لەبارەى خوێندن بەشێوەى پارالێڵ …     وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

لەبارەى خوێندن بەشێوەى پارالێڵ …    وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

 

 

لەبارەى خوێندن بەشێوەى پارالێڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، لەنێو هەندێک لە خوێندکاران و لەچەند دەزگایەکى راگەیاندن و بەتایبەت لە وێب سایتى باس نیوز، وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەم شێوە خوێندنە بریتیە لە کڕینى نمرە بە پارە، لە راستیدا خوێندن بەشێوەى پارالێل بەهیچ شێوەیەک کڕینەوەى نمرە نیە، بۆیە بەپێویستى دەزانین ئەم روونکردنەوەیە بخەینەڕوو:

سیستمى خوێندن بەشێوەى پارالێل ماوەى شەش ساڵ زیاترەو بەبەردەوام دواى پەسەندکردن، لەلایەن زانکۆکانەوە جێبەجێ کراوەو لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیش لەم مانگەدا بڕیاردرا بەکردنەوەى سیستمى پارالێڵ بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦)و، زانکۆکانیش سەرپشک کران لە کردنەوەى ئەو شێوازى سیستمى خوێندنە لەبەشەکانى زانکۆکانیان.

سیستمى پارالێڵ واتە هاوتەریب، بریتیە لە بوار رەخساندن بۆ ئەو خوێندکار و قوتابیانەى کە کۆنمرەکەیان وەرنەگیراوە، بەڵام کۆنمرەکانیان نزیکە لەو کۆنمرانەى کە وەرگیراوە لە زانکۆ حکومییەکاندا.

بۆ ئەم مەبەستە زانکۆکان دەتوانن بەپێى توانا زانستیەکانى خۆیان ژمارەیەک خوێندکار/قوتابى وەربگرن بە چەند نمرەیەک کەمتر لە کۆنمرەى ئەوانەى وەرگیراوون ئەویش بەرامبەر بەکرێ خوێندێک کە بڕیارى لێدەدرێت، لەو کاتەدا پێشبڕکێ لەنێوان پیشکەشکاران بەپێى کۆنرەکانیان بۆ پرکردنەوەى ژمارەى ئەو کورسیانەى کە لە پلانى زانکۆکاندا هەیە بۆ ئەو جۆرە خوێندنە دەستپێدەکات. بەمەرجێک بۆ هەر بەشێک نابێت ڕێژەى وەرگرتن لە (١٠%) پلانى پەسندکراو تێپەڕ بکات.

ئامانج لە جێبەجێ کردنى ئەم  شێوە خوێندنە پەیداکردنى سەرچاوەیەکى داهاتە بۆ خودى زانکۆکان بۆ ئەوەى بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و خزمەتگوزارى بەردەوام پێشکەش بە خوێندکارانى کەمدەرامەتى خۆمان بکەین و پرۆسەى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان نەوەستێت.

وەک دەزانین هەرێمى کوردستان وەک هەموو ئەو وڵاتانەى کە بۆ دابینکردنى داهاتەکانیان پشت بەنەوت دەبەستن ڕوبەروى قەیرانى دارایى بۆتەوە، ئەوە جگە لەشەڕى داعش کە بارگرانیەکى گەورەى خستۆتە سەر هەرێمى کوردستان، بۆیە دەبێت هەموو هەولێک بدەین بۆ ئەوەى بەیەکەوە کار بکەین بۆ زیادکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجیەکان بەشێوەیەک زانکۆکان بتوانن بەردەوامى بەپرۆسەى خوێندن بدەن و، لەهەمان کاتدا ببنە سەرچاوەیەکى گرنگى داهات بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بە خوێندکارانى کەمدەرامەت.

بۆیە لێرەوە بۆ سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان روونیدەکەینەوە خوێندن بەشێوەى پارالێل بەهیچ شێوەیەک کڕینەوەى نمرە نیە. ئەو وتانەشى بەناوى وتەبێژى وەزارەت لە وێب سایتى باس نیوز بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە راستى و بەشێکى لێدوانەکەى وتەبێژى وەزارەت لەبارەى خوێندن بەشێوەى پارالێل شێوێنراوە.

 

عەباس ئەکرەم

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە