فیدڕاڵیەت كورد كردیە نمونەی سیستەمی حوكمڕانی لەناوچەكەدا..

فیدڕاڵیەت كورد كردیە نمونەی سیستەمی حوكمڕانی لەناوچەكەدا..

• ئاشكرایە كە فیدڕاڵیەت، یەكێكە لە جۆرەكانی سیستەمی حوكمڕانی و هەنگاوێكە لە هەنگاوەكان بە ئاڕاستەی دیاریكردنی مافی چارەنوسی گەلان و هەروەهاش شێوازێكی پەیوەندی ئیداری و خۆبەڕێوەبردنیشە لەنێوان ناوەند و هەرێمەكان لەلایەك و لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی گەلانیشدا كە جیاوازی ئیتنی و ئاینی و مەزهەبی و ناوچەییان لە نێواندا هەیە و بەهەر هۆیەك بێت بە زۆر یان بەخۆشی لە چوارچێوەی وڵاتێكی خاوەن سەروەریدا پێكەوە دەژین.
• فیدڕاڵیەت هێندەی مانای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و پێدانی ئازادیی بڕیارەكانە بۆ هەرێم و ناوچە و پارێزگایەكی دیاریكراو نیوهێندە مانای جیابونەوە و جوداخوازی ناگەیەنێت،ئەم ڕاستیە لەسەر زەمینەی واقع دەبینرێت و بەرجەستە بوە لە سەدان ساڵەوە لەو وڵاتانەی كە سیستەمی حوكمڕانیان دیموكراسیە و بەشێوەیەكی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە چەسپێنراوە و دیموكراسیەت لە سیستەمی حكومڕانیەوە بۆتە كەلتوری وڵات و گەلەكانیشی. بەڵام بەداخەوە لەسیستەمی حوكمڕانی تاكڕەوی و شمولیەكاندا لەبەرئەوەی دیموكراسی و بنەماو دروشم و ئایدیاكەی ڕاستۆگۆیانە نەوەرگیراوە و نە كاریشی پێكراوە و نە تێشگەیشتون لێی، هەربۆیە هەمیشە و هەموو هەنگاوێكی كرانەوە و ئازادانە و سەربەستانە لەلایەن سەركردە و حیزب و ڕێكخراوە مەدەنیەكانەوە بە چاوی دوژمنایەتی و ناحەزی و تێكەدەرانە لێی دەڕوانرێت و هەربۆیەش لەسەر ئاستی حیزب و سەركردە و تەنانەت تاكەكانیش هەمیشە هێندەی حەزیان بە سیستەمێكی دیمكتاتۆری هەیە نیوهێندە خواستیان نیە فێری دیموكراسیەت ببن و پیادەی بكەن و بیكەنە بەرنامە و كەلتوری ژیانیان. هەربۆیەش گەلانی ناوچەكە لەپێش دەسەڵاتدارەكانیانەوە جگە لە سیستەمێكی داخراو و ناوەندی و شمولی و تاكڕەوی حەز بە سیستەمی دیموكراسی و كرانەوە و سەربەستی ناكەن و لەوپێناوەشدا فیدڕاڵیەت وەكو بنەمای پەیوەندی نێوان پێكهاتە جیاوزەكانی وڵاتەكانیشیان قبوڵ ناكەن و بەجوداخوازی و هۆكار بۆ جیابونەوە لە قەڵەمی دەدەن و بەهەموو شێوازێكیش دژایەتی دەكەن.
بەداخەوە كۆمەڵگاكان و شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەتیش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ‌ بیكردنەوە و تێگەیشتنی قوڵ بۆ گۆڕانكاریەكانی سەردەم و ناوچەكە ڕاستەوخۆ دەكەونە دوژمنایەتی لەگەڵ هەر بیروبۆچونێكی نوێ‌ كە ببێتە هۆكاری گۆڕانگاری و تازەگەری لەناوچەكەدا، كە هەمیشەش بە زیانی گەورەتر تەواو دەبێت بۆ ئێستا و ئایندەی گەلان و كۆمەڵگاكانی ناوچەكە.
• فیدڕاڵیەت كە كورد لە عێراقدا لە ساڵی 1992 وە بە ڕەسمی كردویەتیە شێوازی پەیوەندی لەگەڵ بەغداد و بەو پەڕی ئازادی و سەربەستیەوە ئەم هەنگاوەی هەڵناوە و بەنیەتێكی پاكەوە بۆئەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بمێنێتەوە و پێكەوە ژیانێكی ئاسایی پیادە بكات و خۆشگوزەرانی دابین بكات و پێشكەوتن و گیانی لەخۆبوردەیی و ئارامی بچەسپێنێت لەناو هەموو پێكهاتەكانی گەلانی عێراقداو لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامیش لە ساڵی 2003دا بەهەمان شێوە توانی كە ئەو جۆرە لە شێوازی حوكمڕانی لە تەواوی دەوڵەتی عێراق و دەستوری هەمیشەیشدا بچەسپێنێت، سەرەڕای هەموو دوژمنكاری و بەربەست و ڕێگریەكان لەلایەن شیعە و سونەی عەرەب و كەمایەتیەكانی تریشەوە بەڵام خۆشبەختانە دوای تێپەڕبونی شەڕی ناوخۆیی و 10 ساڵ ئەوسا هەمووان لە گرنگی و بایەخی فیدڕاڵیەت تێگەیشتن و ئێستا ئەوان لە پێش كوردا داوای چەسپاندنی دەكەن بە ناچاری و لە پێناو مانەوە و بەرژەوەندی خۆیاندا.
• لە ئێستاشدا و لە سوریای ڕاپەڕیوو ماندوو و بەهیلاكچووی دەستی پیلانی تیرۆریستان و ناحەزانی گەلانی ئەو وڵاتە و دوای سەركەوتنە بێوێنەكانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان و لەباكوری سوریادا و دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 2 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی كانتۆنە خۆبەڕێوەبەریەكانی كوردانی ڕۆژئاوا و چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆجێی و تاڕادەیەكیش پاراستنی ئارامی و دابینكردنی خزمەتگوزاریەكان و پێشكەشكردنی نمونەیەكی جوانی پێكەوە ژیانی گەلانی ئەو ناوچانە لە كورد و عەرەب و ئێزیدی و ئاشوری و ئەرمەن و …هتد.هەموان پێكەوە گەیشتنە ئەو بڕیارەی كە لە ڕۆژی 5شەممە 17/3/2016دا بڕیاریاندا كە شێوازی فیدڕاڵیەت پەسەند بكەن بۆ پەیوەندی لەنێوان ناوەند و هەرێمەكەی خۆیان و هەرێمەكانی تریش كە لە ئایندەدا و لەسوریای نوێدا دێنە دروست بوون.
• بەمەش كورد جارێكی تر سەلماندیەوە كە هۆكاری گۆڕانكاری گەورەن لەناوچەكەدا و بەبێ‌ چارەسەری مەسەلەی كورد و گەیشتنیان بە ئامانج و دەسەڵات و حوكمڕانی ئازادانەی خۆیان ناوچەكە هێنمی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت و گەرەكیشە گەلان و وڵاتانی ناوچەكەش ئەو ڕاستیە دانپیادا بنێن كە فیدڕالێەت باشترین شێوازی پێكەوە ژیانی گەلان و مایەی ئاشتی و ئارامی و پێشكەوتنە، وەك هەموو ئەو وڵاتانەی كە پیادەی شێوازی فیدڕاڵیەت دەكەن لە دونیادا وەك ، ئەمریكا و بەڕازیل و سویسرا و ئیماراتی عەرەبی و هندستان و…هتد.
بە چەسپاندنی فیدڕاڵیەت لە سوریای نوێدا ، ئەوا كورد دەبێتە هۆكاری گۆڕانكاری گەورە لە سیستەمی حوكمڕانی ناوچەكەدا و وڵاتانی ناوچەكەش پێیان خۆش بێت یان نا نزیك یان دوور دەبێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ باهۆزی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و دونیاشدا و ئیدی سیستەمە مەركەزی و شمولیەكان بە كۆماری و پاشایەتیەوە ناگونجێن لەگەڵ ڕۆحی سەردەمەكەدا كە تاكڕەوی و خۆسەپاندن و قۆرخكاری دەسەڵات و سیستەمی بنەماڵەیی و میراتگری و پێشێلكردنی مافی كەمینەكان و ناعەدالەتی لەخۆ ناگرێت.
وڵاتانی ناوچەكە هەر لە توركیا و ئێران و سعودیەو …هتد.پاڵوێراوی بەهێزن بۆ گۆڕانكاری لە سیستەمی حوكمڕانیاندا و تیرۆرو تیرۆریستان كە خۆیان دروستكەر و هاندەر و پاڵپشتی مادی و مەعنەوییان دەكردن دەبێتە هۆكار بۆ ئەو گۆڕانكاریانە لەو وڵاتانەداو لە قوڵایی جەماوەر و گەلەكانیاندا.ئیدی فیدڕاڵیەت دەبێتە سیمایەكی گەشی حوكمڕانی ئەم قۆناغ و سەردەمە و دەبێت هەموان چاوی لێبكەن و بۆ دەربازبونی خۆیان و دەسەڵاتەكانیشیان بێت و بۆ مانەوە و درێژەدانیش بە دەسەڵاتیان بێت دەبێت قبوڵی بكەن و فیدڕاڵیەت لەم قۆناغەدا بۆ هەموو ئەو سەركردە و سیستەمە حوكمڕانیە تاكڕەو و خۆسەپێنانە دەبێتە (( پیاڵە ژەهرەكە و بەناچاری دەبێت بینۆشن))و لە فیدڕاڵیەتیشدا ئەو گەل و نەتەوانەی كە كەمینەن دەتوانن بونی خۆیان بسەلمێنن و ببنە كاراكتەری سەرەكی و هۆكاری چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لەتەواوی ناوچەكەدا و كوردیش لە پێش هەموانەوەیە خۆش بەختانەش دونیای ڕۆژئاوای بەهێز و باڵادەست ودیموكراسیش ئەم هەنگاو و مۆدێلەی حوكمڕانی لاپەسەندە.
نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com

پـــەیـــوەنــدیــدار