هەڤاڵ مەلا بەختیار دایكی شەهید دكتۆر خەبات‌و خانەوادەی شەهید سمایل قاسمەڕەشی بەسەركردەوە

هەڤاڵ مەلا بەختیار دایكی شەهید دكتۆر خەبات‌و خانەوادەی شەهید سمایل قاسمەڕەشی بەسەركردەوە

 

 
هەڤاڵ مەلا بەختیار، رایدەگەیەنێت “هەر كەسێك مێژووی نەبێ‌، هەست بەلێپرسراوێتی ناكات”‌و دووپاتیشدەكاتەوە “بناغەی سەربەرزیی‌و سەركەوتنەكانی ئێستا‌و ئەو دەستكەوتانەشی لەئاییندەدا وەدیدێن، شەهیدەكان دایانناوە”‌و “كێلی شەهیدەكانیش، زۆر بەرزتر، سەركەشترو پاكتر لەبەرزی هەموو لێپرسراوێك‌و هەموو زیندوویەك دەزانێت”.

ئێوارەی (24/1/2016) لەشاری سلێمانی، هەڤاڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، خانەوادەی شەهیدان سمایل قاسمەڕەش‌و نەجات محمەد فەرەج، ناسراو بەدكتۆر خەباتی بەسەر كردەوەو وێڕای ئاماژەكردن بەڕۆڵی قارەمانانەی هەردوو شەهیدو بنەماڵەكانیان، بیرەوەری دروستكردنی مەفرەزەكانی ناوشاری سلێمانی لەچڵ ساڵ لەمەوبەر وەبیرهێنێتەوەو چیرۆكی سات‌و كاتی یەكەمین چالاكی شۆڕشگێڕانەش لەشاری سلێمانیدا، كە شەهید سمایل قاسمەڕەش بەئەنجامی گەیاندووە، دەگێڕێتەوە.
لەسەردانەكەیدا، بۆ لای كوڕە تاقانەو كچەكانی شەهید سمایل قاسم، هەڤاڵ مەلا بەختیار، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە “شەهید سمایل، بەیەكێك لەئەستێرە هەرە گەشەكانی مێژووی كوردو یەكێتیی دەزانم”.
لەباسی جوامێری‌و قارەمانێتی ئەو شەهیدە قارەمانەشدا، لەسەرەتای شۆڕشی نوێ‌‌و سەرەتای دەستبەكاربوونی مەفرەزەكانی ناوشاردا، وتی: “باوەڕناكەم كەسێك هەبێ‌ قارەمانێتی شەهید سمایل‌و ئەو رۆژگارەی تێیدا بوو بەپێشمەرگەی ناوشارو چۆن كاری شۆڕشگێڕانەو قارەمانانەی لەناو شاردا ئەنجامداوە، لەبیر بباتەوە. بەتایبەت لەو رۆژگارەی كە كەس نەیدەوێرا باسی بەعس بكات. ئەو رۆژگارەی هیچ كەسێك ئومێدی نەبوو پێشمەرگە دروست ببێتەوەو ئەگەر دورستیش ببێتەوە تەنها مانگێگ خۆی رابگرێ‌”‌و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: “شەهید سمایل پەلەی بوو، كە یەكەمین كاری شۆڕشگێڕانە خۆی جێبەجێ‌ بكات‌و دەیوت: “ئیلا دەبێ‌ یەكەمین چالاكی من ئەنجامیبدەم”.
لەو بارەیەوە، رۆژگارەكانی سەرەتای شۆڕشی نوێی وەبیرهێنایەوە‌و ئەو چیرۆكەشی گێڕایەوە، كە شەهید سمایل چۆن‌و بەچ شێوەیەك ئەو یەكەمین چالاكییەی لەناو شاری سلێمانیدا، بەو پەڕی ورە بەرزی‌و قارەمانێتییەوە، جێبەجێكردووەو رایگەیاند: بەویژدانەوە دەیگێڕمەوە، كە شۆڕش ئامانج‌و مەبەستی بوو یەكەمین چالاكی شۆڕشگێڕانە سەركەوتووانە، جێبەجێ بكرێت‌و دەنگدانەوەیەكی باشی هەبێ‌‌و، ورە بەجەماوەر ببەخشێت. بۆیە گرنگ چۆن‌و بەچ شێوەیەك ئەو چالاكییە جێبەجێ‌ دەبێت. كاتێكیش رۆژ‌و سات‌و كاتی جێبەجێكردنی چالاكییەكە هات، شەهید سمایل هێندە دڵخۆش‌و پەرۆش بوو، بڕوا ناكەم بۆ زەماوەندەكەی خۆیشی بەو شێوەیە چوبێت.
گێڕایەوەو وتی: “باشم لەبیرە، قاتێك جلی كوردی لەبەر كردبوو، جوتێك كڵاشی بەسەرپێوە كردبوو، بەمێشكێكی زۆر ئارام‌و لەسەرخۆ، هەر وەك ئەوەی بچێت بۆ بازاڕكردن، كارەكەی بەوشێوەیە چالاكییەكەی جێبەجێ كرد. هەموو ئەوانەشی ئاگادار بوون‌و لەو دەوروبەرە بون، سەرسامم ببون كە شەهید سمایل بەوپەڕی لەسەرخۆیی، بەئارامیی چالاكییەكەی ئەنجامدابوو. وتیشی: ئەگەر لەم سەردەمەدا، چیرۆكی واقیعی ئەو چالاكییە بكرێتە فیلم، هەن كە بەتەنها وەك فەنتازیاو خەیاڵێكی هونەری دەیبینن‌و بەئەستەمی دەزانن لەواقیعدا یەكێتیی‌و پێشمەرگەكانی كارو چالاكی وایان ئەنجامدابێت.
هەڤاڵ مەلا بەختیار، هەر لەچوارچێوەی چیرۆكی چۆنێتی دروستكردنی مەفرەزەكانی ناوشاردا، كە چەند رۆژێكی تر یادی چل ساڵەی دروستبونیەتی، رۆڵی هەڤاڵان‌و شەهیدانی ئەندامانی مەفرەزەكانی ناوشاری، بەجێگەی شانازی ناوبردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: لەوكاتەدا، كۆمەڵێك قارەمانی ئەفسانەییمان هەبوو، كە شەهید سۆران هەورامی یەكێك بوو لەوانە‌و وتی: شەهید سمایل، یەكەمین قارەمانی ئەفسانەیی ناوشاری سەرەتای شۆڕشی نوێیە‌و یەكێتیش لەو رووەوە هەمیشە قەرزارباری شەهید سمایلە‌و رونیشیكردەوە:
كاتێك چل ساڵ لەمەوبەر یەكەمین مەفرەزەكانی ناوشارمان دروستكرد، شەهید سمایل وەكو یەكێك لەئەندامانی ئەو مەفرەزەیە، لەسەر داوای خۆیی‌و پەرۆشی خۆیشی، سور بوو لەسەر ئەوەی یەكەمین چالاكی مەفرەزەكە، هەر خۆی جێبەجێی بكات.
لەلایەن خۆشییەوە، نەقیب چۆمان، كوڕی شەهید سمایل، بەسەركردنەوەكەی هەڤاڵ مەلا بەختیاری بەمایەی دڵسۆزیی‌و وەفاداری ناوبردو وتی: بەمایەی شانازیی دەزانین، كە جەنابتان بەوشێوەیە ئاماژە بەرۆڵ‌و گیانی پێشمەرگایەتی‌و شۆڕشگێڕی باوكی شەهیدم دەكەن‌و وتیشی: شانازیی‌و سەربەرزی ئێمەی بنەماڵەی شەهیدیش لەسایەی وەفاداریی‌و دڵسۆزیی جەنابتانەوەیە بۆ هاوڕێ‌‌و هاوسەنگەرە شەهیدەكانتان‌و وتیشی: دڵسۆزیی‌و وەفاداری هەڤاڵ مەلا بەختیار بۆ شەهیدان، هەمیشە سەبوری دڵی خانەوادەی شەهیدان دەزانین، بەتایبەت بۆ ئێمەی نەوەی شەهید سمایل.
لەلایەكی ترەوەو ئێوارەی هەمان رۆژ، هەڤاڵ مەلا بەختیار، سەردانی دایكی شەهید نەجات محەمەد، ناسراو بە دكتۆر خەباتی كردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: بەهەمان سۆزی شەهید خەباتەوە، دەستی دایكایەتی‌و سەری بەرزی دایكایەتیت ماچ دەكەم.
هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەو سەردانەشدا، لەنزیكەوە لەتەندروستی دایكی شەهید خەبات‌و خانەوادەكەی پرسی‌و لەگێڕانەوەیەكیشدا، رۆژانی پێشمەرگایەتی شەهید خەباتی وەبیرهێنایەوەو وتی: خەبات وەك گەنجێك كە هاتە شاخ، بەبیروباوەڕەوە هاتە شاخ‌و بوو بەپێشمەرگە. بەوشیارییەوەو بۆ پێشمەرگایەتی راستەقینەش هاتە شاخ‌و وتیشی: خەبات بەو شێوەیە هاتبووە دەرەوە، یا سەركەوتن، یاشەهید بوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، خەبات هەمیشە لەناو مەفرەزەدا، لەناو هێزەكان، لەجەولەدا، لەهەڵسان‌و دانیشتنەكانیدا، سەنگی خۆیی‌و رێزی خۆی دەپاراست. گەنجێكی قسەخۆش‌و خۆشەویست لەناو هاوڕێكانیدا. یەكێكبوو لەو گەنجانەی هەمیشە سەرقاڵی خوێندنەوەو خۆپەروەردەكردن بوو. وتیشی: خەبات خاوەن بیروباوەڕو رەوشتێكی بەرزی شۆڕشگێڕانە بوو. دوو پاتیشیكردەوە: بەمانای وشە سەربەرزن، كە كادرێك‌و قارەمانێكی بەهەڵوێستی وەكو خەبات كوڕی ئێوە بووە‌و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەوەی هەمانەو ئەوەی لەئاییندەشدا بەدیدەهێنین، هەمووی لەسایەی شەهیدەكانمانەوەیەو بەبێ‌ شەهیدەكانمان كەسمان هیچ نین‌و وەك هەمیشە رایگەیاندەوە، كە: كێلی شەهیدەكان، زۆر بەرزتر، سەركەشترو پاكترە لەبەرزی هەموو لێپرسراوێك‌و هەموو زیندوویەك.

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە