سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان  روونکردنەوەیەک  بڵاودەكاتەوە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان روونکردنەوەیەک  بڵاودەكاتەوە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەک  بڵاودەكاتەوە.

، ئەوە خراوەتەڕوو كە لە رێکەوتی 2018/1/3حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکەی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردو دوای ئەوەی لە لایەن پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا, ئاراستەی شەش لیژنەی پەرلەمانی پەیوەندی دار کراو لە ماوەی کارکردنی نزیکەی دوو مانگی لیژنەکان راپۆرتی هاوبەش ئامادەکراو خرایە بەردەم پەرلەمان بۆ گفت و گۆ کردن و پەسەند کردن.

لە ماوەی سێ رۆژی دانیشتنەکانی پەرلەمان و دوای گفت و گۆی چڕو پڕ لە رێکەوتی ٢٨/٢/٢٠١٨ کۆی یاساکە پەسەند کرا. ئێمە پێمان وایە پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەسکەوتێکی گەورەی گەلەکەمانە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی و جێگای خۆیەتی دەست خۆشی لە ئەندامانی پەرلەمان لە سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان و حکومەتی هەرێم و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و هەموو لایەک بکەین کە بەشدارو پاڵپشت بوون بۆ پەسەند کردن و دەرچوونی ئەم یاسایە. لە روانگەی پەرۆشیشمان بۆ روونکردنەوەی راستیەکان و دەسکەوتەکانی ئەم یاسایەو چەواشەنەکردنی رای گشتی کوردستان لە لایەن هیچ کەس و لایەنێک ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە روو:

یەکەم: یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کراوەو پرۆژەی هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی نەبووە, بەڵام دوای ئەوەی هاتۆتە پەرلەمان سەرجەم فراکسیۆنەکان و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان بە یەکەوە هەوڵی پەسەند کردنی ئەم یاسایەیان داوەو لە کاتێکیشدا کە کۆی یاساکە خرایە دەنگدان هیچ ئەندامێکی پەرلەمان و هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانیش دژی پەسەند کردنی یاساکە دەنگی نەداوەو سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە گەڵ یاساکە بوون.

دووەم: ناوەڕۆکی یاساکە کۆمەڵێک دەسکەوت و خاڵی ئێجگار گرنگی تێدایە کە ساڵانیکە گەلی کوردستان چاوەڕوانی دەکات بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی.

لە خوارەوە وەک نموونە دەست بژێرێک لەم دەسکەوتانە دەخەینە روو:

١-زامنکردنی مافی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان لەو موچەیەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی پاشەکەوت لێیان بڕدراوە, بە شێوەیەک بخرێتە سەر حیسابی بانکی فەرمانبەران و لە داهاتووش بە پەیڕەوێکی تایبەت شێوازی مامەڵە پێکردنی رێکبخرێت و فەرمانبەران بتوانن بە کاری بهێنن

٢- ئەوە جێگیر کراوە کە هیچ خانەنشینێک نابێت لە سێ سەد هەزار دینار کەمتر موچەی خانەنشینی وەربگریت و لەو داهاتانەش کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکە دەگەڕێنەوە, تەرخان دەکرێت بۆ موچە خۆرانی هەرێم و باشکردنی دۆخی ژیانی خانەنشینانی کوردستان.

٣- هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاو پلە تایبەتەکان کە رۆژێک لە رۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوەو دەستەبەرکردنی مافی ئەو تێکۆشەرانەی لە بزووتنەوەی رزگاریخواری کوردستان بەشدار بوونە لە چوارچێوەی یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە و خانەنشینی پێشمەرگە.

٤- راستکردنەوەی موچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشین کراون.

٥- یەکخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەو یەکە کارگێڕیەکان کە موچەی خانەنشینیان لێ خەرج دەکرێت بە سەربازی و مەدەنی لە ناو بەڕیوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی.

٦- یەکخستنەوەی یەکەکانی ژمێریاری سەر بەیەکەی حەفتاو هەشتا لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە, کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزە بەرەو یەکخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

٧- دانانی میکانیزم و کاتی دیاریکراو بۆ پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر, لە رێگای پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند کە ئەمە خواستی خەڵکی کوردستانە.

٨- دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگاو دامەزراوەو پلە باڵاکانی هەرێم لە چوارچێوەی پەیڕەوێک کە حکومەت و پەرلەمان لە ماوەی شەست رۆژ پەسەندی دەکەن, بەمەش هەموو ئەو نادادی و بندیوارو بەهەدەردانەی لەم بوارە دەکرێت لادەبرێت و هەموو یەکەکانی پاسەوانی یەکدەخرینەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ.

٩- رێکخستنەوەی دەرماڵەکان و زیاتر لە یەک جار سوود مەند بوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسنا کردنی کەس و کاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت.

١٠- دانانی مەرج و رێسای یاسایی گونجاو بۆ دامەزراندنی بەرێوەبەری گشتی و راوێژکارو پلە باڵاکان کە دەستەبەری پسپۆری و دادپەروەری بکات.

١١- راگرتنی درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی وەزیفی بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی هەرێمی کوردستان لە هەرسێ دەسەڵات و لە هەموو ئاستەکان.

١٢- پابەندکردنی هەریەک لە دیوانی چاودێری دارای و دەستەی نەزاهەو داواکاری گشتی لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاساکە.

١٣- دروستکردنی صندوقی خانەنشینی و قەدەغەکردنی خەرجکردنی هەر بڕە پاریەک لەم صندوقە.

سێیەم: سەبارەت بە خانەنشینی پلە باڵاکان لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و وەزیرو پەرلەمانتارو وەکیل وەزیرو راوێژکارو بەریوەبەری گشتی و سەرجەم پلە تایبەتیەکان, میکانزمێک پەسەند کراوە بە بەراورد بە یاسا بەرکارەکانی پێشوو کە هەبوون بۆ خانەنشینکردنی ئەمانە رێژەیەکی زۆری خانەنشینیان کەمکراوەتەوەو هەوڵدراوە ساڵانی خزمەت و بڕوانامەو تەمەن لە بەرچاو بگیرێت و لە رێژەی بیست و پێنج لە سەد لە موچەکەیان دەست پێدەکات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار پەنجا ساڵە نابیت لە شەست لەسەدی موچەکەیان زیاتر بێت و ئەوانەشی لە پەنجا سال زیاترن نابیت لە حەفتا لە سەدی موچەکەیان زیاتر بێت, لە کاتێکدا پێشتر هەموویان بە هەشتا لە سەد خانەنشین دەکران, هەروەها خانەنشین بوون ئارەزوو مەندانەیەو هەریەک لەم پلە تایبەتانە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووی خۆیان. ئەمەش جۆرێکە لە دەستەبەر کردنی دادپەروەری, بۆیە باسکردنی هەرشتێکی دی بەدەر لەمە بۆ موزایەدەی سیاسیەو مەبەست تیایدا شێواندنی راستیەکانەو هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوە لە گەورەیی دەسکەوتەکانی ئەم یاسایە.

پـــەیـــوەنــدیــدار