هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە هەڵسورێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ژاپۆن لە سوریا کرد

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە هەڵسورێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ژاپۆن لە سوریا کرد

پێشنیوەرەرۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧-٢-٢٠١٦ هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەگشتییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازی کرد لە ( فوتوشی ماتسوموتو) هەڵسورێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ژاپۆن لە سوریا کە ئێستا بە سەردانێکی دیبلۆماسی لە هەرێمی کوردستانە

 

لە دیدارێکی نێوان هەر دوولادا باس لە دواین گورانکاری و رووداو و پێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ململانێی سیاسی و سەربازی سوریا بەتایبەتی کرا

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدی کردەوە کە کێشەکان لەبەرئەوەی لە بنەرەتدا کێشەی سیاسین بۆیە پێویستە هەر بە شێوەیەکی سیاسیانە و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەربکرێن هەموو لایەک بە تێگەیشتن لە هەستیاری رووداوەکان و لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گیانی لێپرسراوێتیەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن هاوکات ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی ژاپۆن کرد لە هاوکێشە جیهانی و هەرێمایەتییەکاندا بۆیە بە پێویستی زانی لەم بارودۆخەشدا حکومەتی تۆکێۆ رۆڵی خۆی بگێرێ ، ببێتە هۆکار و هاندەر بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە و چارەسەری ئاشتیانەی دوور لە توند و تیژی و شەڕ

تەوەرێکی تری دیدارەکەی نێوان هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە و فوتوشی ماتسوموتو هەڵسورێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ژاپۆن لە سوریا بریتی بوو لە هەڵسەنگاندی بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگا چارەی گونجاو بۆ دەرباز بوون لە قەیرانە سیاسی و ئابوری و داراییەکان کە ئێستا بۆتە هۆی دڵەراوکێ و نیگەرانی کۆمەڵانی خەڵک ، هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەکرد کە باشترین دەستپێک بۆ چارەسەر بریتیە لە چارەسەری بەپەلەی کێشە دارایی و ئابورییەکان و باشترکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان پاشان بیرکردنەوەی لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و یاساییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە هاندەردەبێت بۆ بەرقەرار بوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا .

فوتوشی ماتسوموتو هەڵسورێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ژاپۆن لە سوریا سوپاسگوزاری و خۆشحاڵی خۆی بەدیدارەکە دەربڕی و رایگەیاند بۆ زیاتر توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ، حکومەتی تۆکیۆ لە ئامادەکاریدایە بۆ کردنەوەی نوسینگەی نوێنەرایەتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کە چاوەڕوان دەکرێت لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بەڕەسمیی لە هەولێر بکرێتەوە .

 

فۆتۆ: دەرباز ستار ئەمین

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە