عادل موراد داوا لەباڵوێزی یابان دەکات وڵاتەکەی هاوکاری نەخۆشخانەکانی هیواو بەرکەوتوانی چەکى کیمیاوی هەڵەبجە بکات

عادل موراد داوا لەباڵوێزی یابان دەکات وڵاتەکەی هاوکاری نەخۆشخانەکانی هیواو بەرکەوتوانی چەکى کیمیاوی هەڵەبجە بکات

عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی پێشوازی کرد لە وەفدێکی باڵای باڵیۆزخانەی یابان لە عێراق کە پێکهاتبوون لە باڵیۆز فۆمۆ ئایوای و سوئیتشی شیمیزو سکرتێری دووەمی باڵوێزخانەکە ، لە دیدارێکیشدا باسیان لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسیەکانی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد و چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یابان یان تاوتوێکرد.


لەو دیدارەدا کە هەریەکە لە (تەلعەت تورکمانی ، عەبدولکەریم حەمە بۆر ، سالار سەرحەد ) ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی ئامادەیبوون، هەڤاڵ عادل موراد پاش بەخێرهاتنی وەفدی میوان رۆڵی وڵاتی یابانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گرنگ وەسف کرد لە پێشکەشکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان ، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەو بوارانەیش کرد کە حکومەتی یابان دەتوانێت هاوکاری تێدا پێشکەش بکات ، بە تایبەت لە بواری تەندروستیدا کە لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەخۆشخانەکان توشی گرفتی کەمبونەوەی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بوون ئەوەش کاریگەری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاوڵاتیان کردوە ، هەر لەو میانەشدا داوای لە باڵوێزی یابان کرد رۆڵ ببینێت لە یارمەتیدانی نەخۆشخانەکان بە تایبەتی نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە چارەسەکردنی نەخۆشیەکانی شێرپەنجە و هاوڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق رووی تێدەکەن ، هەروەها هاوکاری نەخۆشخانەی تایبەت بە بریندارانی چەکی کیمیایی بە دابینکردنی دەرمان و ئامێر و کەلوپەلی پزیشیکی و هەماهەنیکردن لە نێوان پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکان بە کردنەوەی خولی راهێنان و فێرکردن لەسەر چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمياوی کە یابان ئەزمونێکی فراوانی لەوبوارەدا هەیە .

لە درێژەی قسەکانیدا هەڤاڵ عادل موراد دواین گۆرانکاری و پێشهاتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکەی بۆ وەفدی میوان خستەرو وتى :” ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گۆرانکاری تێدەپەرێت ، هەرێمی کوردستانیش توشی چەندین گرفت بوەتەوە لەوانە شەڕی نەگریسی داعش و قەیرانی دارایی ، وتیشی: پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد وشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات و رێگە نەدرێت دیموکراسی و سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان پێشێل بکرێت هەروەها مەلەفی نەوتیش بە شافافانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و داهاتەکەی بۆ میللەتە خەرج بکرێت و ئەم قەیرانی داراییە تێبپەرێنین. راشیگەیاند : یابان دەتوانێت رۆڵی بەچاوی هەبێت لە پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی و سەروەری یاسا و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم وبەغدا .

لەلایەن خۆیەوە باڵوێزی یابان لە عێراق سوپاسی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی کرد رایگەیاند:” لەگەڵ حکومەتی وەڵاتەکەی هەوڵی جدی دەدات بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و کۆمەکی پیۆیست بۆ  نەخۆشخانەکانی هیوا و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە شاری هەڵەبجە ، هەروەها رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی ئارامی و ئاسایش و و پێکەوە ژیان بەگرنگ وەسف کرد.

لەو دیدارەدا هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی بەگرنگیەوە باسی رۆڵی وڵاتی یابانیان بۆ هەرێمی کوردستان کرد و داوایان لە باڵوێزی ئەو وڵاتە کرد کە لەسەرجەم سێکتەرەکاندا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن بەتایبەتیش تەندروستی و پەروەردە .

دواتریش لە سەردانێکی مەیدانیدا وەفدی میوان سەردانی نەخۆشخانەی هیوا یان كرد و لەلایەن د.دۆستی نەجات بەرێوەبەری نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا و باسی چۆنیەتی کارەکان و ئەو خزمەتگوزاریانەی کە پێشکەشی نەخۆشەکان دەکرێت بۆ وەفدی میوان رونکردەوە و سەرجەم دواکارییەکانیان بە راپۆرتێک پێشکەشی باڵوێزی بیابان کرد، هەروەها سوپاسی گرنگیدانی حکومەتی یابانی کرد بۆ نەخۆشخانەکە و هیوایان خواست لە زوترین کاتدا ئەو داواکارییانەیان بۆ جێبەجێ بکرێت .

 

پـــەیـــوەنــدیــدار