چاكسازی وپاكسازی!!!؟؟

چاكسازی وپاكسازی!!!؟؟

نوسینی : هه‌ژار نامیق

ڕۆژێك ژنێك ده‌چێته‌ لای غاندی پێ ئه‌ڵێت كوڕه‌كه‌م شه‌كر زۆر ئه‌خوات به‌ڵكوپێ بڵێت كه‌م شه‌كربخوات ئه‌ویش پێ ئه‌ڵێت : هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌ره‌وه‌ ! هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ گه‌ڕێته‌وه‌ ئینجا پێ ئه‌ڵێت شه‌كر كه‌م بخۆ وه‌ باسی زیانه‌كانی ئه‌كات , ژنه‌كه‌ پێ ئه‌ڵێت : هه‌فته‌ی پێشووش ئه‌توانی ئه‌مانه‌ی پێ بڵێت بۆ نه‌تووت !؟ ئه‌ویش ئه‌ڵێت : هه‌فته‌ی ڕابردوو خۆم شه‌كرم ئه‌خوارد بۆیه‌ نه‌متوانی به‌ ئه‌و بڵێم كه‌ شه‌كر مه‌خۆ!
به‌داخه‌وه‌ دۆخ و گوزه‌ران و ژیانی هاوڵاتیان له‌ ناخۆشترین و كاره‌ساتبارترین ساتیه‌تی , ڕۆژ نیه‌ ده‌ریای ئیجه‌ ڕۆڵه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌ قوت نه‌دات و نه‌بنه‌ خۆراكی قرش و ماسیه‌كانی ئیجه‌ ! هه‌مووان له‌ ده‌ست نه‌بوونی مووچه‌ نه‌بوونی ژیان و گوزه‌رانێكی باش بیر له‌وه‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌ كۆچ بكه‌ن و ڕێگای مه‌رگ ئه‌گرنه‌ به‌ر , سه‌ركرده‌كانی ئه‌م وڵاته‌ش بێ باكانه‌ له‌ لاف و گه‌زاف و پێكه‌نین و ڕابواردنی خۆیان ناكه‌ون , له‌ ماوه‌ی ڕابردوو باس له‌ چاكسازی كرا له‌ هه‌رێم له‌م دۆخه‌ قه‌یراناویه‌ هه‌رچه‌ند هه‌میشه‌ چاكسازی و هه‌نگاو نابه‌ره‌و باشتر جێگای ده‌ستخۆشیه‌ به‌ڵام كامه‌ چاكسازی ؟! چاكسازیه‌ك كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانت مووچه‌ی 5مانگیان وه‌رنه‌گرتبێت بێت بڵێت نیو مووچه‌ت ئه‌ده‌مێ ؟ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش كه‌م بكه‌یته‌وه‌ ؟ بێت مووچه‌ی مامۆستا و فه‌رمانبه‌رێك كه‌ مووچه‌كه‌ی به‌شی مه‌زه‌یه‌كی سه‌رمێزه‌كه‌ی ئێوه‌ ناكات ؟ چاكسازی و پاكسازی ئه‌بێت له‌ خۆته‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌یت و ڕووبكه‌یته‌ ده‌می خه‌ڵك و هاوار بكه‌یت بڵێت ئه‌وه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ ده‌ستم پێكردووه‌ !
دۆخی هه‌رێم ڕۆژ دوای ڕۆژ به‌ره‌وخراپی ئه‌ڕوات ,ڕۆڵه‌كانمان چه‌ندی به‌رامبه‌ر به‌ داعش شه‌هید بوون هێنده‌ش له‌ ده‌ریاكان و به‌دبه‌ختی و ده‌ربه‌ده‌ری شه‌هید بوون , ئێوه‌ قه‌یرانه‌كانتان دروست كردووه‌ ماوه‌ی ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ چیتان كردووه‌ بۆ خه‌ڵك , جگه‌ له‌ قه‌یران و شه‌ڕوشۆڕ نه‌بێت !؟ كێشه‌كان وه‌ك مانگی چوارده‌ دیاره‌ كه‌ به‌هۆی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ دروست بووه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ هیچ هێز و لایه‌نێك ناوێرێت باسی لێوه‌ بكات و نقه‌ی لێوه‌ نایه‌ت جا هه‌نێكی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و هه‌نێكی تریشی چاوترسێن كراوه‌ , كامه‌ كاربه‌ده‌ستی حكومی هاتووه‌ته‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌ بزانێت خه‌ڵك له‌ چی نه‌هامه‌تیه‌ك ئه‌ژین ؟ كامه‌تان هاتوون بزانن دۆخی هاوڵاتیان چیان لێهاتووه‌ ؟
ئه‌گه‌ر ئه‌تانه‌وێت چاكسازی بكه‌ن ئه‌بێت پاكسازی بكه‌ن , ئه‌بێت ئه‌وانه‌ی هۆكاری شكست و دروستكردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ بوون ڕاپێچی دادگابكرێن و لێپرسینه‌وه‌یان لێ بكرێت , ئه‌بێت ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆی دروست كردنی ئه‌و دۆخانه‌ ڕابماڵرێن و سزابدرێن جا له‌هه‌ر پله‌و پۆستێك بن , هه‌رچه‌ند دیاره‌ كه‌ كێ و كێن بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌م قه‌یرانانه‌ ! هه‌وڵ بده‌ن چاكسازی له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن نه‌ك له‌ خواره‌وه‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووتان له‌ بیربێت هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ بوون كه‌ ئێوه‌ی نان و ئاو ئه‌دا, كه‌ حه‌شاری ئه‌دان و ئه‌یانشاردنه‌وه‌ , هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ بوون كه‌ به‌هۆی پێشمه‌رگه‌ و ئێوه‌ ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر ئه‌بوون , چاكسازی ئه‌گه‌ر ئه‌كه‌ن ئه‌بێت له‌ خۆتانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن له‌ جل و به‌رگ , مووچه‌ , سه‌یاره‌ و پاسه‌وان و خزمه‌تكار وقۆرخ كردنی هه‌موو جومگه‌كانی كوردستان , ئینجا بێن و لێپرسینه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك بكه‌ن كه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی مووچه‌ و بژێوی ژیانی چه‌كه‌ پیرۆزه‌كه‌ی له‌ شان داده‌كه‌نێت و ده‌یفرۆشێت. .
به‌هۆش خۆتان وه‌رنه‌وه‌ ژیانی خه‌ڵك له‌ ناخۆشترین دۆخدایه‌ , به‌ ئاگابێنه‌وه‌ خه‌ڵك بێزاربووه‌ ئه‌گه‌ر بته‌قێته‌وه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ ماڵمان وێران ئه‌بێت ,ژیانی خه‌ڵك فه‌راهه‌م بكه‌ن , خه‌ڵك له‌ 2016 تاوانه‌ به‌ ده‌ست نه‌بوونی مووچه‌ , كاره‌با و ئاو , نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری. .. هتد بناڵێنێت ئه‌مه‌ ته‌نها له‌ سۆماڵ و مۆزه‌نبیق له‌ ئێستا ماوه‌ هه‌رچه‌ند ده‌زانم ئێوه‌ بێ باكن و ڕاویّژكارو چه‌لاوخۆر و مشه‌خۆره‌كانی ده‌ورتان ڕێگای ئه‌وانه‌تان نیشان ناده‌ن و چاوتان كوێر, زمانتان لاڵ , گوێتان كه‌ڕ و پێتان شه‌لكراوه‌. .. .

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە