رەفعەت عەبدوڵا بۆ هاوڵاتی: كاك مەسعود سەرۆكێكی قانونی نیە

رەفعەت عەبدوڵا بۆ هاوڵاتی: كاك مەسعود سەرۆكێكی قانونی نیە

رەفعەت عەبدوڵا بۆ هاوڵاتی: كۆبونەوە پێنجقۆڵیەكان هەموی كات كوشتنە

لەبەرواری تەواوبونی وادەی پۆستەكەیەوە كاك مەسعود سەرۆكێكی قانونی نیە

سازدانی: ژیار محەمەد

رەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، دەڵێت حزبەكەی لەدوای تەواوبونی وادەی یاسایی پۆستەكەیەوە (19/ئاب) وەكو سەرۆكی هەرێم مامەڵە لەگەڵ مەسعود بارزانیدا ناكات، جەختیشیدەكاتەوە “ئێستا لەئەزمەیەكی قانونیدان‌و جارێ‌ سەرۆكی هەرێممان نیە”.

لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی، ناوبراو كە هاوكات بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیە، كۆبونەوە پێنجقۆڵیەكان بەكات كوشتن دەزانێت‌و دەڵێت لەبەر ئەوەی ئەنجامی نابێت بۆیە بەشداری ناكات، پێشیوایە هەموو كەسێك بەهۆیەوە توڕەن.

هاوڵاتی: رای ئێوە چیە لەسەر بەردەوامی كۆبونەوە پێنجقۆڵیەكان بەبێ‌ ئەوەی ئەنجامی هەبێت؟

رەفعەت عەبدوڵا: من پێموایە ئەم كۆبونەوانە هەموی كات كوشتنە‌و لەسەرەتاشەوە واموتوە.

هاوڵاتی: وەك چوار لایەنەكە دەبوایە هەنگاوی چی بنێن لەسەرەتاوە‌و نەتانكردوە؟

رەفعەت عەبدوڵا: ئێمە بەرامبەر ئەوەی كە ئەنجومەنی شورا بڕیاری دەركرد مەسعود بارزانی بكرێتەوە بە سەرۆكی هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی پێبدرێت ئێمە وەك چوار لایەنەكە هیچ قسەیەكمان نەبو لەوبارەیەوە، ئێمە یەكەمجار دەبوو بچینە چوارچێوەی قانونەوە چونكە بەشێوەیەكی قانونی كاك مەسعود بەهیچ جۆرێك ناتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوە، ئەوە حەقیقەتەو پارتیەكان خۆشیان دەزانن‌و باسیان كردوە لەگەڵ ئێمە.

هاوڵاتی: واتە پێتوابو دەبێت چیتان بكردایە؟

رەفعەت عەبدوڵا: دەبو رەتمان بدایەوە، چونكە ئەوە شتێكی نایاساییە چونكە ئەنجومەنی شورا دەسەڵاتی ئەوەی نیە ئەو بڕیارە بدات بەوشێوەیە، دوەمیش كە ماوەكەی تەواوبو ئێمە هیچ هەڵوێستێكمان نەبو.

هاوڵاتی: كە ئەوە دەزانن بۆچی وەك یەكێك لەلایەنەكان لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ پارتیدا دادەنیشن؟

رەفعەت عەبدوڵا: دەبێت هەر دانیشتن بكرێت، چونكە ئێمە خۆمان قەناعەتمان بەسازان هەیە‌و دەبێت ئەو كێشەیە هەر چارەسەر بكرێت، خۆ نابێت ئەم بابەتە موقاتەعە بكرێت‌و بوترێت ئیتر تەواو.

هاوڵاتی: تۆ بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیت، رێكخستنەكانتان لەو كۆبونەوانە بێتاقەت‌و توڕە نین؟

رەفعەت عەبدوڵا: نەك هەر ڕێكخستنەكانمان هەموو كەس توڕەن، من بۆچونم وایە كە دەبێت ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت‌و چوار لایەنەكە بڕیار بدەن.

هاوڵاتی: دەوترێت مەترسی شەڕی ناوخۆ‌و دو ئیدارەیی هەیە ئەگەر چوار لایەنەكە بڕیار بدەن ئەوە راستە؟

رەفعەت عەبدوڵا: نەخێر مەوزوعی شەڕی ناوخۆ و دو ئیدارەیی زۆر زۆر بەدوری دەزانم. واتە ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان هەموی قەیرانی یەك لەدوای یەكن كە هاتون‌و كەڵەكە بون ئەوەتا لەناو خەڵكدا ڕەنگی داوەتەوە‌و خەڵك ئەمە قبوڵ ناكات، ئیتر شەڕی ناوخۆ لەگەڵ كێ‌ بكرێت؟ كێ‌ شەڕی ناوخۆ بۆ كێ‌ دەكات؟ چارەسەری مام ناوەند زۆرە، بۆ نمونە دانیشتن لەسەر ئەوەی سەڵاحیەتی سەرۆكی هەرێم هەموار بكرێتەوە.

هاوڵاتی: ئێوە هەردەڵێن بارزانی بۆی نیە خۆی هەڵبژێرێتەوە، بەڵام خۆتان بۆچی هیچ كاندیدێكتان نیە‌و رەخنەش لەمانەوەی بارزانی دەگرن؟

رەفعەت عەبدوڵا: بێگومان یەكێك لەئەزمەكانی ئەم چوار حزبە نەبونی كاندیدیانە بۆ ئەو پۆستە.

هاوڵاتی: واتە تۆش پێتوایە ئەوە بۆتە خاڵی بەهێز بۆ پارتی‌و مانەوەی بارزانی؟

رەفعەت عەبدوڵا: بێگومان ئەوە یەكێكە لەهۆكارە كە وایكردوە چۆن دەڵێت پارتی پشتی لێكردۆتەوە پێی، بەڵام لێرەدا خاڵێك هەیە ئەویش ئەگەر بگەینە رێككەوتن ڕەنگە بابەتی كاندیدیش بێتەوە كایە، ئەگەر لەناو خەڵك سەرۆك هەڵبژێردرێت رەنگە كەس نەوێرێت خۆی لەقەرەی كاندید بدات بەحكومی كۆمەڵێك هۆكار، یەكێك لەوانە هەمو لایەنەكان لەساختەكاری لایەنێك دەترسن دیارە كێش تەزویر‌و شت دەكات، دوەم ئەگەر سەرۆك لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت بابەتەكە دەگۆڕێت بۆ نمونە ئەگەری زۆرە كاندیدمان هەبێت.

هاوڵاتی: تۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیت ئەگەر وەفدێك لەدەرەوە بێت لەتۆ بپرسێت سەرۆكی هەرێم كێیە لەگەڵی كۆببنەوە وەڵامی تۆ چی دەبێت؟

رەفعەت عەبدوڵا:من وەك خۆم دەڵێم ئێستا لەئەزمەیەكی قانونیداین‌و سەرۆكی هەرێممان جارێ‌ نیە.

هاوڵاتی: ئەوە بۆچونی تۆیە، ئەی بۆچونی فەرمی حزبەكەت چیە؟

رەفعەت عەبدوڵا: بەبۆچونی یەكێتی لەو بەروارەی كە ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم تەواو بوە، ئیتر تەواو كاك مەسعود سەرۆكێكی قانونی نیە.

هاوڵاتی: واتە لەدوای 20ی ئابەوە یەكێتی وەك سەرۆكی هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بارزانیدا نەكردوە؟

رەفعەت عەبدوڵا: نەخێر، چونكە تائێستا هەمو كاروبارەكان تەجمیدبون، خۆ راستە تائێستاش بڕیار دەردەكات بۆ نمونە ماوەیەكی تر لەسەر هێزی پێشمەرگە بڕیار دەردەكات بەڵام بەڕای من ئەمە كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە. هۆكاری بەردەوامی ئەم كۆبونەوانەش ئەوەیە كە تائێستا ئێمە هەر بەكاك مەسعودمان وتوە نا. خۆ ئەگەر بمانوتایە بەڵێ‌ سەرۆكی هەرێمە ئەوا ئەو كۆبونەوانەش نەدەكرا.

هاوڵاتی: بەڵام پارتی دەڵێت چوار لایەنەكە رازی بون بەمانەوەی بارزانی بۆ ئەم دو ساڵە‌و كۆبونەوەكان بۆ دوای ئەم دو ساڵەیە؟

رەفعەت عەبدوڵا: تا لەكۆبونەوەكان بوم من رەئی خۆم بەڕاشكاوانە وتوە، ئەوەی منیش دەیڵێم رەئی كەوادیر‌و یەكێتی بوە، ئێمە باسی ئەم دوو ساڵە لەم كۆبونەوانەدا دەكەین.

هاوڵاتی: وتت ئێستا ناچیتە كۆبونەوەكانەوە هۆكاری چیە؟

رەفعەت عەبدوڵا: پێموایە كۆبونەوەكان بێ‌ ئەنجام دەبن.

هوڵاتی: ئەگەر لەكۆبونەوەی داهاتووی پێنجقۆڵیدا لایەنەكان نەگەن بەرێككەوتن چی رودەدات؟

رەفعەت عەبدوڵا: كۆبونەوەكە دوادەخەنەوە بۆ كاتێكی تر (بەپێكەنینەوە).

هاوڵاتی: وەكو مەكتەبی سیاسی بۆچونتان لەسەر ئەدای كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم چیە؟

رەفعەت عەبدوڵا: حكومەتی هەرێم چەقیوە چەقیو، حكومەتی هەرێم توشی كۆمەڵێك قەیران هاتوە، بۆ نمونە ئێستا كاك قوباد هەندێك دیراسەی كردوە لەسەر ئەم قەیرانی داراییەی كە هەیە، من پێشموت قسە بكە لەسەر ئەم بابەتە، توشی هەندێك كێشە هاتون بۆ نمونە كورتهێنان كە مومكین نیە ئەو كورتهێنانەی هەیە بەچەندین ساڵ پڕبكرێتەوە.

هاوڵاتی: ئەی قوباد تاڵەبانی بۆ قسە ناكات؟

رەفعەت عەبدوڵا: ئێستا خەریكی ئەو دیراسەیەیەو كۆی كردۆتەوە.

هاوڵاتی: ناوەڕۆكی دیراسەكە چیە؟

رەفعەت عەبدوڵا: ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە كە چۆن ئەم قەیرانانە چارەسەربكەن‌و رێگاكانی چارەسەركردنی چیە.

هاوڵاتی: ئێوە جێگری سەرۆكی حكومەت‌و چەند وەزیرێكتان لەم كابینەیە هەیە بەڵام بۆچی وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكەن؟

رەفعەت عەبدوڵا: راستە نوێنەری ئێمە لەناو حكومەتەو خۆیان زۆر ماندو كردوە بەم كێشانەوە‌و زۆریان هەوڵیانداوە، ئەمانە بەتەنیا بەوان ناكرێت.

هاوڵاتی: یەكێتی بەشداری راستەقینەیە لەكابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمدا؟

رەفعەت عەبدوڵا: من بەڕاستی دەڵێم نەخێر بەحەقیقی بەشدارنین.

هاوڵاتی: ئەی بۆ قبوڵی دەكەن؟

رەفعەت عەبدوڵا: ئەم ئەزمانەی كە دێتە پێشەوە یەكێك لەهۆكارەكان ئەوەیە كە ئێمە لەو حكومەتە بەشداری حەقیقی نین.

هاوڵاتی: بیرتان لەكشانەوە لەحكومەت نەكردۆتەوە؟

رەفعەت عەبدوڵا: نەخێر، بەڵام هەر بڕیارێك بدرێت یەكێتی ئێستا بەتەنیا نیەو دەبێت چوار لایەنەكە پێكەوە دابنیشین‌و پێكەوە بڕیاری هاوبەش بدەین.

بە سوپاسەوە لە هاوڵاتی وەرگیراوە

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە