ئاگاتان لێیه‌ ؟؟!!

ئاگاتان لێیه‌ ؟؟!!

نوسینی : هه‌ژار نامیق

پێشینیان فه‌رموویانه‌ (هه‌موو هات و هاواره‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌گ چه‌رمه‌كه‌م نه‌بات ئینجا ئه‌گه‌ر بردی ئیتر بۆ هاوار بكه‌م ؟!) له‌ ئێستادا كه‌ كوردستان تووشی چه‌ندین قه‌یرانی دارایی و سیاسی بوه‌ته‌وه‌ دۆخی هاوڵاتیانی هه‌رێم ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو له‌ خراپی ئه‌كات و هیچ تروسكایه‌ك به‌ دی ناكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ هیزولایه‌نه‌حیزبی و سیاسیه‌كان لێره‌وله‌وێ سه‌رقاڵی گرێدانی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ن تابتوانن بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و به‌تایبه‌تی كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كه‌ له‌ لووتكه‌ی هه‌ره‌مه‌كه‌دایه‌ و سه‌رچاوه‌ی چاره‌سه‌ر و كێشه‌كانی كوردستانه‌ !
لێره‌دا ئه‌بێت بپرسین ئایا ئێوه‌ ئاگادارن له‌ دۆخی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك , له‌ جل و به‌رگ و خۆراك و پۆشاكی خه‌ڵك , ئاگادارن له‌ ژیانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ته‌نها له‌ قسه‌ی زل نه‌بێت هیچتان پێ نه‌به‌خشیون له‌ كاتێكدا شایسته‌ی هه‌موو شتێكن ئه‌وان گیانی خۆیان فیدا ئه‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش سۆز و وه‌فای ئێوه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ به‌ پاره‌ی خۆی فیشه‌ك بكرێت !! ئاگاداری ژیانی مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانن كه‌ زۆرێكیان بژێوی ڕۆژێكی پێ په‌یدا ناكرێت ئێستا؟! ئاگادارن له‌ ژیانی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌به‌رده‌م باغی شار و به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ ژیان و ماڵ و حاڵی خۆیان به‌خشیوه‌ به‌ ئێوه‌ تا له‌ شۆڕشه‌كان سه‌ركه‌ون ته‌مه‌نی گه‌نجی خۆیان به‌خشی به‌ خاك و نیشتمان تا ڕۆژێك حكومه‌تێكی كوردی ببینن كه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیان ئه‌كات (ئێستا زۆرێكیان په‌شیمانن) ئه‌وه‌ش پاداشته‌كه‌یانه‌و ده‌بێت له‌ به‌یانی تا ئێواره‌ڕابوه‌ستن به‌ده‌ستێكی له‌رزۆك و چاوێكی كز و جه‌سته‌یه‌كی لاوازه‌وه‌ تا بتوانن ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و ژه‌مێكی ساده‌ی خۆراك بۆخۆیان په‌یدا بكه‌ن !!ئێوه‌ش بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێك خۆش ڕوو له‌ خۆشترین شارو وڵات و جزیره‌ ده‌كه‌ن !!
ئه‌و منداڵانه‌ ئه‌بینن كه‌ له‌ هه‌موو دنیا وه‌ك كارگه‌یه‌ك وان و حكومه‌ت گرنگیان پێ ئه‌دات تا فێری داهێنان و نیشتمان په‌روه‌ری ببن و سود به‌ خاك و نیشتمان بگه‌یه‌نن , به‌ڵام لێره‌ ئه‌بێت بیر له‌وه‌بكه‌نه‌وه‌ تاقێك خوێندن و تاقێك كاسپی كردن!!ئاگاداری ئه‌و گه‌نجانه‌ن كه‌ چین چین پۆل پۆل به‌ره‌و هه‌نده‌ران ده‌ڕۆن , سكی هه‌ر قرش و نه‌هه‌نگێكی ده‌ریاكان بكه‌یته‌وه‌ پارچه‌ی گۆشتی كوڕی ئه‌م خاكه‌ی تێدایه‌ كه‌ ده‌كرا لێره‌ بن و خزمه‌ت بكه‌ن هه‌ر هیچ نه‌بێت واتان لێ بكردنایه‌ خاكپه‌ره‌ست بن و خۆیان بكه‌نه‌ قوربانی خاك !!
ئاخر تاكه‌ی ئه‌بێت خه‌ڵك چاوه‌ڕێ ئێوه‌ بێت ژیانی خه‌ڵك بوه‌ته‌ دۆزه‌خێك كه‌ ئاگره‌كه‌ی ڕۆژدوای ڕۆژ به‌تینتر ئه‌بێت و جه‌رگ و دڵی خواردوین , ئاخر ئه‌مه‌یه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كه‌تان چوارمانگ مووچه‌ نه‌بێت ئینجا بێت و بڵێت ئه‌بێت مووچه‌كانتان بكه‌ینه‌ نیوه‌ , نیوه‌ی بۆ ئێوه‌ نیوه‌شی بۆ.. . ئه‌مه‌یه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كه‌تان؟؟!! كامه‌ به‌رپرسه‌ هاتبێته‌ نێو خه‌ڵك و له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی خه‌ڵك بكۆڵێته‌وه‌ خه‌ڵك بێزار بووه‌ ! تكایه‌ پێش ئه‌وه‌ی كارله‌ كار بترازێت و دواتر كۆنترۆڵ نه‌كرێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بدۆزنه‌وه‌ , كێشه‌كان ئێوه‌ دروستی ئه‌كه‌ن هه‌ركه‌س تا به‌شێك و پشكێكی زیاتر وه‌ربگرێت , لوتبه‌رزی وای لێكردوون بنوسێن به‌ كورسیه‌كه‌تانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ كورسی بۆ ئێوه‌ دانابێت !!
خه‌ڵك توڕه‌یه‌ , حاڵی خه‌ڵك په‌رێشانه‌ تكایه‌ ئه‌گه‌ر ناتوانن ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ خۆش بكه‌ن له‌وه‌ زیاتر وێران تری مه‌كه‌ن و به‌ جێ بهێڵن و بڕۆن ئه‌گه‌ر پێتان چاك ناكرێت ئه‌وه‌نه‌ی تر تێكی مه‌ده‌ن , هیچ نه‌بێت ڕژێمی گۆڕبه‌گۆڕی پێشووتان بێت بێت كه‌ چۆن بوو به‌ڵام چی لێ هات ؟؟!!چونكه‌ هیچ هێز و لایه‌نێك ناتوانێت پێشگری له‌ توڕه‌یی و بێزاری خه‌ڵك بگرێت ئه‌گه‌ر هات و ته‌قیه‌وه‌ دواتر كورد ووته‌نی ( فریای كه‌وش و كڵاشی خۆتان ناكه‌ون ) و وه‌زیروگزیر سه‌رۆك و كاربه‌ده‌ست. .. هه‌مووی وه‌ده‌رده‌نرێن.. . ؟؟؟!

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە