ئاسۆ مامەند: لەسەر پرسی نەوتی کەرکوك لەگەڵ پارتی جیاوازین و لەبەر شەری داحش بێدەنگ بووین

ئاسۆ مامەند: لەسەر پرسی نەوتی کەرکوك لەگەڵ پارتی جیاوازین و لەبەر شەری داحش بێدەنگ بووین

سازدانی‌: وریا كاكه‌یی.

ئاسۆ مامه‌ند، به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ كه‌ركوكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ئاشكرایده‌كات، له‌سه‌ر پرسی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك‌و داهاته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان جیاوازن‌و له‌به‌ر شه‌ڕی‌ داعش بێده‌نگبون، ده‌شڵێت “خه‌ڵكی كه‌ركوك نیگه‌رانن‌و ره‌نگه‌ نیگه‌رانیه‌كان‌و فشاره‌كان زۆرتر بێت”.

له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی‌، ئاسۆ مامه‌ند كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی یه‌كێتیه‌ جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌و كێڵگانه‌ی‌ نه‌وتیان لێوه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت له‌سنوری‌ كه‌ركوكدایه‌ نه‌ك سنوری‌ شاری‌ هه‌ولێر كه‌ باسده‌كرێت، وتیشی‌”گه‌ر بمانویستایه‌ ده‌مانتوانی‌ رێگری‌ له‌و هێزه‌ بكه‌ین كه‌ پێشتر چوه‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ كه‌ركوكه‌وه‌”.

هاوڵاتی‌:سه‌ره‌تا له‌ بارودۆخی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین، به‌ره‌و چی‌ ده‌ڕوات؟

ئاسۆ مامه‌ند: هه‌میشه‌ ناحه‌زانی كورد‌و كه‌ركوك پیلانیان هه‌بوه‌ دژی كه‌ركوك، له‌دوای ئازادی عێراقیشه‌وه‌ هه‌میشه‌ شۆڤینیه‌كان‌و تیرۆریستان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابون كێشه‌ بۆ كه‌ركوك دروستبكه‌ن، له‌دوای هاتنی داعش بۆ موسڵ‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و داگیركردنی به‌شێك له‌كه‌ركوك وه‌ك قه‌زای حه‌ویجه‌ پیلان هه‌بوه‌ بۆ داگیركردنی كه‌ركوك، بۆیه‌ پاراستنی كه‌ركوك ئاسان نه‌بوه‌‌و به‌داخه‌وه‌ خوێنێكی زۆرماندا‌و فه‌رمانده‌شمان شه‌هید بوو له‌پێشمه‌رگه‌‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان وه‌ك پۆلیس‌و ئاسایش، كه‌ركوكیش نه‌ گونده‌‌و نه‌ ناحیه‌یه‌ك، پاراستنی ئاسان نه‌بو به‌تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تای هاتنی داعش كه‌ داعش زۆر به‌هێزبوو هه‌وره‌ها هاوپه‌یمانانیشمان له‌گه‌ڵدا نه‌بوو، سه‌باره‌ت به‌داهاتوی كه‌ركوكیش له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌ ئاڵۆزه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ واقیعه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ پارێزگاری له‌كه‌ركوك ده‌كات‌و له‌ناو شاریش ئاسایش‌و پۆلیس هه‌ن، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ خاكی كوردستانه‌ به‌ڵام دۆخه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ ئاڵۆزه‌‌و ناتوانین پێشبینی له‌سه‌ر داهاتوی كه‌ركوك بكه‌ین.

هاوڵاتی‌: وه‌ك یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ركوك وه‌ك ئێستای بمێنێته‌وه‌ یان له‌به‌غدا داببڕێت یان وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بێت؟

ئاسۆ مامه‌ند: ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوكین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئێستا كه‌ركوك سه‌ر به‌به‌غدایه‌ له‌روی‌ ئیداریه‌وه‌، وه‌ك یه‌كێتی پێشتریش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوینه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كه‌ركوك له‌م كاته‌دا داببڕێ‌ به‌چ شێوازێك داببڕێ‌؟ له‌كاتێكدا موچه‌‌و ژیان‌و ئیداری له‌سه‌ر به‌غدایه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوكداین به‌ڵام ئه‌مه‌ بڕیارێك نیه‌ تا ئێمه‌ بیده‌ین ئه‌ی موچه‌‌و ژیانی خه‌ڵك چۆن دابین ده‌كرێت؟، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌ر كاتێك دۆخه‌كه‌ له‌باربوو بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم به‌ڵام واقیعی ئێستا وایه‌ ده‌بێ‌ به‌و شێوازه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌.

هاوڵاتی‌:په‌یوه‌ندی كه‌ركوك‌و به‌غدا تادێت ئاڵۆز ده‌بێت، له‌كاتێكدا یه‌كێتی زۆرینه‌یه‌ له‌و شاره‌‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه‌ شیعه‌كاندا به‌هێزه‌، بۆچی تائێستا ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌تان به‌كارنه‌هێناوه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی باوردۆخه‌كه‌؟

ئاسۆ مامه‌ند: ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رابردو نه‌ك كه‌ركوك به‌ڵكو كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غداش ئه‌وكاته‌ی مام جه‌لال له‌به‌غدا بو وه‌ك یه‌كێتی‌و به‌جوهدی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوین كێشه‌كان به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ێن، به‌داخه‌وه‌ لێره‌وله‌وێ‌ هه‌ندێ وه‌زاره‌ت‌و هه‌ندێ‌ خه‌ڵك دژایه‌تی ئیداره‌‌و دژایه‌تی شاری كه‌ركوك ده‌كه‌ن، ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌حه‌ق نازانین‌و ناحه‌قیه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كه‌ركوك چونكه‌ وه‌ك ده‌زانن ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كه‌ركوك‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ كه‌ركوكیش ئێستا وه‌ك سه‌ڵاحه‌دین‌و موسڵ‌و شوێنه‌كانی دیكه‌ی ده‌ستی‌ داعش بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ماوه‌ی رابردو وه‌فدێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی سه‌ردانی به‌غدایان كرد‌و كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی باشیان نا، پارێزگاری كه‌ركوك سه‌ردانی به‌غدای كرد‌و به‌شێك له‌كێشه‌‌و گرفت كۆتاییهات‌و به‌شێكیان به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات، به‌ڵی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شیعه‌كاندا په‌یوه‌ندیه‌كی باشمان هه‌یه‌‌و هه‌میشه‌ پێیانمان راگه‌یاندوه‌ نامانه‌وێت كێشه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ دروستبكه‌ین به‌ڵام ئه‌وانیش ده‌بێت موراعاتی وه‌زعی شاره‌كه‌‌و یه‌كێتی بكه‌ن.

هاوڵاتی‌: له‌گه‌ڵ پارتی هاوڕان له‌سه‌ر شێوازی مامه‌ڵه‌ی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ به‌غدا یان پارتی له‌ئێوه‌ توندترن به‌رانبه‌ری؟

ئاسۆ مامه‌ند: ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌وه‌ هه‌بێت یان پرسی‌ نه‌ته‌وه‌یی بێت نه‌ك ته‌نیا یه‌كێتی‌و پارتی به‌ڵكو هه‌مو لایه‌نه‌ كوردیه‌كان هاوڕان له‌سه‌ری، به‌ڵام هه‌ندێ‌ شت هه‌یه‌ مه‌رج نیه‌ ئێمه‌‌و پارتی هاوڕابین، ئێمه‌ هه‌ر ئه‌سڵه‌ن له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوین به‌گفتوگۆ‌و دانیشتن چاره‌سه‌ربكرێت‌و رای جیاوازمان هه‌یه‌، دڵنیام به‌توندوتد‌وتیژی ناتوانین كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئێمه‌ به‌رژوه‌ندی شاره‌كه‌مان لاگرنگه‌ نه‌ك به‌توندوتیژی به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی خراپ بڕوات.

هاوڵاتی‌: په‌یوه‌ندی ئێوه‌‌و پارتی له‌كه‌ركوك باشه‌؟

ئاسۆ مامه‌ند: له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌كان په‌یوه‌ندیمان باشه‌، ره‌نگبێت لێره‌وله‌وێ گله‌یی یان ره‌خنه‌ هه‌بێت، به‌ڵام كه‌ركوك تابیه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌‌و دوژمنان چاویان له‌سه‌ریه‌تی، بۆیه‌ پێویستی به‌یه‌كده‌نگی‌و یه‌كڕیزی هه‌یه‌، هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوین به‌دانیشتن شته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین‌و په‌یوه‌ندیمان باشه‌.

هاوڵاتی‌: ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی كه‌ركوكیش هه‌روایه‌ یان رای جیاوازتان هه‌یه‌؟

ئاسۆ مامه‌ند: به‌دڵنیاییه‌وه‌ رای جیاوازمان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌كاتێكدا ئێمه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوین له‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌ی دوبز روبه‌ڕوی داعش ببینه‌وه‌ له‌وكاته‌دا هێزێك هات ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و چاڵه‌ نه‌وتیانه‌دا گرت، ئێمه‌ هه‌ر شتێك بۆ به‌رژوه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان بێت له‌گه‌ڵیدا ده‌بین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا غه‌در‌و ناحه‌قی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی شاره‌كه‌‌و كه‌ركوك نه‌كرێت، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌و نه‌وته‌ ده‌ڕوات ده‌بوایه‌ مسته‌حه‌قاتی كه‌ركوك بدرایه‌، ئه‌وكاته‌ی كه‌ركوك بودجه‌‌و داهاتی هه‌بو چه‌ندین جۆر پڕۆژه‌ ئه‌نجامده‌درا، به‌ڵام ئێستا زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان وه‌ستاوه‌‌و ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندی شاره‌كه‌‌و خه‌ڵكی كه‌ركوكمان لاگرنگه‌، هه‌مو خه‌ڵك پێشوتریش‌و له‌شه‌ڕی دژ به‌داعشدا بۆیان ده‌ركه‌وت هێزه‌كانی یه‌كێتی چه‌نده‌ قاره‌مانن به‌ڵام له‌به‌ر شه‌ڕی داعش نه‌مانویستوه‌ شته‌كان به‌ره‌و عه‌قارێكی تردا بڕوات‌و ره‌نگه‌ بێده‌نگیمان هه‌ڵبژاردبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌مانویستوه‌ رۆژێك له‌ڕۆژان كێشه‌‌و گیر‌وگرفت دروستبێت‌و ئێستاكه‌ش ته‌مه‌ننای ئه‌وه‌ ناكه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پارێزگار‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا قسه‌مان كردوه‌ ئه‌وانیش داوای ئه‌وه‌یانكردوه‌ ناكرێت چیتر غه‌در له‌كه‌ركوك بكرێت له‌به‌ینی به‌غدا‌و هه‌رێم، ئه‌گه‌ر بمانویستایه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ی هێزه‌كه‌ هات رێگریمان لێیده‌كرد به‌ڵام هیچ كاتێك نه‌مانویستوه‌ كێشه‌ دروستبێت.

هاوڵاتی‌: خه‌ڵكی كه‌ركوك گله‌یی له‌وه‌ده‌كه‌ن نه‌وته‌كه‌یان ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌‌و شاره‌كه‌ش بێ پاره‌یه‌، به‌ڵام ده‌وترێت یه‌كێتی‌ هه‌ڵوێستان له‌وباره‌یه‌وه‌ رون نیه‌، بۆچی‌؟

ئاسۆ مامه‌ند: بێده‌نگیه‌كه‌مان له‌به‌ر شه‌ڕی داعشه‌‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانه‌بوین كێشه‌كان قوڵتربن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتیوانی له‌خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌كه‌ین‌و مافی‌ خۆیه‌تی موسته‌حه‌قاتی كه‌ركوك بدرێت‌و چیتر غه‌دریان لێنه‌كرێت، ناكرێت ئیداره‌ پاره‌ی نه‌بێت شه‌قامه‌كان پاكبكرێته‌وه‌‌و له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا غه‌دری‌ لێبكرێت، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمیش كه‌ نه‌وتی كه‌ركوك ده‌رده‌هێنێت‌و ده‌یباته‌ ده‌ره‌وه‌ موسته‌حه‌قاتی كه‌ركوك بدات، ئه‌و داوایه‌مانكردوه‌ له‌هه‌رێم چونكه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوكیش نیگه‌رانن‌و ره‌نگه‌ نیگه‌رانیه‌كان‌و فشاره‌كان زۆرتر بێت، بۆیه‌ داواده‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌م داواكه‌مانه‌وه‌ بێت‌و خه‌ڵكی كه‌ركوك بێبه‌ش نه‌كات.

هاوڵاتی‌: به‌وردی ده‌توانیت پێمانبڵێیت ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ی هه‌رێم نه‌وتی لێده‌رده‌هێنێت‌و له‌وبه‌ر زێی‌ بچوك سه‌ر به‌كه‌ركوكه‌ یان هه‌ولێر؟

ئاسۆ مامه‌ند: هه‌موو بیره‌كان له‌وبه‌ر زێی‌ بچوك نیه‌، بای حه‌سه‌نی جنوبی له‌مبه‌ر زێیه‌، ئاڤانه‌ به‌قه‌د دوبزه‌وه‌یه‌‌و به‌شێكی سه‌ر به‌دادود گورگه‌‌و سه‌رگه‌ڕانه‌ به‌ڵام به‌گشتی سه‌ر به‌كه‌ركوكن، ئه‌وه‌تا نه‌خشه‌ هه‌یه‌‌و هه‌مو كه‌سێك ده‌زانێت بای حه‌سه‌ن له‌مبه‌ری زێشه‌، لێره‌وله‌وێ باسكراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ له‌كۆندا سه‌ر به‌هه‌ولێر بون به‌ڵام بای حه‌سه‌ن‌و ئاڤانه‌ هیچ وه‌ختێك سه‌ر به‌هه‌ولێر نه‌بون‌و ئێستاش ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له‌ڕویی ئیداری‌و هه‌مو شتێكه‌وه‌ سه‌ر به‌كه‌ركوكه‌.

هاوڵاتی‌: پشكی كه‌ركوك له‌نه‌وتدا چۆنه‌؟

ئاسۆ مامه‌ند: ئێمه‌ دژی هیچ شتێك نین كه‌ هه‌ر نه‌وتێك یان داهاتێك بۆ خه‌ڵكی كوردستان‌و بۆ هه‌رێمی كوردستان بێ‌، به‌ڵام له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی كه‌ركوك نه‌بێت‌و خه‌ڵكی كه‌ركوكی لێ بێبه‌ش نه‌كرێت، داواكارین له‌وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌زوترین كات پشكی كه‌ركوك له‌داهاته‌كه‌ی‌ بدات‌و بێبه‌شی نه‌كات.

هاوڵاتی‌: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌شی كه‌ركوكی له‌و نه‌وته‌ نه‌داوه‌ بۆ بێده‌نگن؟

ئاسۆ مامه‌ند: بێده‌نگ نین به‌ڵام ناشمانه‌وێت له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان بڵێین واده‌كه‌ین، له‌م قۆناغه‌ی ئێستا یه‌كڕیزی كورد پێویسته‌ نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وتی كه‌ركوك به‌ڵكو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ململانێی‌ نێوده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ش، بۆیه‌ پێویسته‌ كورد كێشه‌كان به‌گفتوگۆ‌و یه‌كڕیزی چاره‌سه‌ر بكات، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین حكومه‌تی هه‌رێمیش ره‌چاوی ئه‌وه‌ بكات به‌ڵام ره‌نگه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك بێده‌نگ نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه.‌.

 

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە