به‌ ته‌بایی و یه‌کریزی ده‌توانین وه‌ڵامی هه‌زاران پیره‌مێرد بده‌ینه‌وه‌

به‌ ته‌بایی و یه‌کریزی ده‌توانین وه‌ڵامی هه‌زاران پیره‌مێرد بده‌ینه‌وه‌

 

هیوا سه‌رهه‌نگ / هۆڵه‌ندا

 

گه‌رچی شاعیری گه‌وره‌ ( پیره‌مێرد )ی نه‌مر گوڕ و تینێکی بێ هاوتای دایه‌ یادکردنه‌وه‌ی رۆژی ( نه‌ورۆز ) و کردیه‌ گڕ و کڵپه‌ و بڵێسەی گیانی پیرۆزی نه‌ته‌وایه‌تی و کۆکردنه‌وه‌ی کوردێکی زۆر له‌یه‌ک شوێنی تایبه‌تدا به‌ مانای یه‌کبوون و یه‌کگرتنی وزه‌ و تواناکان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زوڵم و زۆر و هێزی داگیرکه‌ر، به‌ڵام تاسەو تینووێتی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری بۆ پیرۆزڕاگرتنی بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی بۆ هه‌میشه‌ جه‌ژنی ( نه‌ورۆز )یان کرده‌ سمبولی پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کیش بوو بۆ دوژمنان و شۆڤێنیستانی دژ به‌ نه‌ژادی نه‌ته‌وه‌ی کورد.

پیره‌مێرد، ئاگری شۆڕشێکی وه‌های هه‌ڵگیرساند تا ئێستاش هه‌زاران که‌س له‌ رۆڵه‌کانی ئه‌م میلله‌ته‌ سته‌مدیده‌یه‌ خۆیان ده‌که‌نه‌ سووته‌مه‌نی ئه‌و شۆڕش و گۆڕانکاری و به‌رزڕاگرتنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، هه‌روه‌ک له‌ شیعره‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی ( نه‌ورۆز ) دا ده‌فه‌رمووێ:

نه‌ورۆز بوو ئاگرێکی وه‌های خسته‌ جه‌رگه‌وه‌

لاوان به‌ عه‌شق ئه‌چوون به‌ به‌ره‌و پیری مه‌رگه‌وه‌

گڕوتینی ( نه‌ورۆز )و پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی بوو یه‌ک پارچه‌ ریزه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری رێکخست و راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی 1991 / ی له‌دایکبوو. ئه‌و کوڵ و که‌ف و یه‌کگرتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریش جارێکی تر له‌ کۆتایی مانگی ئاداردا وه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی تووڕه‌بوون و نه‌ویستی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی دیکتاتۆر و داگیرکه‌ر .. یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست شاره‌کانی کوردستانیان جێهێشت و روویان کرده‌ دۆڵ و چیا سه‌خته‌کان و کۆڕه‌وی ملیۆنییان سازدا، تا جارێکی تر ببنه‌وه‌ دژه‌ هێڕشی دوژمنان و داگیرکەرانی خاک و نیشتمان، هەروەها بۆ هه‌موو میلله‌تانی جیهانیشی بسه‌لمێنن، میللەتی کورد نایه‌وێت له‌ ژیانی کولەمەرگی و بنده‌ستی و کۆیله‌تیدا چیتر بمێنێته‌وه‌.

خۆ گه‌ر سه‌یری به‌ پیرۆز ڕاگرتنی ( نه‌ورۆز ) له‌لایه‌ن ( پیره‌مێرد ) و چۆنیه‌تی هه‌وڵی یه‌کخستنی ریزه‌کانی میللەت بده‌ین لای ( پیره‌مێرد )، ده‌بێت بە یه‌ک دڵ و یه‌ک ده‌نگ له‌ هه‌وڵی پیرۆزڕاگرتنی بانگه‌وازه‌کانی ئه‌و شاعیر و فه‌یلسوفه‌ی کوردا بین و خۆمان یه‌کخه‌ین و ریزەکانمان بەهێز و تۆکمە بکەین و ئاهه‌نگی نه‌ورۆز و پێناسه‌ی میلله‌ت      له‌ نێو میلله‌تانی دنیادا به‌ یه‌ک به‌رزکه‌ینه‌وه‌ .. دیاره‌ ئه‌مانه‌ش بێ سەقامگیری ئاشتی ته‌واو و  ته‌بایی و رێکخستنی نێو ماڵی کورد جێگیر نابێت و ته‌نیاو تەنیا به‌ یه‌کڕیزی و  ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌کتر، ده‌توانین وەڵامی پڕ وه‌فایی هه‌زاران ( پیره‌مێرد ) بده‌ینه‌وه‌.

hsarhang@yahoo.com

پـــەیـــوەنــدیــدار