راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر، راگەیەندراوێك بڵاو دەكاتەوە

راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر، راگەیەندراوێك بڵاو دەكاتەوە

بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١١ی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی ئەنجومەنی ئاسایش ئەوەیە كە دەبێت بنەما و پرەنسیپەكانی دەستوری و یاسایی هەرێم بپارێزێت. لە ئێستادا كە ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر پێشێلكردنی پرنسیپە دەستوری و یاساییەكانی هەرێم و بەرامبەر پەكخستنی پرۆسەی حوكمڕانی و دیموكراسی لە كوردستان، سنورە ناوخۆییەكەی بەزاندوە و لەسەر ئاستی  نێودەوڵەتییش رەخنەی لێدەگیرێت، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری دەكرێتە ئامانجی هەواڵی چەواشەكارانە. وای دەبینین پەلاماردانی بەریزیان لەم كاتەدا، هەوڵێكی شكستخواردوە بۆ لابردنی سەرنج لەسەر كۆی ناڕەزایە رەواكان لە هەرێمی كوردستاندا بەمەبەستی پەكخستنی چارەسەر و درێژەدان بە قەیرانەكان.

دەزگای دژە تیرۆر، لە پاراستنی گەلی كورد و بەرژەوەندییەكانیدا، لە كوبانییەوە تا حەمرین، رۆڵی یەكلاكەرەوەی خۆی سەلماندوە. سەرەڕای هەموو غەدر و ناحەقییەكان، بە شەونخونی توانیویەتی ببێتە جێی متمانە و ئارامیی بۆ خەڵكی كوردستان.هەر ئەو خەبات و فیداكارییەش شەرعییەتی داوەتێ. بۆیە دەزگای دژە تیرۆر نەپێویستی بە دانپێدانان و ئافەرینی شكستخواردوانی بواری ئەمنی دەبێت و نە رێگەش دەدات قوربانیدانەكانی بخرێنە خزمەت پیلانە ئیقلیمییەكانەوە لە دژی بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستان.

دەزگاكه، لە پێناو زامنكردنی سەقامگیری بۆ هەرێمی كوردستان كە كۆڵەكە گرنگەكانی بریتین لە هاوكاری،دیموكراسی و ئاسایش و دابەشكردنی دادپەروەرانەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكان بۆ هێزی پێشمەرگە، چەند جارێك لە رێگەی تایبەت و گشتییەوە، نیگەرانی و پێشنیارەكانی خۆی بۆ چارەسەكردنی كەموكورتییە ئەنقەستەكان راگەیاندوە. بەڵام لەبری هەوڵدان بۆ چارەسەری ئەم كێشانە، مەسروری مەسعود لە كەناڵە فەرمی و نا فەرمییەكانەوە، پەلاماری ناڕەوای داوە و پێی وابوە بە قۆرخكردنی بودجە و پشتیوانی و پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و سودوەرگرتن لە راگەیاندنی چەواشە، شانازییەكانی دەزگاكەی بۆ دەشاردرێتەوە.

خۆزگە ئەنجومەنی ئاسایش لەبری دەركردنی بەیاننامەی فەرمی یەك لە دوای یەك لە دژی بەڕێز بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری كە كۆڵەكەیەكی سەرەكی ئاسایش و سەقامگیری كوردستانە، خۆی بخستایە خزمەت بەرژەوەندییەكانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە.

نووسینگەی راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر
28-3-2016

پـــەیـــوەنــدیــدار