بـــەپــەلــە
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هەڵەبجەی شەهید ناسنامەی گەلی كوردەو لەسەرمانە وەك حكومەت خزمەتی ئەم شارە بكەین.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هەڵەبجەی شەهید ناسنامەی گەلی كوردەو لەسەرمانە وەك حكومەت خزمەتی ئەم شارە بكەین.

قوباد تاڵەبانی : برینی هەڵەبجە نەسارێژدەبێت و نە لەبیر دەكرێت،بەهیچ بەهایەكیش قەرەبوو ناكرێتەوە

بەیانی ئەمرۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی وەزیران سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدی كردو لە لایەن پارێزگار و بەرپرسە ئیداریەكانی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید پێشوازی لێكرا.
لەكۆبونەوەیەكدا كە لە باڵەخانەی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید بەرێوە چوو, قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: هاتوون بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئەم شارەبین، لە كاتێكدا كە سبەینێ‌ 16-3 یادی بیست و هەشت ساڵەی كیمیابارانكردن و شەهیدی كردنی ئەم شارەیە.
وتیشی”ئەركی سەرشانمانە خزمەتی زیاتر بەم شارە بگەیەنین وە بەدەم داواكاری و پێداویستیەكانی بین،چونكە بە ڕاستی خەڵكی ئەم شارە شایستەی ئەوەن كە هەمیشە لە خزمەتیدابین وە هەڵەبجە جێگەی شانازیە بۆ گەلی كورد.”
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی”هەڵەبجەی شەهید سمبولی ژیانەوەی هیواكانی گەلی كوردە، بەوەی دوای كیمیاباران و شەهیدكردنی ئەوەتا دەیبینین رۆژ بە رۆژ دەگەشێتەوە، بەڵام برینی هەڵەبجە نەسارێژدەبێت و نە لەبیر دەكرێت،بەهیچ بەهایەكیش قەرەبوو ناكرێتەوە.”
سەبارەت بە سەردانی كردنی ئەو پارێزگایە لە 15 ئایاردا پێش ساڵیادی كیمیابارانكردنی بەرۆژێك قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: لەسەرمانە وەك حكومەت هەمیشە سەردانی ئەو پارێزگایە بكەین, نەك تەنها لەو یادە كارەسات بارەدا،ئێمە بەشداری خەمەكانی خەڵكی ئەم شارەین لە هەركوێ‌ بین، بۆیە لام گرنگ نیە كام رۆژ و كام كات سەردانی بكەم،ئەوە گرنگە بەلامەوە كە بتوانم خزمەتێك بەم شارە بكەم”.
دواتر پارێزگاری هەڵەبجە و بەرپرسە ئیداریەكانی ئەو پارێزگایە سەرنج و داواكاری خۆیان بەجێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران راگەیاند، لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەركردنی گرفتەكانی پێدان قۆناغ بە قۆناغ و بەپێی توانای حكومەت،
هەر لەمیانی سەردانەكەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران چاویكەوت بە (بەرزان و ئەعزەم)كە دوو ونبوی دۆزراوەی كاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهیدن.
قوباد تاڵەبانی بەخێرهاتنی كردن بەگەرانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و خۆشحاڵی خۆشی دەربری بەدۆزینەوەیان و هیوای خواست لە نزیكترین كاتدا بە كەسوكاری خۆیان شادببنەوەو ژیانێكی ئاسودەبژین.
هەروەها وتی ” وەكو حكومەت هاوكاردەبین بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبوەكانی تر و گێڕانەوەیان و ئاشناكردنیان بە خێزانەكانیان، و سوپاسی ئەو خانەوادانەی كرد كە لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە لە ساڵی 1988 خزمەتی منداڵە وون بوەكانیان كردوە .
لای خۆیانەوە (بەرزان و ئەعزەم) سوپاسی هەوڵەكانی بەرێز قوباد تاڵەبانیان كرد بۆ ئەوەی بە كەسوكارو خێزانەكانیان شادببنەوە.
دواتر جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەی كرد لە ماڵی شەهید عومەری خاوەر، و لەلایەن سەرۆك و ئەندامانی كۆمەڵەكە بەگەرمی پێشوازی لێكرا
لە كۆبونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی ستایشی ئەرك و كارەكانی ئەم كۆمەڵەیەی كرد و داوای لێكردن بەردەوام بن وەك هاوكارێك بۆ حكومەتی هەرێم، بۆ ئەوەی حكومەتیش لای خۆیەوە بتوانێت خزمەتێك بەكەسوكاری قوربانیان بگەیەنێت بە شێوەیەكی دادپەروەرانە.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لوقمان عەبدلقادر داواكاری و كەموكوریەكانی كۆمەڵەكەو كەسوكاری قوربانیانی بۆ بەرێز جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران خستە روو، ودوای گفتوگۆیەكی تێر و تەسەل قوباد تاڵەبانی بەڵێنی چارەسەركردنی گرفتەكانی پێدان بەپێی توانا.
لە كۆتاییدا كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە خەڵاتی تایبەتی خۆیان بەخشیە بەرێز قوباد تاڵەبانی لە پای هەوڵەكانی لە پێناو كەسوكاری قوربانیانی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید.

پـــەیـــوەنــدیــدار