بـــەپــەلــە
جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی: خۆمان بە خاوەنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەزانین

جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی: خۆمان بە خاوەنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەزانین

 

زوبێر عوسمان، جێگری یەکەمی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چاوێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی باس ، باس له هەوڵە بەردەوامەكانی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكانیتر بەتایبەت گۆران و پارتی دەكات بۆ یەكلایكردنەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی كوردستان كە جەماوەر بەدەست ئەو كێشانەوە دەناڵێنێت ، لەبارەی پرسە ناوخۆیەكانی یەكێتیەوە دەڵێت : نایشارینەوە یەکێتی کێشەی ناوخۆیی ھەیە، بەڵام کێشەکان بەو شێوەیە نین کە زەق کراونەتەوە و لە راگەیاندنەكانەوە باس لە مینبەر دەكرێت تائێستا ئیعلانی لەو جۆرە نەکراوە ، لەبارە ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستانیشەوە ئاماژە بۆئەوەشدەكات خۆمان بە خاوەنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەزانین. هەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری كوردستان

لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكەدا زوبێر عوسمان جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بڕیار دراوە بۆ ئەوەی لە ھەوڵەکانمان بەردەوام بین بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، جەماوەر بەدەست ئەو کێشانەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت لەدوای رێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمان و ناردنەوە ماڵەوەی وەزیرەکانی گۆڕان، بۆیە یەکێتی وەرەقەیەکی ھەیە لە شێوەی پێشنیار و داویەتیە پارتی و گۆڕان، بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.

پارتی گۆران نەرمیان نواندوە دەشڵێت: پارتی و گۆران نەرمیان نواندوە، چونکە دواجار دۆخەکە ئەوەی پێویست کردووە، بەتایبەت زلھێزەکان ئەمڕۆ ھاتوونەتە ناوچەکە، بۆیە دەبێت ئێمەی کورد بە یەکگرتوویی رووبەڕووی دۆخەکە ببینەوە، بۆ ئەوەی شتێک بۆ کورد بکرێت و مافەکانی کورد بەدی بھێنرێت، ئەگەر بە یەکگرتوویی نەبێت ناتوانین رووبەڕووی دۆخەکە ببینەوە، ھەر بۆیە نەرمیی زۆر ھەیە، پارتی و گۆڕان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە نەرمییان نواندووە، ئەوەش ھیوا دەداتەوە بەر پرۆسەی سیاسی لە کوردستان.

رێكەوتنی یەكێتی لەگەڵ گۆران لەسەر حیسابی پارتی نیە

لەبارەی رێكەوتنی یەكێتی لەگەڵ گۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەو رێککەوتنە لەسەر حیسابی پارتی نیە، بەڵکو پارتی ئاگاداری ئەو رێککەوتنە سیاسییەیە، کە یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێت بیکەن.

لە جێبەجێکردنی رێكەوتننامەی ستراتیژیدا خۆمان بە مەغدور دەزانین

لەبارەی رێكەوتننامەی ستراتیژی یەكێتی و پارتی جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی ئەوە دەخاتەروو : ئێمە و پارتی رێککەوتنی ستراتیژیمان ھەیە، کە لەسەر دەستی ھەردوو بەڕێزان مام جەلال و کاک مەسعود ئیمزا کراوە، تا مام جەلال و کاک مەسعود ئەو رێککەوتنە ھەڵنەوشێننەوە، ئەو رێککەوتنە ھەڵناوەشێتەوە، ناوەڕۆکی رێککەوتننامەی ستراتیژی باشە، بەڵام بەداخەوە لە جێبەجێکردنەکەی خۆمان بە مەغدور دەزانین، لە سەرێکی دیکە لەگەڵ پارتی شەریکی حکوومەتین، لەوەش زیاتر خۆمان بە دامەزرێنەر و داھێنەری ئەو حکوومەتە دەزانین، چەندین دۆسیەی دیکە ھەیە لەگەڵ پارتی تیایدا شەریکین، بۆیە لەسەر حیسابی پارتی رێککەوتن لەگەڵ گۆڕان ناکەین.

لەوەڵامی پرساری ، لە کاتێکدا مام جەلال نەخۆشە، ئایا بۆ تێپەڕاندنی قەیران و کێشەکانی کوردستان، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن مەسعود بارزانی بتوانێ لایەنەکان کۆ بکاتەوە؟ زوبێر عوسمان دەڵێت: ئەگەر بارزانی وەک سەرۆکی پارتی مامەڵە بکات، نەخێر، بەڵام ئەگەر کاک مەسعود وەکو کەسایەتییەکی بە ئەزموون و سیاسی و دەرکەوتوو دەتوانێت زۆرینەی کێشەکان چارەسەر بکات.

ھیچ مەترسییەک نییە بۆ جیابوونەوەی دیکە لەنێو یەکێتی

لەوەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەكەدا ، لەکاتێکدا یەکێتی لەنێوان گۆڕان و پارتی لە نێوەندگیریدایە، خۆیشی چەندین کێشەی ناوخۆیی ھەیە، بۆ ئەوە چی دەڵێن؟ زوبێر عوسمان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: نایشارینەوە یەکێتی کێشەی ناوخۆیی ھەیە، بەڵام کێشەکان بەو شێوەیە نین کە لە راگەیاندنەکان زەق کراونەتەوە. زانیاریمان ھەیە ئەو لیژنانەی پێکھاتبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، لەگەڵ پڕۆژەی ئەندامانی سەرکردایەتی، لە مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دیراسە دەکرێت، پەنا بەخوا ھەوڵەکان دەگەنە ئەنجام، ھیچ مەترسییەک نییە بۆ جیابوونەوەی دیکە لەنێو یەکێتی، ئەو مینبەرەی باسیشی دەکرێت تەنھا لە راگەیاندنەکان باس دەکرێت و ئیعلانی لەو جۆرە نەکراوە، ئەوەی ھەیە گەورە کراوە و دەستێک ھەیە بۆ زیاتر درز خستنە نێو یەکێتی .

كێشەكان لەسەر دارایی نیە بەڵكو لەسەر شێوازی دەسەڵاتەكانه

لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا ، کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی لەسەر دارایی ناو یەکێتییە؟ زوبێر عوسمان ئەوە دەخاتەروو كە لە ھەموو دونیادا وایە، ناکرێت دارایی حزب ھەموو کەسێک بیزانێت، دارایی دەبێت لەژێر دەستی کەسانی پسپۆڕدا بێت، مەکتەبی دارایی یەکێتی لەلایەن دلێری سەید مەجید سەرپەرشتی دەکرێت، کاک دلێر یەکێک لە کادیر و پێشمەرگەکانی ساڵانی حەفتاکانە، کاک دلێر نزیکە لە کاک کۆسرەت و مەلا بەختیار و کاک بەرھەم و ھێرۆ خان و کەس گلەیی لێ نییە ، لەوەڵامی پرسیارێكدا كە دەوترێت جێگری سکرتێری گشتیی ئاگاداری دارایی یەکێتی نییە؟ ئاماژە بۆئەوە دەكات نەمزانیوە جەنابی کاک کۆسرەت گلەیی ئەوە بکات، بەڵکو کێشە و گلەییەکان لەنێو یەکێتی لەسەر شێوازی دەسەڵاتەکان و چۆنیەتیی بەڕێوەبەردنی دەسەڵاتەکانە، لەسەر بابەتی دارایی نییە، دارایی شتێکی لاوەکییە.

لەمیانە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەكە لەبارەی تەداخولكردنی ئێران لە كێشەكانی یەكێتی زوبێر عوسمان ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت : کێشەکانمان کێشەی ناوخۆیین و ئێران تەدەخول لە کێشەی ئێمە ناکات، بەڵام ئێران و پارتی و گۆڕان و تورکیا ھەر ھەوڵێکیان بۆ دەستی خێر ھەبێت، ئێمە پێشوازییان لێ دەکەین، بەڵام ئەگەر بۆ دەستوەردان بێت، بە راستەخۆیی نەخێر.

خۆمان بە خاوەنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەزانین

لەكۆتای چاوپێكەوتنەكەدا لە وەڵامی پرسیاری وكو یەکێتی پشتیوانی لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن؟ زوبێر عوسمان جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی رایدەگەیەنێت: خۆمان بە خاوەنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەزانین، لە ساڵی ١٩٩٢ ئەوەمان کردووە بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین، لە ساڵی ٢٠٠٥ لە سلێمانی ریفراندۆم کرا و یەکێتی کارەکتەری سەرەکی بوو، ئێستاش یەکێتی پشتیوانی لە ریفراندۆم دەکات، دەبێت زەمینەسازی بکەین بۆ سەربەخۆیی، بۆ ئەوەش دەبێت لەگەڵ عێراق و ئێران و تورکیا و رووسیا و ئەمریکا و وڵاتە زلھێزەکان دابنیشین و باس لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکەین، بەڵێ یەکێتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەیە و ھاوکاری لایەنەکانی دیکەی کوردستان دەبێت بۆ ئەو مەبەستە.

 

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە