنێت لەسەر بنەماى شەفافیەت و خزمەتکردن و چاکسازى ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە دامودەزگا شەرعیەکانى حوکمڕانى، دوور لە گەندەڵى و بە ئاڕاستە و پلانێکى زانستى واقعى کارى خۆى بکات و ڕێز لە بنەماکانى دیموکراسى و ئازادى و دادپەروەرى ڕاستەقینەش بگرێت،چونکە کورد و مەسەلەکەى بەبێ چەسپاندنى دیموکراسى و ئازادیەکان لەکوردستان و عێراقدا هەمیشە بە ژێردەستەیى و داگیرکراوەیى دەمێنێتەوەو بۆ هەتاهەتایش هەر لە شەڕ و کوشتار و ماڵوێرانیدا بەردەوام دەبێت.
کورد لە ئێستادا هیچ چارەیەکى نیە جگە لە بەرقەرارکردنى ئاشتى لەناوخۆى کوردستان لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراقدا و لەسەر بنچینەى دەستور کە هەرچەندە فریاد ڕەسیش نیە بۆ هەموو ماف وداواکاریەکانى کورد،بەڵام تا ئەوکاتەى کورد تەندروستى و بەهێزى خۆى وەدەستدێنێتەوە و دەبێتەوە خاوەن دەستپێشخەرى سیاسى ،ناچارە لەگەڵ ڕەوتى ڕووداوەکاندا خۆى بگونجێنێت و دەبێت سزاى هەڵە و سەرەڕۆیى و سەرکێشیەکانى بداتەوە ئەوکات دەگاتە ئەو بڕوایەى کە ئاڕاستەیەکى نوێ بە بیر و ئەندێشە و پلانێکى نوێوە بەرەو ئایندەیەکى گەشتر هەنگاو بنێت.
کورد خۆى هۆکارى سەرەکى کێشە و لاوازبونى پێگەى سیاسى خۆى بوە لە عێراقدا وهۆکارى لەدەستدانى شکۆ و گەورەیى و گەشاوەیى دەسەڵاتەکەى بوە بەشێوەیەک سەقفى داواکاریەکانى لە دامەزراندنى دەوڵەتەوە دابەزیوە بۆ داواکردنى مووچە و بودجەو ..هتد. لەهەمان کانتیشدا هەرخۆشى هۆکارى چارەسەرکردن و ساڕێژکردنیەتى،بۆیە گلەیى وڕەخنەى سەرەکى دەبێت کورد لەخۆى بگرێت نەک عێراق و دەرودراسێ و زلهێزەکان،چونکە ئەوان هەمیشە لەبەرژەوەندى خۆیان سەوداومامەڵە دەکەن نەک لەبۆ بەرژەوەندى کورد،بۆیە بەهێزبونەوەى پێگەى سیاسى کورد تەنها بەندە بەیەک و یەکگرتوویى ڕیزەکانى کورد خۆیەوە.

پـــەیـــوەنــدیــدار