وەڵامێك لە دژە تیرۆرەوە بۆ ماڵپەڕی کوردستان ٢٤ی مەسرور بارزانی

وەڵامێك لە دژە تیرۆرەوە بۆ ماڵپەڕی کوردستان ٢٤ی مەسرور بارزانی

نوسینگەی راگەیاندنی دژە تیرۆر، وەڵامی هەواڵێكی چەواشەكارانەی كوردستان 24 ی مەسرور بارزانی دەداتەوەو، دەڵێت: دەزگای دژە تیرۆر، هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ ئەو بیانییەدا نییە كە برادەرانی (كوردستان 24) گێچەڵی، گێچەڵی سێكسی پێ دەكەن‌و رەنگە خۆیان باشتر یەكتری بناسن.

دەقی وەڵامەكە:

لە راگەیاندنی دژەتیرۆرەوە ..
وەڵامێك لە راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر بۆ (كوردستان 24)

ماڵپەڕی (كوردستان 24) كە ماڵپەڕی تایبەتی مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرۆكی ماوە تەواوبوی هەرێمی كوردستانە، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەواڵێكدا بڵاویكردۆتەوە گوایە سەربازێكی پێشوی بەریتانی كە لە وڵاتەكەی هەڵاتوەو تۆمەتبار كراوە بە گێچەڵی سێكسی، ئێستا لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆر لە سلێمانی دەجەنگێت دژی داعش. كەناڵەكە، لەپاڵ ئەم درۆ نامەیەدا بە ئاشكرا دەیەوێت، ناوی دەزگای دژە تیرۆر بزڕێنێت، كە سەرباری هەموو چالاكییەكانی‌و قوربانیدانی ئەندامەكانی، بە دەستێوەردانی حزبی، ماوەی شەش مانگە نەسریەكەی بڕدراوەو رەنگە هەر بەو بودجە بڕاوانەش، ئەوچەواشەكارییانەی كەناڵەكەی پێ بەگەڕخرابێت.
راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر جگە لەوەی سەر لەبەری هەواڵەكەی ئەو ماڵپەڕە گوماناوییە بە چەواشەكاری‌و ناوزڕاندنی تێكۆشەرانی گەلەكەمان‌و زوڵم لە خەڵكی سلێمانی‌و كوردستان دەزانین، بۆ بەرچاوڕونی خەڵكی كوردستان، دەڵێین:
1-    بە هیچ شێوەیەك هیچ كەسێكی بیانی، بۆی نییەو ناتوانێت شان بە شانی هێزەكانی دژە تیرۆر، پێشمەرگایەتی بكات.
2-    دەزگای دژە تیرۆر، ناوەندێكی كاریگەری ناسراوە لەسەر ئاستی كوردستان‌و  عێراق‌و تەنها لەگەڵ ئەو بیانیانە كار دەكات كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆیان دیاری كراون.
3-    دەزگای دژە تیرۆر، هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ ئەو بیانییەدا نییە كە برادەرانی (كوردستان 24) گێچەڵی، گێچەڵی سێكسی پێ دەكەن‌و رەنگە خۆیان باشتر یەكتری بناسن.

نووسینگەی راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر

پـــەیـــوەنــدیــدار