بـــەپــەلــە
روونكردنه‌وه‌يه‌ك بۆ ڕای گشتی

روونكردنه‌وه‌يه‌ك بۆ ڕای گشتی

 

 

چەند رۆژێكە كەسانێك بە ئامانجی سیاسی یان لە نەزانین و بێ ئاگاییان هه‌ندێكيش له‌ دڵسۆزييان باس لەوە دەكەن كە گوایە پاشكەوتكردنی موچە پێشنیازی ئێمە بووە، لەم بارەوە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە دەخەینە روو

  • پێشنیازی پاشەكەوتكردنی موچە لە بەرەنجامی دوو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی وەزیرەكانی پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو كۆمەڵ بریاری لە سەر دراوه‌ وه‌ك بڕيارێكی ناچاری بنه‌ما و چوارچێوه‌كه‌ی له‌ كۆنفرانسی چاكسازی وه‌زاره‌تی دارايی و ئابووری راگه‌يێندرا.
  • بە تەحەداوە دەیڵێین نە لە پرۆژەكەی ئێمە كە لە 40 لاپەرە پێك هاتووە نە لە هیچ كۆبوونەوەو دانیشتنێك ئەم بابەتە لە لای ئێمەوە باسی لێوە نەكراوەو بیریشی لێ نەكراوەتەوە، بۆیە لە دوای بڵاوبوونەوەی خشتەکە لە نامەیەکی کراوە بۆ حکومەتی هەرێم نارەزایی خۆمان دەربڕی و داوای پێداچوونەوەمان کرد.
  • ئه‌ركی ئێمه‌ له‌و رۆژه‌وه‌ كۆتايه‌ هاتووه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پرۆژه‌كه‌ی لێ وه‌رگرتين، وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كردووه‌ له‌ هيچ دێڕ و لاپه‌ڕه‌يه‌كی پرۆژه‌كه‌ باسی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌كراوه‌ ، بۆيه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ر بڕيارێك ده‌رده‌كات ئه‌وا ئێمه‌ به‌رپرسيار نين لێی و هه‌رگيز خۆمان به‌ به‌ديلی حكومه‌ت دانه‌ناوه‌ و زۆر به‌باشی ئه‌رك و كاری خۆمان ده‌زانين وه‌ك په‌رله‌مانتار كه‌ چاودێريكردنی حكومه‌ته‌.
  • له‌ رۆژی (6/12/2015) له‌ ياداشتێكی ياسايی بۆ سه‌رۆكايه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران ، باسمان له‌ ده‌ستكای نه‌كردنی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران كردووه‌ کاتێک دەنگۆی بڕین و کەمکردنەوەی موچە هەبوو بەڵام ئاره‌زوومان نەدە‌كرد ده‌قی نوسراوەکە بڵاو بكه‌ينه‌وه‌.
  • پرۆژه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌كاتێكدا پێشكه‌ش كرا كه‌مانگانه‌ حكومه‌ت بۆ دابينكردنی مووچه‌ (200) دووسه‌د مليار دينار كورتهێنانيی هه‌بوو، بۆيه‌ هه‌وڵ درا چاكسازی بكرێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كورتهێنانه‌ (له‌ لاپه‌ڕه‌ی يه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌مان نووسراوه‌) ، چونكه‌ ئه‌وكات به‌رميلی نه‌وت به‌ (45) دۆلار بوو، به‌ڵام ئێستا كه‌ بڕياره‌كه‌ ده‌رچوو نه‌وت به‌ (30) دۆلاره‌ و حكومه‌ت (380) مليار دينار كورتهێنانی هێنانی هه‌يه‌ ته‌نها بۆ مووچه‌.
  • هەر كەس دەیەوێ پرۆژەكەی ئێمە ببینێ لە سەر پێیجی هەردووكمان و لە زۆربەی سایت و هەندێ گۆڤاریش بڵاوكراوەتەوە با ئەزیەت بكێشێ و بیخوێنێتەوە، بەڵام بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما كاری مرۆڤی بچووكە.
  • لە پرۆژەكەی ئێمە باس لە شەفافیەتی نەوت و بە دامەزراوەیی كردنی كراوە، باسی سێكتەری كارەبامان كردوە، باسی رێكخستنەوەی باج و رسوماتمان كردوە، باسی تەرشیقی هەیكەلیەتی حكومەتمان كردوە، باسی وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكومەتمان كردوە كە لای كۆمپانیاو بازرگانەكانە، باسی موڵك و ماڵ و زەویەكانی حكومەتمان كردوە، باسی چارەسەری كێشەی بندیوارو دووموچەیی و خانەنشینی نایاساییمان كردوە، باسی دابەزینی نرخ و کەمکردنەوەی مرێمان کردووە. نزیكەی 70 پێشنیازمان خستۆتە روو كە چۆن خەرجی كەمبكرێتەوەو داهات زیابكرێت له‌پێناو يه‌ك ئامانج ئه‌ويش دابينكردني مووچه‌ بووه‌ ، بۆيه‌ گیرفانی خەڵك بۆ ئێمە هێڵی سوور بووە.
  • به‌ سوپاسه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كۆمه‌ڵێك بڕياری گرنگی بۆ چاكسازی و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زياد كردنی داهات و شه‌فافيه‌ت له‌ سێكته‌ری نه‌وت ده‌ركرد له‌ چوارچێوه‌ی بڕياره‌كانی (61،591،7،147،148،149،150،8963) كه‌ له‌ ئاينده‌دا ئه‌نجامه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت.
  • حكومەت خۆی گوتوویەتی بۆ ماوەیەكی كاتی ئێمە پارەی تەواومان لە بەردەست نیە كە موچەی فەرمانبەران دابین بكەین ئیتر خۆشیان پێشنیازی پاشەكەوتیان لە ۆرك شۆپی هۆڵی شەهید سەعد عبدالله خستە روو، لەوێ پێشنیازەكە بە ئامادەبوونی چەندین پەرلەمانتارو وەزیرو بەرێوەبەری گشتی و مامۆستای زانكۆ دیراسە كرا لە رووی مەبدەئی بریار وابوو ئەوانەی موچەیان كەمە لێیان نەبڕدرێت، وه‌ هه‌موو مانگێك له‌كاتی خۆیدا مووچه‌ دابه‌ش بكرێت بۆ ئەوانەی دیكەش بە شێوەیەك بێت كە كەمترین ئازاری هەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمەش وەك هەموو خەڵك بینیمان جێگای نیگەرانی بوو.
  • ئێمەش دەمانتوانی لە ماڵەوە دابنیشین یان سەفەر بكەین ، وه‌ قسه‌ی گه‌وره‌ و موزايه‌ده‌ش به‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌كرێت ، بەڵام شەونخونیمان كرد و شەوو رۆژ كارمان كرد بۆ ئەوەی مافی خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت داكۆكی لێ بكەین و موچەی خۆیان بە تەواوی وەربگرن، بە دڵنیایی لە داهاتووش هەر شتێك لە توانامان دابێت دەیكەین بۆ خزمەتی ئەم خەڵكە پاك و نیشتمان پەروەرە.
  • تائێستا هيچ هێز و كه‌س و لايه‌نێك نايانه‌وێت ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و داواوی به‌رده‌وامی ده‌كه‌ن ، له‌به‌رامبه‌ريشدا پشتيوانی ناكه‌ن و بۆ ده‌ستكه‌وتی كه‌سيی خۆيان دژايه‌تی ده‌كه‌ن ، به‌ڕای ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بڕياره‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت ، ده‌بێت هه‌وڵه‌كانمان له‌پێناو حوكمدارييه‌كی باشتر بێت ، ئه‌گه‌رنا رێگای ياسايی هه‌يه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی.
  • دەزانین حەڵكی بێ ویژدان و رەشبینیش هەن كە چاویان بە راستیەكان هەڵنایەت و هەرچی بیكەین تەنانەت تاقەتیان نیە پرۆژەكەش بخوێننەوەو راست و چەپ تەشهیرو تۆمەت دەبەخشنەوە ، ئەوانەی ناتوانن خزمەتی میللەتی خۆیان بكەن هەرنەبێ با كۆسپ دروست نەكەن. هەرلێرەوەش دەمانەوێ ئەوە بڵێین كە ووردەكاری زۆر لەم پرۆسەی چاكسازی هەیە با كاتی خۆی بێت خەڵكی كوردستان روونتر دەزانێت كێ موزایەدە دەكات و كێش لە سەنگەری ئێش و ئازارو هاواری خەڵكی كوردستانە،له‌كۆتاييدا ده‌ڵێين كاتێك كه‌شتی له‌ ده‌ريادا كون ده‌بێت ، گرنگه‌ خه‌ڵكی لێ ئاگادار بكه‌يته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كه‌ ناخۆشيش بێت نه‌ك چه‌واشه‌ی خه‌ڵك بكه‌ی ، چونكه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا هه‌موومان به‌يه‌كه‌وه‌ ده‌خنكێين.

 

 

لە گەڵ رێزو خۆشەویستیمان بۆ هەموو لایەك…

 

 

 

 

 

گۆران ئازاد                                                 د.فەرسەت سۆفی

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە